٨٢٣ هەزار و ١٧٩ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا خستیەڕوو، کە ٨٢٣ هەزار و ١٧٩ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە عێراق.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی كۆچى نێودەوڵەتى-IOM لە بارەی ژمارەی ئاوارە گەڕاوەكانی عێراق بۆ زێدى خۆیان، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا باسی لەوەکرد، بەهۆی شەڕ و پێكدادانی داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ زیاتر لە یەك ملیۆن و ٢٧ هەزار و ٥٢٣ خێزانی عێراقی، كە دەكاتە ١٦٪ی دانیشتوانی عێراق ئاوارە بوون و ناچاربوون ماڵ و زێدى خۆیان بەجێبهێڵن و كۆچ بكەن بۆ ناوچە ئارامەكان.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، تا مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١، ٨٢٣ هەزار و ١٧٩ خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی نیشتەجێبوونیان، كە ٨١%ی كۆی ژمارەكە پێكدەهێنێت، لە كاتێكدا ٢٠٤ هەزار و ٣٤٤ خێزان لە ئاوارەیدا ماونەتەوە، زۆرترین ڕێژەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكان لە پارێزگای نەینەوا بووە، كە ٣٢٠ هەزار و ٤١٦ خێزان گەڕاونەتەوە، دواتر لە پارێزگای ئەنبار، ٢٥٦ هەزار و ٩١١ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە، پاشان لە پارێزگاری سەڵاحەدین، ١٢١ هەزار و ٩٧٠ خێزان گەڕاونەتەوە.

 

ئەمە لەكاتێكدایە، شنگال و ناوچەی بەعج كەمترین ڕێژەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكانی بەخۆیەوە بینیوە، كە ڕێژەی گەڕانەوەیان تێدا ٣٦٪ و ٣٥٪ بووە، لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە.