ئامینە محەمەد: ژنانی ئەفغانستان بێبەش بوون لە ژیانێکی شکۆمەند
ئامینە محەمەد، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سنووردارکردنی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە لە ژێر هێرشی بەردەوامدایە، و ژنان بێبەش بوون لە ژیانێکی شکۆمەند.
ناوەندی هەواڵ
ئامینە محەمەد، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی سنووردار کردنی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی: سنووردار کردنی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ژێر هێرشی بەردەوامدایە و دەبێت لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بەردەوام بین.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەکردنەکان زیادکراون و ژنان بێبەش بوون لە ژیانێکی شکۆمەند، پابەندبوونی من بە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای ئیسلام نەگۆڕە لە کاتێکدا تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە مافەکانی ژنانی بەپێی شەریعەتی ئیسلام دەستەبەر کردووە.
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دوای سنووردارکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن تاڵیبان، ئامینە محەمەد گەشتی بۆ ئەفغانستان کرد بۆ تاوتوێکردنی قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.