تەڤگەری ئازادیی پشتیوانی خۆی بۆ چەند ژنە کاندیدێک ڕاگەیاند
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ چەند كاندیدێك کە زۆربەیان ژنن لە بازنەكانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و بانگەوازیی لە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیان دەكەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەو مافەی خۆیان بەكاربهێنن.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ چەند كاندیدێك کە زۆربەیان ژنن لە بازنەكانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و بانگەوازیی لە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیان دەكەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەو مافەی خۆیان بەكاربهێنن.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە داخەوە لە ناو پیلانگێڕی دوژمنان و نەیارانی ئازادیدا زۆر جار و بە ئێستاشەوە حیزبێکی کوردی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بووە بە کەواسوری بەرلەشکری داگیرکاران، پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی سەدان ھەزار شەھید بەدەست ھاتون، نەک ھەر بەلایەوە گرنگ نیە بەڵکو ھەوڵی وێرانکردنی تەواوەتی دەدات تەنھا لە پێناو مانەوەیدا لە ھەڕەمی دەسەڵات، لە ھەمان کاتدا پارتی بەردەوام ڕێگر بووە لە دروستکردنی ھاوپەیمانی و پێکەوە کارکردنی ھێزە کوردیەکان بە تایبەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان و لەئەگەری سەرکەوتنیدا پلانی مەترسیداری بۆ کەرکوک ھەیە کە جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکیایە، ئێمە بە ھەستیاریەوە ھەڵوەستە و مامەڵە دەکەین بەتایبەت لە ھەڵبژاردنەکاندا، بێگومان تەڤگەری ئازادی وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی- کۆمەڵایەتی، ئۆپۆزسیۆنێکی ئەخلاقی- دیموکراتی، ھەمیشە بە خەمخۆریەوە مامەڵەی کردووە و دەکات".
سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ١٠ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، تەڤگەری ئازادی هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە راگەیاندووە، " لە چەند بازنە و ناوچەیەک پشتگیری کاندیدی جیاجیامان کردووە و دەکەین بەتایبەتی لەسەر بنەمای قبوڵ کردنی پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی کە پێش ماوەیەک ڕامانگەیاند و بەشێک لەو کاندیدە سەربەخۆ و تەنانەت حیزبیانەش بە خۆشحاڵیەوە قبوڵیان کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا بەربژێری ئێمە لە سێ بازنەی پارێزگای سلێمانی و بازنەیەکی کەرکوک ھەیە: "لە بازنەی "١"ی کەرکوک پارێزەر شیرین عەبدوڵا محەمەد باوایی بە ژمارە ٣٣ بژاردە و پاڵێوراوی ئێمەیە، لە بازنەی "٢"ی سلێمانی ڕوناک مەجید سەعاتچی بە ژمارە ٢٤، لە بازنەی "٤" دەڤەری ڕاپەڕین "پشدەر و بیتوێن"محەمەد حەسەن حەمەد بە ژمارە ٢٩، لە بازنەی"٥" گەرمیان، یوسرا ڕەجەب بە ژمارە ٢٣ پاڵێوراو و بژاردەی ئێمەیە".
هاوکات تەڤگەری ئازادی بڕیاری داوە پشتیوانی پێکهاتە جیاوازەکان بکات و لە دھۆک و ھەولێر پشتگیری دوو کاندیدی ئاشوری "مەسیحی" دەکات، لە بازنەیەکی ھەولێر کاندیدی سەربەخۆی ئاشوری ھیلان عیسا کەریم ژمارە ١٤٧ کە لەھەموو عێراقەوە ئەتوانرێت دەنگی پێ بدرێت، لە بازنەیەکی دھۆک کاندیدی سەربەخۆی ئاشوری سەباح نەمرود ججو بە ژمارە ١٣٧، لە بازنەی "٣" لە دھۆک ئیمان عبدالرزاق محمد، لە بازنەی "٢" کەرکوک دکتۆر گەیلان قادر، تاکە پاڵێوراوی کوردە کە دژی پیلانی داگیرکاران و ھاوکارەکانیانە، لە بازنەی "١"ی ھەولێر فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە بازنەی "٣"ی ھەولێر کۆیەھەرێم کەمال بە ژمارە٢٠ ، لە بازنەی "٣"ی سلێمانی پارێزگای ھەڵەبجە و شارەزور چرۆ حەمە شەریف کە لە بەرامبەر کاندیدێکی پارتی لە کێبڕکێدایە چونکە ئەو کاندیدەی پارتی پێشتر تاقی کراوەتەوە کە ڕۆڵێکی نەرێنی بەرامبەر بە ھێڵی ئازادیخوازی و پرسی دیموکراتی بینیوە پێمان وایە سەرکەوتنی خاتوو چرۆ دەرھێنانی کورسیەکی پەرلەمانیە لە دەستی پارتی ، لە بازنەی یەکی سلێمانی دکتۆرە نەرمین مەعروف پشتگیری لێدەکەین".
تەڤگەری ئازادی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی لە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیانی کردووە بەم شێوەیە ئەو مافە دەستوریەی خۆیان بە کار بھێنن و بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.