ئەڤین جومعە: لاوازی یاساکان لە سووریا بووەتە هۆی زیادبوونی کوشتنی ژنان

ئەڤین جومعە، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە کوشتنی ژنان لە سووریا ڕوو لە زیادبوون دەکات و لاوازی یاساکان و بێکاریگەری دامەزراوە بەرپرسیارەکان زەمینە بۆ بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە خۆش دەکات.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە کوشتنی ژنان لە سووریا مەترسیدار بووە و ئەو ژمارانەی تۆمار دەکرێن، پرسیاری جددی لەبارەی مافی ژیان و پاراستنی ژنان و بەرپرسیارێتی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوروژێنن، لە بەرامبەردا پێویستی بە بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان و ئاشکراکردنی ڕاستی ژمارەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ ئەو ژنانەی کە کراونەتە ئامانج و خێزانەکانیان تادێت گرنگتر دەبێت.

 

ئەڤین جومعە، چالاکوانی مافی مرۆڤ بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٦.

 

ئەڤین جومعە ڕوونیکردەوە، کە لە سووریا حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیادی کردووە، مافەکانیان لە زۆر بوارەکانی ژیاندا سنووردار کراوە وتی: لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەپێی چاودێرییەکانمان حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە سووریا زیادی کردووە، توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادیکرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنانیش بریندار بوون، هەڵوێستی زۆر توند بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، تەنانەت لە هەندێک زانکۆی سووریاشدا ژنان بۆیان نییە بخوێنن، واتە هەندێک دەرفەت تەنها لەبەردەستی پیاواندایە.

 

هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر لاواز مامەڵە دەکەن بەرامبەر بە کەیسەکانی کوشتنی ژنان

ئەڤین جومعە سەرنجی بۆ هۆکاری کوشتنی ژنان لە سووریا ڕاکێشا و وتی: هۆکارەکان زۆرن، وەک کێشەی دارایی، کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان و ”کوشتن بە بیانووی شەرەف”،

زۆرجار لەبەر ئەوەی ژنان لە شوێنی کاردا وەرگیرێن، تووشی توندوتیژی دەبن، تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی کە ژیانیان لەدەست دەدەن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەک ژنیش لەلایەن حکومەتەوە کوژراون، ئەو ژنانەی کە لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، بە بیانووی شەرەفەوە دەکوژرێن، وەک مایەی شانازیکردن لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن، جگە لەوەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر لاوازن لە وەڵامدانەوەی ئەم ڕووداوانە.

 

هەندێک حاڵەت بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە

ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەشکرد، لاوازی یاساکان و ڕاگرتنی دادگاکان ژمارەی کوژراوانی ژنان زیاد دەکات و وتی: زۆر کەم یاسا هەیە کە سزای ئەو کەسانە دیاری بکات کە ژنان دەکوژن، جگە لەوەش لە زۆر شوێن کاری دادگاکان ڕاگیراوە، هەندێک دۆسیە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و نازانرێت ئایا ئەو کەسانەی بەرپرسیارن سزا دراون یان نا، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەکوژرێن، چونکە یاساکان جێبەجێ ناکرێن، هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە پیاوەکە سەرۆکی خێزانە، بە مافی خۆی دادەنرێت کە توندوتیژی ئەنجام بدات، هەر بۆیە دەبێت سزای قورس بدرێت بەو کەسانەی ژن دەکوژن.

 

وەک چالاکوانانی مافی مرۆڤ نابێت بێدەنگ بین

ئەڤین جومعە تیشکی خستە سەر ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بوارەکانی دەستکەوت و گرنگیی تێکۆشانی ژناندا و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ هێنا:

 

ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتوو بوو، چونکە ژنان لە هەموو بوارەکاندا توانییان ڕۆڵی خۆیان بسەلمێنن و چەندین دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی تێکۆشانییانە، وەک چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەبێ بێدەنگ نەبین و هەر ڕووداوێک ڕوودەدات ئاشکرای بکەین، پێویستە ئەم شاردنەوانە شەرمەزاربکردێت، نەک لە ئاشکراکردنی ڕووداوەکان کە ئەوە مایەی سەربەرزییە، هەروەها دەبێ خێزانەکانیش لە هۆشیاریی ترسی کۆمەڵگە ڕزگاریان بێت و ئیتر توندوتیژی دژی ژنان وەک شتێکی ئاسایی نەبینرێت.