لە گوندی تۆتمە لە قەندیل کۆمەڵکوژی پاریس یاد کرایەوە
بە بەشداری ژنانی گوندی تۆتمە و دەوروبەری لە بناری قەندیل، ١٢یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس کرایەوە، کە هەریەک لە ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن سیخوڕێکی میتی تورکەوە کۆمەڵکوژ کران.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل و بەشداری بەشێک لە ژنانی گوندی تۆتمە و دەوروبەری لە بناری قەندیل، ١٢یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس بەرز ڕاگیرا و ڕۆڵی ژن لە شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی گەلی کورددا هەڵسەنگاندنی لەسەر کرا.
هەر لە یادەکەدا باس لە گرنگی خۆبەڕێکخستنی ژنان کرا بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دابنێن. ژیان و تێکۆشانی شۆڕشگێڕ ساکینە جانسز و ئازایی و بوێری ئەو ژنە شۆڕشگێڕە لە بەرامبەر هەموو پێوانە دواکەوتووەکان کە ژنان کۆت و بەند دەکەن، گێڕدرایەوە، باسیان لەوەکرد، "شەهید ساکینە پێشەنگی تێکۆشانی ژنانە کە ڕێبازێکی نوێی تێکۆشانی بۆ ژنان خستەڕوو، تەواوی ژنانی شەهیدى دیکەى ڕێگای ئازادیش شوێنکەوتەی ڕێبازی ساکینە و هاوڕێیانی بوون، تا ئامانجەکانیان بەدی بهێنن".
لە دوای وتەکانیش، بەڵگەفیلمێک سەبارەت بە ڕۆڵی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی پیشاندرا.
لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، له ناوهندی ئینفۆرمهیشنی پهیوهندییهکانی کۆنگرهی نهتهوهیی کوردستان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ساکینە جانسز و دوو هاوڕێی دیکەی بەناوی فیدان دۆغان و لهیلا شایلهمهز، بە دەستی ئەندامێکی میتی تورک، لە درێژەی پیلانگێریی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تیرۆر کران.