تۆپبارانی ئیسرائیل خاڵی ئاوی نوسەیراتی تێکشکاندو دەیان کەس کوژران

لانیکەم ٢٩ فەڵەستینی لەناویاندا ژن و منداڵ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو کامپانەی کە ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە، گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٣ی تەمووز بڵاویانکردەوە کە ٢٩ فەڵەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری کەرتی غەززە کوژراون کە ١٨ کەسیان تەنیا لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات کوژراون.

 

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان کردەوە کە بەهۆی بەئامانجگرتنی خاڵێکی دابەشکردنی ئاو لە باکووری ڕۆژئاوای کامپی پەنابەرانی نوسەیراتەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٦یان منداڵن و ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

هەروەها ڕاگەیاندنە فەڵەستینییەکان باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بۆردوومانیان بۆ سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی زەیتون لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە ئەنجامداوە.

 

بنیامین ناتانیاهۆ، پێشەنگیوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە کە "کاردەکات" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پێشەنگی ئەمریکا ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە.

 

بەڵام دانوستانەکانی ئاگربەست کە لە دۆحە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەچوو، بەهۆی ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی سەرەکی، بەتایبەتی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، لاواز بوو.

 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندە بەو هەڵوێستانەی کە بەربەست لە پێشکەوتنی ناوبژیوانان دروست دەکەن، هاوکات تەڤگەرەکە وەڵامی دایەوە، وتی: داواکارییە ناڕاستەقینەکانی ئیسرائیل هۆکاری ڕاستەقینەی شکستی ڕێکەوتنەکەن.

 

پێشەنگیەکی دیاری تەڤگەری حەماس، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بۆ بی بی سی، ئاگربەستی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕەتکردەوە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە خەریکە ڕێکەوتنێک ڕابگەیەنرێت.