ڕۆنووس ئیدانەی هێرشەکانی سەر ستێرک و مەدیا خەبەر دەکات

لەبارەی هێرشەکەی سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر فیدراسیۆنی ڕۆنووس بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانەیان کرد و پێیان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوە و بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەرایەتی ئەورووپا، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ "ڕۆنووس"، لەبارەی هەڵکوتانە سەر 'ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر' لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئیدانەی کرد.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆنووس:

 

"بەداخەوە ئەمڕۆ گوێبیستی هەواڵی هێرشێکی ناڕەوای پۆلیسی فیدڕاڵیی وڵاتی بەلجیکا بووین بۆ سەر ئۆفیسی سەرەکی هەردوو کەناڵی کوردیی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر".

 

"بە پێی ڕاگەیەنراوی هەردوو کەناڵەکە، پۆلیسی بەلیجکا بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە هەر بنەمایەکی یاسایی و بێ ئاگاداری پێشوەختە کە هۆکارکەی تێدا ڕوون بکەنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵەکان و ئامێرەکانیان تێکشکاندوون و بەشێکی زۆر لە ئەرشیف و هاردەکانیان بردوون، وێڕای ئەوەش هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندانی کەناڵەکان و ئازاری جەستەیی و دەرونییان داون، بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بۆ کارەکەیان ئاشکرا بکەن".

 

"ئێمە لە نوێنەرایەتی ئەورووپای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوە و حکومەتی بەلجیکا داڕێژەری پلانەکەیە بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر"

 

"تاوانەکە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ئەنجامدراوە و ئەوەش هێندەیتر بکەرانی تاوانەکە دەخاتە بەردەم لێپرسراوێتی ئەخلاقیی و پێویستە دەوڵەتی بەلجیکا لەسەر ئاستی باڵا داوای لێبوردن لە هەردوو کەناڵەکە و کارمەندە بریندارەکانی بکات و هەرچی زووە دەست بکرێتەوە بە پەخشی کەناڵەکان و کەشێکی ئەرێنی درووست بکرێتەوە کە بەرپرسانی کەناڵەکان هەست بە ژینگەیەکی لەبار بکەن بۆ کارکردن".