سەدان ژن و منداڵی دەستبەسەرکراو لە سوودان ڕووبەڕووی مەترسیی
تۆڕی پزیشکانی سوودان ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە ٦٥٠٠ کەس، سەدان ژن و منداڵ، لە ناو کەمپەکان و بنکە سەربازییەکانی شاری جەنینە، پایتەختی ویلایەتی دارفوری ڕۆژئاوا، دەسبەسەرکراون.
ناوەندی هەواڵ ـ سەدان منداڵ و ژن لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا لە سوودان، لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارن؛ لە کاتێکدا ئاگادارکردنەوەکان لە کەمیی توندی خۆراک و خراپبوونی باری تەندروستی و دۆخی مرۆیی دەستبەسەرکراوان دەکەن.
تۆڕی پزیشکانی سوودان، پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند کە بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی، زیاتر لە ٦٥٠٠ کەس، لەوانە ٧٠٩ ژن و نزیکەی ٥٠٠ منداڵی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە، لە چەندین شوێنی دەستبەسەرکردن لە شاری جەنینە، پایتەختی ویلایەتی دارفوری ڕۆژئاوا، ڕاگیراون.
تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن، بنکەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەفریقی لە دارفور «یونامید»، بنکەی لیوای پازدەی پیادە و زیندانی ئەردەماتا دەگرنەوە. هەروەها پشتڕاستی کردووەتەوە کە زۆربەی ئەو ژنانەی ناویان لە زانیارییەکاندا هاتووە، دوای کۆنترۆڵکردنی شاری فاشەر لەلایەن هێزەکانی پاڵپشتیی خێراوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەو شارەدا ئەسیر کراون و دواتر گوازراونەتەوە بۆ جەنینە.
تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا نیگەرانیی خۆی لە کەمیی خۆراک و خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە ناو شوێنەکانی دەستبەسەرکردن دەربڕیوە و ئاگاداری مەترسییە تەندروستی و مرۆییەکانی کردووەتەوە کە هەزاران دەستبەسەرکراو، بە تایبەتی ژنان و منداڵان، هەڕەشەیان لێ دەکرێت .
هەروەها ئاماژەی بە گەیشتنی زانیارییەکانی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی مردنە ڕۆژانەکان کردووە، بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. تۆڕەکە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ پشتڕاستکردنەوەی هۆکارەکانی مردن و دابینکردنی خۆراکی پێویست و چاودێریی پزیشکی بۆ دەستبەسەرکراوان.
تۆڕەکە هەروەها داوای کردووە ڕێگە بە لایەنە پزیشکی و مرۆییە سەربەخۆکان بدرێت بگەنە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن و بارودۆخی ناوەکانیان هەڵبسەنگێنن؛ هەروەها چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکراوان ئاشکرا بکرێت و پارێزراویان بێت لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ.
لە داواکارییەکانی تری تۆڕەکەدا، پاراستنی تایبەتی ژنان و منداڵان، لێکۆڵینەوە لە مردنەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی هەر پێشێلکارییەک کە بە بەڵگە بسەلمێندرێت، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری خێرا بۆ ڕێگریکردن لە خراپتر بوونی بارودۆخی تەندروستی و مرۆیی، هاتووە.
تۆڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ژمارانە لەوانەیە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و زیاد بکەن، لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی چاودێریکردن و نوێکردنەوەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە هیچ زانیارییەکی سەربەخۆ بڵاونەکراوەتەوە کە هۆکارەکانی مردنەکان دیاری بکات یان لایەنی بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم ناوەندانە ئاشکرا بکات.