لە پانێڵی ساڵیادی شەهیدبوونی گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین: دەبێت ژنی ڕۆژنامەنووس پارێزبەندی هەبێت

لە دووەمین ساڵیادی شەهیدانی ڕاگەیندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، بە بەشداری بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێ و هاوکارەکانی، بە دروشمی "بۆ یادی شەهیدانی ڕاگەیاندن، دەبین بەدەنگی ڕاستی و دادپەروەری" پانێڵێک بەڕێوەچوو.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین کە لە ۲۳ ی ئابی ۲٠۲٤ لەسەر ڕێگەی سەیدسادق- سلێمانی، بە هێرشی درۆنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەهید بوون، بە ناونیشانی " بۆ یادی شەهیدانی ڕاگەیاندن، دەبین بەدەنگی ڕاستی و دادپەروەری" پانێڵێک سەبارەت بە پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و بەهێزکردنی کۆدەنگی نێوانیان، بە بەشداری بنەماڵەی شەهید هێرۆ بەهادین و هاوڕێ و هاوکارەکانی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، هەروەها بە بەشداری پانێڵیستان سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، سارا قادر ، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ، پەیمان عیزەدین، پارێزەر، پانێڵێک بەڕێوەچوو. 

 

سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ ڕۆحی هەردوو شەهید و سەرجەم شەهیدان ڕێز لە شەهیدان گیراو پاشان دەست بەپانێڵەکە کرا. 

 

"٤٠ ڕۆژنامەنووس بە فیزیکی و جەستەی لە لایەن داگیرکەرەوە بە ئامانج گیراون"
سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس و هاوکاری هەردوو شەهید وتی: بە ئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووس تراژیدیترین جۆری شەهیدبوون بوو کە دووساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامدرا، هەردوو ڕۆژنامەنووس چەندین ساڵ کارو خەباتیان لە ڕاگەیاندنی ئازادا هەبووە، لە چەندین دەیەی ڕابردوودا ٤٠ ڕۆژنامەنووس بە فیزیکی و جەستەیی لە لایەن داگیرکەرەوە بە ئامانج گیراون، لە دەرەوەی هەرێم سەدان کەس بە ئامانج گیراون، ڕەگەزگەرایی لە ناو میدیاکاندا بەرامبەر ژنن ئەنجام دەدرێت، ڕەگەزگەرایی لەناو میدیاکاندا ئەقڵیەتێکە کە ڕەگوڕیشەی هزری قوڵی هەیە، ژن دەکرێتە هێزێک بەرامبەر ژنان، جیاکارییەکان زۆرجار بەرامبەر ژنان زەق نییەو ژنان هەستی پێناکەن، ژنان بە بیانووی نەرم بوونیان چەند بابەتێکی کەمیان بۆ کار  هەیە، بەڵام پیاوان بەهۆی هەژموونی دەسەڵاتیانەوە کاری سەربازی و سیسییان بۆ داندراوە، کاتێک تیرۆری کەسایەتی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ژن دەکرێت، سیستمی سەرمایەداری بەسەردا دەسەپێنێت، پێوەرەکانیش توندوتیژییەکی سەرمایەدارییە کە لەکاتی وەرگرتنیان بۆ کاری ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەنووسێک، پیاوان دەنگ و هێز و ڕێکپۆشییە، بۆ ژن لەشولار و جسمیەتی، هەتا ژن لە سۆسیۆلۆژی و سیاسەتدا قوڵنەبێتەوە ئەوا لە توندوتیژییەکان تێناگات، پێویستە ژن شوناسی خۆی بناسێت. 

 

"کاتێک ژنێک دەچێتە کاری ڕۆژنامەوانیەوە دەبێت پارێزبەندی هەبێت"
سارا قادر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ وتی: دەبێت بە کردەیی بیسەلمێنین و بیسەپێنین کە چین و چۆن کار و خەبات دەکەین، لەڕووی خوێندەواری و پزیشکی و سەرجەم بوارەکندا ژنان کار و خەبات دەکەن، بە لێشاوێکی بێشومار ژنانی پەروەردەکارمان هەیە کە جێدەستیان دیارە، هەروەها لەڕووی بازاڕگەرییەوە ژنانی بۆکار ڕاکێشاوە، ڕاستە تۆڕی کۆمەڵایەتی زەرەری بە دۆزی ژن گەیاندووە، بەڵام ژنان بۆ دەرخستنی تواناکانیان پشتی پێدەبەستن، ئێمە ئەگەر لە بوارەکاندا بمانەوێت تێڕوانینی ژن و کۆمەڵگە بگۆڕین، هەموو سەرکەوتنەکانی ژنان بۆ دەستکراوەیی ژنان گرنگە، بۆ سەرکەوتنەکان پێویستیان بە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەیە، پێویستە خێزانەکان ڕۆڵیان لە پێشخستنی ژنان هەبێت، هەتا پرسی ژنان نەبێتە پرسی کۆمەڵایەتی ناتواندرێت باش کار لەسەر تواناکان بکرێت، ئەو سیاسەتەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات ناهێڵێت توانای ژنان بەرەوپێشبچێت، بەڵام لە ئاستی میدیاییدا دەبێت کاری باشتر بکەین، لەڕووی خوێندەوارییەوە دەبێت ژنان خۆیان پڕچەک بکەن، کاتێک ژنێک دەچێتە کاری ڕۆژنامەوانیەوە دەبێت پارێزبەندی هەبێت، هەست بە پارێزراوی بکات، مافی کارو پارێزەری وەک پیاوێكی ناو کارەکەی بێت، پێویستە تۆڕێکی هاوبەشمان لەگەڵ ژنانی ڕۆژنامەنووس هەبێت، ژنانی ڕاگەیاندن پەیوەستبن بەیەکەوە، پێویستە کار لەسەر توندوتیژی و دۆسیەکانی بەرامبەر ژنی ڕۆژنامەنووس بکرێت، بەجدی کارو خەبات بکەین، پێویستە ژنان شەڕ بۆ دەستکەوتنی ئازادی و ماف بکەن.

 

"لە یاسای ڕۆژنامەگەریدا باسی ژنی ڕۆژنامەنووس نەکراوە"
پەیمان عیزەدین، پارێزەر وتی: بابەتی تیرۆرکردنی ژن لەسەر پەیامی سیاسی تیرۆر دەکرێت، کە لە چوارچێوەی یاسای تیرۆردا جێگەی دەبێتەوە، وەک کەیسی ناگیهان ئاکارسەل کە لە دادگا لە چوارچێوەی تیرۆر جێگەی بووەوە، هەروەها سەرجەم کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووس هەر تیرۆرە بەڵام دەگۆڕێت، یاسای ڕۆژنامەگەری لە پێنج بڕگەدا باسی یاسای ڕۆژنامەنووسی کردووە، بەڵام باس لە مافی ژنی ڕۆژنامەنووسی تیا نەکراوە، باس لە توندوتیژیییەکانی بەرامبەر ژنی ڕۆژنامەنووس ناکات، بەڵام دەتواندرێت یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکا کاری لەسەر بکەن و مافی ژنی ڕۆژنامەنووس بەدەستبهێندرێت، پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس پارێزبەندی بۆبکرێت کە مافیان بەدەستبهێندرێت، بۆیە دەبێت لە قۆناغیکدا سزای توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بە بیانووی ژن بینینەوە توندبکرێتەوە، هەروەها هەبوونی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان هەبێت، مەکۆیەک هەبێت تا ڕۆژنامەنووسان هۆشیاری ڕاگەیاندن و کارکردن لە ڕۆژنامەوانیدا وەربگرن، بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کارەکەیدا بکات. 


"ئێمە درێژەدەری ڕێگەی هەردوو شەهید دەبین" 
بەهرە عومەر ، ڕۆژنامەنووس و هاوکاری هەردوو شەهید وتی: لە ڕێگەی پانێڵێکەوە بۆ ساڵیادی شەهیدبوونی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین، پانێڵێک لەڕووی یاسایی و ڕۆڵی ژنان لە ناو ڕاگەیاندنی ئازاددا، بە بەشداری چەندین کەسایەتی دیارو هاوڕێ و هاوپیشەکانی هەردوو شەهید ئەنجام دەدرێت تا بتوانین کۆمەڵێک پرسی گرنگ لە چوارچێوەی کاری ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بوروژێنین، تا بتواندرێت هۆشاربن لە کارو خەباتی کارکردنیاندا، هەروەها دروستکردنی کۆدەنگییەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی هاوڵاتیان و ڕاگەیاندنی ئازاد، تا بتواندرێت پارێزراوانە کاری میدیایی ئەنجام بدرێت. 


" داری ئازادی بەخوێن ئاونەدرێت بەر ناگرێت" 
سۆکار حەیدەر، ڕۆژنامەنووس باسی لەوەکرد، کارکردن لەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوان سەخترین و بە ئازارترین جۆری کوشتنە، چونکە ڕۆژنامەنووسان دەنگی ڕاستییەکانن، وتی: ڕۆڵی ژن لە ڕاگەیاندندا بەرچاوە، هەرکەس دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە ڕاگەیاندندا هەبێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی کاری پێدەکرێت ژنان لە ڕاگەیاندندا بەکار دەهێندرێت، زۆر جار ژنان پشتگیری پیاوانە لە دەزگاکەدا بەرجەستەدەکەن بە هۆکاری دورنەخستنەوەیان لە کارەکەیاندا، ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی کێشەکانی ژنان لەناو دەزگاکەیاندا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داری ئازادی بەخوێن ئاونەدرێت بەر ناگرێت، هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ڕێگای گەیاندنی دەنگی ئازاد شەهیدبوون، پێویستە بۆ دەربڕینی ئازادیی قوربانی بدرێت، دەبێت ژنان پاشەکش لە ڕاگەیاندن نەکەن تا بتوانن دەنگی ژن و ئازادیی بگەیەنیە کۆمەڵگە. 


لە کۆتایی پانێڵەکەدا میوانەکان و پانێڵیستان گفتوگۆی فراوانیان ئەنجامدرا.