پێنج لە منداڵەکانی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژران

یارا محەمەد، کە پێنج منداڵی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژراون و دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا  ناچارکراوە لە سەرێکانییەوە کۆچ بکات، ئێستا لە کامپی نەورۆز لە دێرک دەژی، دەڵێت: دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم، سەرێکانی.

عەبیر محەمەد

 

دێرک- ئاڵۆزی لە سووریا و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس کوژراون، لەناویاندا دەیان هەزار ژن و منداڵ هەن، زیاتر لە ٦ ملیۆن هاوڵاتی سووری کۆچیان کردووە، ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە جیهاندا بە ڕێژەی زیاتر لە ٦ ملیۆن زیادی کردووە، ئەمەش نموونەیەکە لە خراپترین شەڕی سەدەی ٢١.

 

کامپی نەورۆز لە دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکێکە لە کامپەکانی پەنابەران لە کانتۆنی جزیرە کە ٥ هەزارو ١٥١ کۆچبەری خەڵکی سەرێکانی و گری سپی و عەفرین و گوندەکانی تل تەمر لەخۆ دەگرێت، زۆربەیان بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە کۆچیان کردووە و بەم دواییانەش بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان کردووە.

 

یارا محەمەد ژنێکی بەتەمەنە، خەڵکی شێخ مەقسودە لە حەلەب، بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی شام و داعش و دەوڵەتی تورکیاوە، ناچارکراوە کۆچ بکات و ئێستا لە کامپی نەورۆز لە دێرک دەژی، یارا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی حەلەبە، بەڵام ناچاربوو کۆچ بکات وتی: هاوژینەکەم بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەستدا، پێنج منداڵم هەبوو، خۆم گەورەم کردن، خۆمان خەڵکی حەلەبین، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی سووریاوە کۆچمان کرد.

 

"داعش پێنج منداڵمی کوشت"

یارا محەمەد بە دڵێکی سووتاوەوە ناوی ئەو منداڵانەی خستەڕوو کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران و وتی: دوای حەلەب، ڕووم کردە گوندەکانی مەنبج، لەو کاتەدا داعش نەبوو، من و منداڵەکانم بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە مەنبج ماینەوە، بارودۆخی ئابووری ئێمە زۆر باش بوو، ئێمە بازرگانانی مەڕ و ئاژەڵ بووین، دواتر بینیمان کە ڕۆژێک داعش دەستی بەسەردا گرتین و پێی وتین لێرە بڕۆنە دەرەوە، هەروەها شەڕەکە زۆر قورس بوو، وتمان دەڕۆین بۆ ماڵێکی تر هێرشەکان دەوەستێت، کاتێک منداڵەکانم ڕوویان لە ماڵەکە کرد و دەرگاکەیان کردەوە، مینێک پێیاندا تەقییەوە، داعش مینێکی بە دەرگای ماڵەکەوە کردبوو، منیش لە گەڕەکەکە بووم لە پشتیانەوە، هەر پێنج منداڵەکەم، ئەحمەد، محەمەد، مەحمود، عومەر و عیسا هەموویان گیانیان لەدەستدا، تەنها بەشێک لە تەرمەکانیانم بینی.

 

"دەوڵەتی تورک ماڵەکەمی لە سەرێکانی داگیرکرد"

یارا محەمەد دوای کوشتنی منداڵەکانی مەنبەجی بەجێهێشت و چووە سەرێکانی، بەڵام ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراو وتی: بە تەنها لە سەرێکانی دەژیام، ماوەیەک لەوێ مامەوە و دواتر دەوڵەتی تورک هێرشی کرد و سەرێکانی داگیرکرد، بەم دواییانە لە کامپی نەورۆز نیشتەجێ بووم، بە تەنها دەژام، کەس لەگەڵم نییە.

 

"دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ سەرێکانی"

یارا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، هەرگیز منداڵەکانی لەبیرناکات و وتی: منداڵەکانم لەبیرم ناچن، هەمیشە لە بیرمن، هەرگیز هەست ناکەم ئەوان گیانیان لەدەستداوە هەمیشە هەست بە زیندوویی ئەوان دەکەم، چونکە لەگەڵ من دەژین، ١٠ ساڵ نەمبینیون، هەروەها وێنەشیانم نییە، هەموویان لە جەنگ و هێرشدا سووتاون، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ سەرێکانی.