تەڤگەری ئازادیی پشتیوانیی بۆ داواکاریی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاگەیاند
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ داواکاریی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاگەیاندو دەڵێت: "بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەنفال، با هەموومان دژی داگیرکاریی بووەستینەوە".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/04/20220414-4037123122018-152212018-tavgary-azady1-jpg1c8308-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، "دوای ٣٤ ساڵ، هێشتا نەتوانراوە تەرمی هەموو ئەنفال کراوان بهێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان و جاش و مستەشاران بەسزای خۆیان بگەیەنرێت، پێویستبوو کەسوکاری ئەنفالکراوان ژیانێکی بەواتا و شایستەیان هەبووایە، بەڵام لە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگییدا دەژین، تەنانەت مووچەیەکی شایستەیان نییە، کە هاوتای مووچەی شەهیدانی حکومەتی عێراق بێت".
ئەوەش هاتووە: "تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد نەیتوانیوە ئەم پرسە بە جیهانی بکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بە جینۆساید بناسێنرێت، دەکرا ھەوڵدانی جدی بکرێت بۆ بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و ئەگەری دووبارە نەبونەوەی جینۆسایدێکی تر".
ئاماژە بەوەشکراوە کە داگیرکاران ھێشتا لە سیاسەتی داگیرکاریی نەوەستاون و لە ھەوڵی خۆیان بەردەوامن، بەڵام ئەوەی جێگەی شەرمە ھێزە سیاسیەکانی کورد لە باشووری کوردستان لە بری وەڵامدانەوەی کەسوکاری قوربانیان وخزمەت کردنیان و پێشخستنی سیستمێکی دیموکراتی کە ئەم گەلە قوربانیدەرە تیایدا حەساوەبێت، ئێستاش وەکو چینێکی مشەخۆر لە سەر ڕۆح و ڕەنج و گیانی ھاوڵاتیان، ژیانێکی شاھانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و مستەشار و ئەنفالچییەکان دابین کردووە و کۆمەڵگەش لەوپەڕی دۆخی خراپیدا ژیان بەسەر دەبات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تا دوا سات خاوەنداری لە خوێنی شەھیدەکان دەکات و پاڵپشتی تەواوی داواو خواستەکانی کەسوکاری قوربانیان دەکەین، دەڵێین با ھەمووان پێکەوە لە بری دانانی تاجە گوڵینە ھەموو ساڵێک داوای جێبەجێکردنی داواکانی گەلەکەمان بین و پێکەوە دژ بە داگیرکاران بوەستینەوە بۆ ئەوەی ئەنفالێکی تر و کۆمەڵکوژیەکی تر دوبارە نەبێتەوە".