یادی مەرگی چنار و هێمن كرایەوە
لە شارۆچکەی سەیدسادق ٣٠یەمین ساڵیادی مەرگی چنار و هێمن بەرزڕاگیرا کە ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوان لە یادەکەدا بەشداربوون.

ناوەندی هەواڵ
چنار و هێمن ناوی تەواویان "چنار ناسیح عەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ و هێمن ناسیح عەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ لە گوندی برایم غوڵامی سەربەناحیەی قادر كەرەم لە دایك بوون، بەهۆی شاڵاوی ئەنفالەوە لەساڵی ١٩٨٨ لەنازی باوكیان بێ بەش بووبوون، لە ساڵی ١٩٩١دوای كۆڕەوە مەزنەكە، ئاوارەی قەزای سەیدسادق بوون لەئۆردوگای شانەدەر نیشتەجێ بوون، هەردووكیان خوێندكاری لە خوێندنگەیەکی قەزای سەیدسادق بوون، لە ئێوارەی ٧ی کانونی دووەمی ١٩٩٢ لەگەڕانەوەیان لە خوێندنگەوە بۆماڵەوە بەهۆی بەفروبارانەوە رێگەی ماڵەوەیان لێ وون دەبێت، پاش شەوێك مانەوە لەناو بەفرو سەرما گیان لەدەست دەدەن.
لەمەراسیمێکدا کە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و نوێنەرانی دەزگا حكومیەكانی سەیدسادق ئامادەبوون، یادی ٣٠یەمین ساڵیادی مەرگەساتی چنارو هێمن بەڕێوەچوو، چەندین چالاكی جۆراو جۆری تایبەت پێشكەش كران و بڕیاریشە لە ڕۆژانی دواتردا چالاكی تر ئەنجامبدرێت.