ئاماری قوربانیانی شوێنی کار ڕاگەیەندرا

کۆمیتەی ١ی ئایار، ئاماری قوربانییەکانی شوێنی کاری لە چوار مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٥ی بڵاوکردەوە.

سلێمانی

 

٢٨ی نیسان، لە سەنتەری میترۆ لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆمیتەی ١ی ئایار، ئاماری مانگی کانوونی دووەمی تا مانگی نیسانی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە، تێیدا بانگەوازێک کرا بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوانێکی فراوان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە.

 

شاباز مەحمود، ئەندامی کۆمیتەی ١ی ئایار، وتی: ئێمە لێرەین بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە، کە ٢٨ی نیسان لە هەموو جیهاندا بە ڕۆژی کرێکاران دادەنرێت، کۆمیتەی ١ی ئایار ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەی بۆ سێ شت ڕێکخستوە، ئەوانیش: ''ئاماری قوربانیانی کوردستان، ئاماری قوربانیانی عێراق و جیهان، ئاگاداری بۆ ڕێپێوانێکی گەورە کە ڕۆژی یەکی مانگ لە شاری سلێمانی دەبەسترێت''.

 

سەرەتا بە ئاماری ئەو کارکەرانەی لە شوێنی کار بوونەتە قوربانی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، ڕایگەیاند: کۆمیتەی ١ی ئایار لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە دەیەوێت سەرنجی کۆمەڵگە ڕابکێشێت بۆ مەیدانە ترسناکەکانی کارکردن، لەم چوارچێوەیەشدا کۆمیتەی یەکی ئایار ساڵانە ژمارەی قوربانیانی شوێنی کار ڕادەگەیەنێت، بەداخەوە مەترسی دۆخی کرێکاران لە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار و نەبوونی پێداویستیەکانی خۆپارێزی و نا هۆشیارکردنەوەی کرێکارانە لە لایەن کۆمپانیا و خاوەن کارەکانەوە، ئەمانە و چەندین هۆکاری تر وایکردوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکانی قوربانیانی شوێنی کار بەرزبێتەوە، ئەوەی لێرەدا ڕایدەگەیەنین ئاماری چوارمانگی ئە کرێکارانەیە کە لە شوێنی کاردا بوونەتە قوربانی، دواتریش بەگشتی ئامارەکان تر بڵاودەکەینەوە، لە ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بۆ ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا ١٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، کە لە شارەکان بەمشێوەیە بوو: "لە سلێمانی ٤ قوربانی، لە هەولێر٥ قوربانی، لە دهۆک ٣ قوربانی"، هۆکارە باوەکانی قوربانیەکان ئەمانەبوون: "کەوتنە خوارەوە، کارەبا گرتن، کەوتن بەژێر ئامڕازەکانی کارکردنەوە، خنکان"، تەمەنی قوربانیەکان لە نێوان ١٧ ساڵ بۆ ٦٨ ساڵیدا بووە، شایەنی بیرهێنانەوەیە ساڵی ٢٠٢٤، کۆی گشتی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان ٤٧ کرێکاربووە، بەم شێوەیەی خوارەوە: "سلێمانی ٢٥ قوربانی، هەولێر ٢٦ قوربانی، دهۆک ٦ قوربانی"، واتە لە ١٦ مانگی ڕابردوودا، بە گشتی ٥٩ کرێکار بەهۆی ڕوداوی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە بۆیە ویستمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا میدیاکان ڕوماڵی ئەم ئامارانە بکەن، چونکە بە بڕوای ئێمە ناوەندەکانی کار ناسەلامەتن.

 

عوسمان زیندانی، سەرۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی، ئامارەکانی عێراق و جیهانی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند: " سەلامەتی پێش هەموو کارێکە"، کرێکارانی بیر و بازو و جەماوەری کوردستان، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە جیهاندا بە ڕۆژی "سەلامەتی شوێنی کار" ناسراوە، ئێمە لە کۆمیتەی ١ی ئایار وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانی بە پێویستی دەزانین کە یادی ئەو ڕۆژە بکەینەوە، بەتایبەت لەم سەروەختەدا کە دونیایی سەرمایەداری لە خراپترین حاڵدایە، بەڵام بەردەوامە لە ستەمکاری و نادادی بەرامبەر مافی کرێکاران، کە یەکێکە لە حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکان، خراپی هەلومەرجی کار و ژینگەی کار بۆتە جێگای مەترسی بۆ کرێکاران، هەر بۆیە بزوتنەوەی سەندیکایی و کرێکاری جیهان لە ساڵی ١٩٩٦وە، هەستاون بە یادکردنەوەی قوربانیانی شوێنی کار، وەکو فشارێکی کرێکاری دژ بە سەرمایەداران و حکومەتەکانیان و وەک ڕێزلێنانێکیش لە قوربانیان، هاوکات ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠٧وە، بەردەوام ئەم ڕۆژە یاد دەکاتەوە و خستۆتیە ڕۆژمێری کارەکانیەوە، بەپیی ئاماری ئەم ڕێکخراوە جیهانیە  گیانلەدەستدانی کرێکاران مەرگەساتی هێناوە بۆ ناو پرۆسەی کارو بەرهەمهێنان، بەم شێوەیە: ساڵانە ٣٥٥٠٠٠ هەزار کرێکار لە کاتی کارکردندا دەست بەجێ گیان لە دەست دەدەن، بە کۆی گشتی ساڵانە ٢٧٠ ملیۆن کەس بەهۆی ڕوداوی پیشەیی و کارەوە گیان لە دەست دەدەن، ١٦٠ ملیۆن بەهۆی بەرکەوتن و نەخۆشی پەیوەست بە کارکردنەوە گیان لە دەست دەدەن، کە ڕۆژانە ٥٠٠٠ هەزار کەس بەهۆی تووش بونی بە نەخۆشی کە هۆکارەکانی مانەوەی زۆری  لەسەر کار و ژینگەی خراپی کارکردنەوە گیان لەدەست دەدەن، لە عێراقدا بە پێی ئاماری ناوەندی نیشتمانی تەندروستی و پیشەیی لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ١٣١٣٦ ڕوداوی کار هەبووە بە هەموو جۆرەکانیەوە " نەخۆشی، برینداربوون، پەکەوتەی، مردن"، کە تەنها گیان لەدەستدانی ٦٩ کرێکار تۆمارکراوە، بەپێی وتەی دامەزراوەی نیشتمانی عێراقی بۆ تەندروستی و پیشەیی کە خاوەنکارەکان ئاگاداری دامەزراوەکە ناکەن لە سەر ڕوداوی کار، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و ڕێکارەکانی سەلامەتیە، لە ڕاستیشدا ئەم بەرپرسیارێتە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە کە کەم تەرخەمە لە چاودێریکردنی ڕەوشی شوێنی کار، بۆ چارەسەری ئەم ڕەوشە خراپەی ژینگەی کار، پێویستە لە هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر: ناوەندی نیشتمانی بۆ سەلامەتی تەندروستی و پیشەیی کارێکاران دروست بکرێت، بەڕێوبەرایەتی تایبەت بە پشکنین لە پارێزگاکان بکرێتەوە، نوێنەری کرێکاران و سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاریەکان بەشداربن لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەت لە بارەی سەلامەتی کرێکارانەوە، زیادکاردنی دادگای کار و کردنەوەی لە ئیدارە سەربەخۆکاندا، دیاریکردنی بودجەی تایبەت لە پرۆژەکاندا بۆ سەلامەتی کرێکاران و ڕاهێنانیان.

 

نەبەز جەمالەدین، ئەندامی لیژنەی کۆمیتەی ١ی ئایار، بانگەوازێکی خوێندەوە، وتی: بەبۆنەی ١ی ئایارڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕێپێوانێکی جەماوەری و مەراسیمێک ڕێکدەخرێت، کە ڕۆژی پێنج شەمە ١ی ئایاری ٢٠٢٥، کاتژمێر ٤ی ئێوارە، لە شەقامی سالم، لە سەهۆڵەکەی شاری سلێمانیەوە بۆ بەردەم باخی گشتی بەڕێوەدەچێت، هاوڕێیانی کرێکار و خەڵکی بێبەش و ئازادی خواز، لاوانی دڵپر لە هیوا، بۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنوسی چینی کرێکاری جیهانی، بە مەبەستی نوێکردنەوەی پەیامی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی چینایەتیمانەوە، داواتان لێدەکەین خۆتان و خێزانتان و هاوڕیی و هاوپیشەکانتان، بە شداری ئەم چالاکیە بکەن، بژی ١ی ئایار ڕەمزی نا وتن.