تاژێ: پێویستە دەستبەجێ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا بکرێت
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" کۆمەڵکوژی پاریسی شەرمەزار کردو ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژی پاریسیان ئەنجامدا هەمان ئەو کەسانەن کە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن.
ناوەندی هەواڵ
لە دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەڤین گۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە، عەبدوڕەحمان کزل وڵاتپارێزو میر پەروەر، هونەرمەند بە ئامانجگیران ، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو کۆمەڵکوژییەی شەرمەزار کرد .
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، دووەم کۆمەڵکوژی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامدا، لەم کۆمەڵکوژییەدا ئەڤین گۆیی، پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کورد، لەگەڵ میر پەروەر، هونەرمەند و عەبدولڕەحمان کزل، وڵاتپارێزی کوردستان شەهید بوون، ئێمە لە کەسایەتی ژنی پێشەنگ و تێکۆشەری سەردەمی شۆڕشی ژنان، ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدوڕەحمان کزل، هەروەها شوێنکەوتووانی حەقیقەت، جیهان بیلگین و نازم داشتان، ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندی ئازاد، کە لە کاتی ڕاپۆرتکردنی هەمان دڕندەیی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان بەختکرد، بە خۆشەویستی و ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدانی شۆڕشی ئازادی بە بیر دەهێنینەوە.
"ئەو گەلانەی تامی ئازادی دەکەن داوای لێپرسینەوە لە دوژمنان دەکەن"
لەم کۆمەڵکوژییەدا، جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک ڕووخساری دڕندە و مرۆڤکوژی خۆی لە دژی ژنی تێکۆشەر و کوردستانییە وڵاتپارێزەکان کە لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان دەکەن، بە هەموو جیهان نیشان دا، جارێکی تر ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئێستا دەوڵەتی تورک لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، ئیدانە دەکەین و دەڵێین، کاتی ئەوە هاتووە ئەم توڕەیی و ڕق و دوژمنایەتییەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر پێشەنگانی شۆڕشی ژن، کوردانی ئازاد و هەموو گەلی ناوچەکە بەڕێوەیدەبات، ڕوو لە ئەردۆغانی فاشیست و مرۆڤکوژ بکات. ئەو گەلەی کە تامی ئازادی چشتووە لێپرسینەوەی یەک بە یەک لەم کۆمەڵکوژیانە لە دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی بکات. شوێنکەوتوانی ئەڤین و ساراکان، ئەمڕۆ لە هەموو بوارێکدا بە ڕۆحی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشان دەکەن و تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژیانە دەکەنەوە.
هاوڕێمان ئەڤین هەموو ژیانی بۆ ئازادی ژن بەسەر برد. هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنانی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان بناسرێت، بۆ ئەوەی دۆزی گەلەکەی بە خەڵکی جیهان بناسێنێت. ئەمڕۆ ئەگەر بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کورد، کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی جیهان هەبێت، ئەوە لە سایەی کارەکانی شۆڕشگێڕی پێشەنگ ئەڤین و ساراکانە، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی ئیلهاممان لە تێکۆشانی ئەو ژنە قارەمانانە وەرگرتووە، لە سایەی ئەوان و شەڕڤانانی ئازا وەک ئەوان، ئەمڕۆ خۆمان ڕێکخست و تامی ئازادیمان چێشت، ئێمە لە کۆتاییدا قەرزاری ئەوان و شۆڕشەکەیانین، کە تێکۆشانێکی گەورەیان کردووە، ماندووبوون و تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەوان هەمیشە ڕێگاکەمان ڕۆشن دەکاتەوە.
"مەترسیدارترین چەتە، ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ئەردۆغانە"
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی دەستوەردانی هێزی سەرمایەداری – هەژموون و سیاسەتی جینۆساید و ستەمکارانەی دەوڵەتانی ناوچەکە لە ژێر هەڕەشەی نوێی جینۆساید و هێرشی تونددایە، ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا لە هەموو زلهێزەکان مەترسیدارترە، عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی لە دیکتاتۆر ئەردۆغاندا هەڵکشاوە، مەترسیدارترین چەتەکان ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ئەردۆغانە، ئامانجی هەموو گروپە چەتەکان ئەو ژنانەن کە دژی ئەوان وەستاون، ئەو ژنانەی ملکەچی سیستمی دەوڵەتی پیاوانە نین و داوای لێپرسینەوە دەکەن، دەبنە ئامانجی چەتەکان، کردەوەکانی داعش لە شنگال، ڕەققە، مەنبج، دێرزوور و ....هتد، ئەمڕۆش کردەوەی چەتەکانی ئەردۆغان لە عەفرین، گرێسپی، سەرێکانی، تل ڕەفعەت، شەهبا و دواجار مەنبج و دەیان شوێنی دیکە هەمان ئەقڵیەتیان هەیە، بەئامانجکردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە هۆکاری سەرەکی چڕکردنەوەی ئەم شەڕەیە، پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج، بەو پێیەی کە داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک نەکراوە لە دوو کۆمەڵکوژیی پاریس، ئەمە ورەیەکی زیاتری بەم دەوڵەتە فاشیست و جینۆسایدەی بەخشیوە کە بووەتە بەڵای خەڵک لە ناوچەکەدا، ئەو ئەقڵیەتەی کە هاوڕێ ئەڤینی لە پاریس کردە ئامانج، ئەمڕۆ لە عەفرین و شەهبا و مەنبج هەمان کردەوە دژی ژنان ئەنجام دەدات، دڕندەیی و پراکتیزەکردنی دەوڵەتی تورکیا خۆی و چەتەکانی هەرگیز لە یادەوەری و ویژدانی ژنانی شەڕڤاندا لەبیرناکرێن.
''کاتی لێپرسینەوەیە''
جیهان بێدەنگە بەرامبەر بەم تاوانە جەنگیانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدەن، نەک هەر بێدەنگ دەبێت، هەندێک پشتگیری دەکەن، هەندێک هانی دەدەن و هەندێک چەپڵەی بۆ لێدەدەن، بەم شێوەیە کوشتن و بەئامانجکردنی ژنانی شۆڕشگێڕ و پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان ڕەوا دەکرێت، لە کەسایەتی ژنانی شۆڕشگێڕ، خاوەن هێزی بەرگری، ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕەکان، شکاندنی ئیرادەی ژنان ئامانج دەکرێت، هەڤاڵ ئەڤین و هەزاران هەڤاڵانی وەک ئەڤین شەهید دەبن، چونکە ئاگاداری ڕاستی ئەم سیستمەن، ئەمڕۆ هەزاران ئەڤین لە شەڕی ئازادیدا لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا دژی ئەم ئەقڵیەتە مەترسیدارە تێدەکۆشن.
ئێمە جارێکی تر بە توڕەیییەکی زۆرەوە ئەم کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی ژنان و خەڵکی ناوچەکە تا ئەمڕۆ کراوە، ئیدانە دەکەین، داوا لە هەموو ژنان و خەڵک دەکەین هەڵوێستێکی ڕوون بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا نیشان بدەن، سەرەتا پێویستە بۆ ئەو دوو کۆمەڵکوژییەی پاریس و بۆ هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ڕوویانداوە، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکرێت.