"ئامانج لە زیندانی کردنی ژنانی ئازادیخواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیندانیکردنی فکرێکی ئازاد و کوردایەتییە"
نووسەر کنێر عەبدوڵا دەڵیت: ژنانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی چالاکییەکانیان هاوخەمی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، یەکبوونی ژنانی کورد بۆ ڕوبەڕووبونەوەی داگیرکەران ئازادی خاک بەدەستدەهێنێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنان بەردەوام لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە دەکرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی زیندانی کردن دەبنەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی ئازادیخواز لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ڕووبەڕووی زیندانی و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان دەبنەوە، لە ئێستادا نمونەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی هەیە،کە لە زیندانەکاندا بڕیاری لە سێدارەدانیان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەسەردا سەپێندراوە، لە ٨ی کانوونی دووەم بڕیاری لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و چوار لە زیندانییەکانی دیکە درا، گەلی ڕۆژهەڵات و تەواوی ژنانی ئازادیخواز لە پارچەکانی کوردستان دەنگی ناڕەزایان هەڵبڕی، لە ئەنجامدا گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیگەی چالاکییەکان و پەیامەکانیانەوە، هەوڵی ڕێگریکردن بۆ لە سێدارەدانی دەدەن، لە ڕێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەل و لە ناویاندا ژنان تواندرا بڕیاری لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی بۆ ماوەیەکی نادیار دوابخرێت، بۆیە ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان هەوڵی ڕزگارکردنی تەواوی زیندانیانی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن.
"ئازادبوونی ژنی کورد ئازادبوونی خاکی کوردستانە "
کنێرعەبدوڵا، نووسەرو ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی ژنانی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بەشێکە لە کورد بوون و ڕەگەزبوونی ژنی تێدا بەدی دەکرێت، پشتیوانی کردن لە هەر یەکێکیان سەرکەوتنی ژنان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەک هەبوونی مافی تاک و جارنامە جیهانییەکان هەر مرۆڤێک دوور لە ڕەگەز و چینایەتی و ئایین ئازادە لە ڕادەربڕیندا، پاشان ژنان لە ناویاندا سەرەڕای ئازادییەکان هەردەم لە هەوڵی ئازادبوونن تا بتوانن ئازادانە بۆچوونەکانیان دەرببڕن، هەروەک شۆڕشەکانی ژنان و لە ناویاندا شۆڕشی ژینا ئەمینی کە تێیدا هەول بۆ دەربڕینی ئازادییەکانی ژنان درا، هەبوونی ئەو ئەقڵیەتەی لە ڕۆژهەڵات و تەواوی پارچەکانی کوردستاندا پەیڕەودەکرێت، بۆتە هۆکار ئەوەی زۆرێک لە ژنان بەهۆی هەبوونی بیروڕاکانیان و هەوڵدان بۆ مافەکانیان لە زیندانەکاندا ڕوبەرووی ئەشکەنجە و لە سێدارەدان ببنەوە، کە تەواوی ئەو توندوتیژییانە دوورە لە مافەکانی ژنانەوە، پێویستە ئەم ژنانە بە گوێرەی بەندە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، سزادانی زیندانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو تێکۆشەرانەی بەرگری لە خاک و نیشتیمان و مافەکانیان دەکەن، دژ بە مافەکانی مرۆڤە کە پێویستە هەر تاکێکی کورد بۆ ئەو بڕیارانە ناڕەزای هەبێت.
"لە کیانی سیاسی کورد دەترسن"
کنێر عەبدوڵا ئەوەشیخستەڕوو، تەواوی دوژمانی کورد لە هەبوونی کیانێکی سیاسی کورد هەڵوێستە دەنوێنن و دەترسن، ئامانجیان لە زیندانی کردنی کوردان نەگەیشتنی کوردە بە مافە نیشتیمانی و پێگە سیاسییەکانیان، وتی: کوشتن و لە سێدارەدان و زیندانی کردنی ژنان لە ڕۆژهەڵات و تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە ئامانجی لە ناوبردنی ئەو شۆڕشەیە کە ژنان بۆ دروستکردنی ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن، چالاکییەکانی ژنان و هێزی ژنان بە ڕەفتار و کردار بەرەوپێشچونەکانیان سەلماندوە، ئەو هێزەی ژنانە تەواوی دوژمنانی کورد هەوڵ بۆ لەناوبردنی دەدەن، زیندانی کردنی ژنان بە ئامانجی زیندانی کردنی فکرێکی ئازاد و لێدانە لە کورد، هەبوونی ئەو گرێدانەی ژنان بە پرسە سیاسیی و نەتەوەیەکانەوە بۆتە هۆکاری لێدانی دەوڵەتانی داگیرکەر، لە ناوبردنی هەر یەکێکیان لە ناوبردنی تەواوی ئازادییەکانە لە لایەن داگیرکەرانەوە، لە ناویاندا هێزە سیاسییەکانی کورد لە ناوخۆی کورددا پشتیوانی و سیخوڕی بۆ تەواوی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ دەدەن، پێویستە هەر تاکێک و لایەنە سیاسییەکان هەوڵی پشتیوانی کردن بۆ تەواوی چین و توێژەکانی کورد بدەین، تا لە ڕێگەی هێرشەکانیانەوە خاک و وڵاتمان بەرەو لە ناوچوون نەچێت.
"پشتیوانی ژنانی کورد ئەرکێکی گرنگە"
لە کۆتاییدا جەختی لە پشتیوانی و خاوەندارێتی کوردی بۆ تەواوی ژنانی کورد کرد، وتی: پشتیوانی کردنی ژنان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندابن ئەرکێکی گرنگە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی چینایەتی و حزبایەتی کارێکی قبوڵکراو نییە، دەنگبەرزکردنەوە و پشتیوانی کردن لە هێزی بەرخۆدانی ژنان ئەرکی هەر تاکێکی کوردە بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناویاندا ژنانی باشووری کوردستان بەردەوام لە یایەن چالاککوان و ئازادیخوازانەوە لە هەوڵی بەرەنگار بونەوە و پشتیوانی کردنی ژنانی ڕۆژهەڵای کوردستانن، بەردەوام لە ڕێگەی چالاکی و ڕاگەیەندراو و ڕژانە سەر شەقامەکان لە لایەن ژنانەوە، دەرخستنی پشتیوانیان بووە لە هەرجێگەیەکدا بووبن، یەکبوونی تەواوی کورد ئازادی تەواوی کورد بەدەستدەهێنێت.