تۆڕی پزیشکانی سودان: ١٩ ژن لە کاتی کۆچکردنیان لە فاشر دەستدرێژی سێکسییان کراوە تەسەر

تۆڕی پزیشکانی سودان دەستدرێژیکردنە سەر ١٩ ژنیان بەڵگەدا کردووە، کە پێدەچێت لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێراوە ئەنجامدرابێت، لەکاتێکدا لە فاشرەوە کۆچیانکردووە بۆ شاری دەبە لە پارێزگای باکوور.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ژنانی کۆچکردوو لە فاشر لە دارفور لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە، تووشی پێشێلکارییەکی قورس بوون، لەنێویاندا توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بڵاویکردەوە، ١٩ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسییان بەڵگەدا کردووە، کە پێدەچێت لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجامدرابن، لەکاتێکدا ژنان لە فاشر هەڵاتوون بۆ دەبە لە پارێزگای باکوور.

 

تۆڕەکە ڕوونیکردەوە، کە ئەم پێشێلکارییانە لەناو کامپی عەفاز لە دەبە ڕوویانداوە، دوو کەس لە زیانلێکەوتووەکان دووگیانن و لە ئێستاشدا لە ژێر چاودێری گروپە تەندروستییە ناوخۆییەکان، چاودێری پزیشکی پێویست وەردەگرن.

 

تۆڕەکە ئیدانەی ئەو کارەی کردووە، بە "دەستدرێژی بەکۆمەڵ" پێناسەی کردووە بۆ سەر ئەو ژنانەی کە لە فاشر هەڵدێن، هەروەها بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی گروپە سستەکانی دەزانن، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم تاوانانە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی مەترسیدارە لە پێشێلکارییەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمە جگە لە بێدەنگی نێودەوڵەتی کە دەتوانێت هاندەری دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە بێت.

 

تۆڕەکە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە، کە پارێزگارییەکی تەواو بۆ ژنان و منداڵانی ناو کامپەکانی کۆچکردن دابین بکەن و گروپی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بنێرن و دڵنیابن لە تێپەڕبوونی پارێزراوی یارمەتییە مرۆییەکان و کارمەندانی پزیشکی و مرۆیی، تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە دەرنەچووە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە.

 

لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا، هێزەکانی پاڵپشتی خێرا کۆنترۆڵی شاری فاشریان کرد و بەگوێرەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵکوژییان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تاوانانەیان ئیدانە کرد کە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە سودان ئەنجامدراون و جەختیان لەوە کردەوە، کە دەستدرێژی سێکسی بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بە ئەنقەست بەکاردەهێنرێت.

 

لە ١٦ی تشرینی دووەم، تۆڕی پزیشکانی سودان ٣٢ حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی کچی لە شاری فاشر تۆمار کردووە، کە کۆچیان کردووە بۆ کامپی تەویلە کە تایبەتە بە کۆچبەرانی باکووری دارفۆر، کە لەو کاتەدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا ناوچەکەیان داگیرکردووە.

 

هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی سەرجەم ناوەندەکانی پێنج پارێزگای دارفور لە ڕۆژئاوای سودان دەکەن، لە کۆی ١٨ پارێزگای وڵاتەکە، لەکاتێکدا سوپای سودان کۆنترۆڵی ١٣ پارێزگاکەی دیکەی هەیە کە لە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستدا بڵاوبوونەتەوە، لەنێویاندا خەرتومی پایتەخت.

 

ناوچەی دارفور کە یەک لەسەر پێنجی کۆی ڕووبەری سودان پێکدەهێنێت، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە ڕووی جوگرافییەوە ڕووبەرێکی فراوانە و ژمارەی دانیشتووانی بە ٥٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، کە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوداندایە.