وەڵامدانەوەی مێژوویی ژنان بۆ بانگەوازێکی مێژوویی

لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی لە شاری حەسەکە، ژنانی هەموو نەتەوە و زمانەکان کۆبوونەوە و بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی ٨ی ئاداردا کرد ئەمەش لە وەڵامی بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو.

حەسنا محەمەد

 

حەسەکە - ڕۆژی جیهانی ژنان کە هەموو ساڵێک لە ٨ی ئاداردا بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بۆ ژنانی کورد واتای تایبەتی هەبوو، لە بەرامبەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەرنامەی جۆراوجۆریان ئەنجامدا و بە تامەزرۆییەوە لە مەیدانەکاندا کۆبوونەوە بۆ گوێگرتن لە پەیامەکەی.

 

سۆز و جۆش و خرۆشی ژنان منی بۆ مەیدانی ٨ی ئادار لە شاری حەسەکە ڕاکێشا تا بە کامێراکەمەوە ڕۆحیان لەسەر ڕێگای خەباتی ئازادی بگرم، ژنانی عەرەب، سریانی،چەرکەس، ئەرمەنی و کورد مەیدانەکەیان پڕ کرد لە هێما کولتوورییەکانیان، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، هەمەچەشنی کولتووری بەشداربووان بوو، لەو ڕۆژەدا مەیدانی حەسەکە بە تازەیی ٨ی ئادار کە هێمای بەهار و ژیان بوو، دەدرەوشایەوە.

 

هەموو گەلان دەست لە دەستی یەکدا

لە کاتی ڕۆیشتن بە مەیدانی ئاهەنگەکاندا، یەکسانی گەلان و ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لە ڕێگەی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پلانەکەی بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، سەرسام بووم، لە هەڵپەڕکێی گروپیدا، فرەچەشنی کولتووری ناوچەکە بە جوانی نمایشکرا، کە خودی چەمکی هەڵپەڕکێی ئازادی بەرجەستە بوو، ژنان سنوورە نەتەوەییەکانیان تێپەڕاند و تەنیا بە ناسنامەی ژنان لە مەیدانەکەدا ئامادە بوون.

 

لە بەرامبەر گۆڕەپانەکەدا، سەرەڕای بارانبارین، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ئیرادە و بە چەقبەستوویی بەردەوام بوون لە ئاهەنگەکەیان، هەرگیز وێنەی ژنان لەبیر ناکەم کە لە ژێر باراندا ئاڵای سەرکەوتنیان بەرز دەکەنەوە.

 

بینینی ئەم ژنە تێکۆشەرانە مایەی هێز و ئیلهام بوو، ئەوان لە نێو باراندا بەو جۆش و خرۆشەوە گوێیان لە پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگرت کە حەماسەتیان لەو ساتانەدا پێناسە نەدەکرا. لەم کۆبوونەوەیەدا ژنان ڕایانگەیاند کە بۆ ئەوان هەموو ڕۆژێکی ساڵ وەک ٨ی ئادار وایە.

 

پەیامی ژنان لە ئاهەنگەکەدا

لە لوتکەی خۆشی و ئاهەنگەکاندا، ژنان ڕایانگەیاند کە  باران و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت حەماسەتی جەژنانەیان کەم بکاتەوە، ئەوان بە ئاماژەدان بە پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە شانازییەوە باسیان لە سروشتی تایبەتی ئاهەنگی ئەمساڵ کرد و لە دڵیاندا حەزی دیداری عەبدوڵا ئۆجالانیان هەڵگرت.

 

ئامادەبووان بە ئیرادەیەکی پتەو و دەنگێکی بەرزەوە هاواریان دەکرد کە لە هەر بارودۆخێک و هەر شوێنێکدا بە هێز و خۆشییەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن، ئەوان بڕیاریان داوە ڕۆحی ٨ی ئادار بخەنە ناو هەموو ڕۆژێکی ژیانیانەوە و بەم ئیلهامبەخشە لە هەموو کاتێک پتەوتر درێژە بە ڕێگای تێکۆشان بدەن.

 

ئاوارە بەڵام سەربەرز؛ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ٨ی ئادار لە ناو قەیرانەکاندا

لەکاتی تۆمارکردنی وروژاندنی ژنان لە مەیدانی ئاهەنگەکەدا، سەرنجم بۆ دایکێک ڕاکێشرا کە لە ژێر بارانەکەدا هێمای سەرکەوتنی بەرزکردەوە، جلوبەرگ و دەموچاوە ماندووەکەی دەریدەخست کە لە عەفرینی داگیرکراوەوە هاتووە، بە تامەزرۆییەوە کامێراکەم بەرەو ئەو وەرگێڕا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ کە ڕۆحێکی زیاتری ساڵەکانی هەبوو، کە ئیرادەی تێکۆشان لە چاوەکانیدا دەدرەوشایەوە. وێنەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لەسەر جلە نەریتییەکەی، پەیوەندی قووڵی ژنانی لەگەڵ ڕێبەرەکەیان نیشان دەدا.

 

کاتێک پرسیارم لە ڕەشیدە محەمەد کرد سەبارەت بە ئاهەنگ گێڕان دوای ئەوەی دووجار ئاوارە بوو، بە جۆش و خرۆشەوە وەڵامی دایەوە: کچەکەم ئێمە کوردین، لە هەر کوێیەک بین، ڕۆژە تایبەتەکانمان ئاهەنگ دەگێڕین،  ئێمە لە شەهبا ٧ ساڵ بەبێ پچڕان بەرخۆدانمان کرد، ئاوارەبوون و هێرش ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن، فەلسەفەی ئازادی ڕەگ و ڕیشەی لە بوونماندایە، ڕاستە دووجار ئاوارە بووین، بەڵام رادەستی سیاسەتەکانی داگیرکاری نابین. دوژمن لە کولتوور و ناسنامە و بوونی ژنی ئازاد دەترسێت، ئەمڕۆ ئێمە پەیمانی بەرخۆدانمان نوێ دەکەینەوە.

 

وەڵامێکی مێژوویی بۆ بانگەوازێکی مێژوویی

وەک ژنێکی گەنج هێز و ئیلهامم لە قسەکانی ئەو دایکە بوێرە وەرگرت، دوای گرتنی وێنه کەی، به هیوایەوه پێی وتم: ڕۆژێک له عەفرینێکی ئازاددا یەکتر دەبینینەوه ، تۆش دیسان وێنەکەی من دەگرێتەوه .

 

لەم کۆبوونەوەیەدا دەتوانین دەرکەوتنی نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی ببینین کە لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە تەرخانکراوە بۆ هەموو ژنان و بەتایبەت ژنانی کورد،بە درێژایی ساڵانی شۆڕش، ژنانی کورد هەمیشە پارێزەری خەباتی خۆیان بوون، ٨ی ئادار لە دەرەوەی ئاهەنگێکی سادەیان کردە هێمای بەرخۆدان و سەقامگیری. ئەم ڕۆژە بووەتە ناوەندی یەکڕیزی بۆ هەموو ژنان.

 

ژنان بە ئامادەبوونی پڕ سۆزیان لە گۆڕەپانی ٨ی ئادر، وەڵامێکی مێژووییان بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دایەوە.