زمان و ناسنامەی کوردی چۆن لە زنجیرە دراماکاندا دەکوژرێت؟
بێریڤان ساکین، توێژەر لە کۆمەڵەی کولتوور و هونەر، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پیشەسازیی زنجیرە دراما و فێستیڤاڵە فەرمییەکان کەلتووری کوردی لە ماردیندا دەشێوێنن و جەختی لە گرنگیی تۆڕێکی جێگرەوەی کولتووری و پاراستنی زمانی دایک لە ناو خێزاندا کردەوە.
ئاکین ستێرک
ماردین- ماردین و ناوچەکانی کە بە مێژووی هەزاران ساڵە و پێکهاتەی کولتووریی فرەزمانیان دیار و بەرچاون، لە ساڵانی دواییدا بوونەتە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی وێنەگرتنی فێستیڤاڵ و زنجیرە دراماکانی تەلەڤزیۆن، ڕاستە شوێنە مێژووییەکان و جوانییە سروشتییەکانی شارەکە نیشان دەدرێن، بەڵام بە زۆری زمان، کولتوور و شێوازی ژیانی گەلی کورد، کە بەشێکی گرنگی ئەم خاکەیە، لە گێڕانەوەکان دەردەهێنرێن و فەرامۆش دەکرێن. ئەو بەرهەمانەی زمانەکەی کورد نادیار دەکەن و بەرهەمە کولتوورییەکان لە ڕوانگەی ناسنامە جیاوازەکانەوە لە نوێوە دادەڕێژنەوە، ئەم پرسیارە دەهێننە ئاراوە: ئایا تا چەند ڕاستی کۆمەڵایەتی و کولتووریی ناوچەکە نیشان دەدەن؟ ئەم وێنە دەستکردانەی لە ڕێگەی پیشەسازیی زنجیرە دراماکانی تەلەڤزیۆنەوە دروست دەکرێن، لەبەر نادیارکردنی بیرەوەریی کولتووری و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕێبازەکانی ناسنامە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت.
مێژووی دیار، زمان و بیرەوەریی نادیار
ماردین بە تایبەتی ناوچەکانی میدیات، ستەورێ و ئارتووکلو، تا ئێستا میوانداریی گەلێک زنجیرە دراما و فیلمی تەلەڤزیۆنییان کردووە. زنجیرە دراماکانی وەک Sıla (سیلا)، Hercai (هەرجایی)، Bir Bulut Olsam (ببمە هەورێک)، Bêrîvan (بێریڤان)، Aşka Sürgün (دوورخراوە بۆ خۆشەویستی) و Uzak Şehir (شاری دوور) کە لەم دواییانەدا بەناوبانگ بوون، چەند نموونەیەکن لەوانەی لەو شارەدا وێنەیان گیراوە، شوێنەکانی وەک کۆڵانە مێژووییەکان و کۆشکی بەردینی میدیات و گەڕەکی دەرەیچی لە ستەورێ، بوونەتە شوێنی گرنگی وێنەگرتن بۆ ئەم بەرهەمانە، سەرەڕای ئەوەی ئەم بەرهەمانە پێکهاتەی مێژوویی و بیناسازی ناوچەکە دەردەخەن، ڕادەی وێنادانی زمان، بیرەوەری کۆمەڵایەتی و ژیانی کولتووریی گەلی کورد هێشتا جێگەی دانوستان و شیکارییە، بێریڤان ساکین، توێژەری کۆمەڵەی کولتوور و هونەری مێزۆپۆتامیا لە قۆسەر، لەسەر ئەم باباتە قسەی کرد.
فێستیڤاڵەکانی بێ کولتوور و بێ ناسنامە

بێریڤان ساکین ڕایگەیاند، کە لە کوردستاندا زۆرلێکردن و سەرکوتکردنی کولتوور، زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی بە سیاسەتی سیستەماتیک بەردەوامە و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کولتوور و ناسنامەی کوردی لە ناوەرۆکی "فێستیڤاڵی ڕێگەی کولتوور" لە ماردیندا جێی نەبووەوە، سەڕەڕای پێکهاتەی فرەزمانی و فرەکولتووریی ماردین، هەروەها مێژوو، کولتوور و بەهای گەلی کورد لە فێستیڤاڵەکەدا نەبینراون و ئەو بەهایە کولتوورییانەی کە گەل بە سەدەیەک پاراستوونی لەلایەن سیستەمەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بە شێوازێکی جیاواز پێشکەش دەکرێن.
بێریڤان ساکین جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای سازکردنی چالاکییەکانی وەک فێستیڤاڵی دۆشاڤ لە ماردیندا، ئەم کولتوورە بە درێژایی نەوەکان لەلایەن کورد و سۆریانییەکانەوە پارێزراوە و خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم بەها کولتوورییانە نادیار دەکرێن و نابینرێن، هەروەها دژایەتیی خۆی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی چەمکی فێستیڤاڵ تەنها بۆ خۆشی و شادی دەربڕی و وتی: فێستیڤاڵ تەنها چوون و خۆشی نییە، شارستانییەتی کۆن لەم ناوچەیەدا بونیادنراون، فێستیڤاڵ پەیوەندیی بە دەرخستنی ئەو بیرەوەرییە مێژووییە قووڵە و کردنەوەی دەرفەت بۆ مرۆڤەکان هەیە، بەڵام دەبینین ئەو فێستیڤاڵانەی کە ئەمڕۆ ساز دەکرێن لە ڕاستیی خۆیان دەرچوون و بێواتا بوونەتەوه، هیچ شتێک بە ناوی کولتوور و ناسنامەی کوردییەوە نەماوە.

بەرهەمهێنانی کلیشە و توندوتیژی لەسەر شاشەکاندا
بێریڤان ساکین ڕوونیکردەوە، زنجیرە دراما تەلەڤزیۆنییەکان کە لە ماردین و دەوروبەری وێنە گیراون، ژیان، مێژوو و کولتووری گەلی کورد بە شێوازێکی دوور لە ڕاستی نیشان دەن و ئەم بەرهەمانە تێگەیشتنە لە قاڵببووەکان لەسەر کورد دووبارە دروست دەکەنەوە، هەروەها خێزانە کوردییەکان لەم زنجیرە درامایانەدا تەنها بە پەیوەندییە خێڵەکییەکان، "کوشتن بە ناوی شەرەف و تۆرەکانەوە" و توندوتیژی دژی ژنانەوە نیشان دەدرێن، ئەم گێڕانەوەیەش ڕاستیی کۆمەڵگەی کوردی نیشان نادات.
بێریڤان ساکین ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کەسانەی ئەم زنجیرە درامایانە دروست دەکەن بێ ئەوەی گەلی کورد و ئەزموونە مێژووییەکانیان بناسن، هەڵسوکەوتیان کردووە و وتی: ئایا ئەو کەسانەی ئەم زنجیرە درامایانە دروست دەکەن ئەم گەلە دەناسن؟ ئایا ئەو هەست و ئازار و ئەزموونانەی گەلی ئێمە دەزانن؟ ئایا ئەمانە لە بەر چاو دەگرن؟ نەخێر، من وای بۆ ناچم، ئێمە لەم زنجیرە درامایانەدا پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ کولتووری کوردییدا نابینین، ناکۆکییەکانی نێوان ژنێکی جوان و هاوژینەکەی، ئەوەی پێی دەوترێت ”کوشتن بە بیانوویشەرەف”، بە بەردەوامی نیشان دەدرێن، ئەم کلیشەیانە دیسانەوە پێشکەش بە ئێمە دەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ ژنێکی کورد لە ناو کولتوورێکی دەستکرددا ناژێت وەکو ئەوەی لەم زنجیرە درامایانەدا نیشان دەدرێت.
بانگەواز بۆ ئەکتەران و هەڵوێستی کۆمەڵایەتی
بێریڤان ساکین، ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە وێناکردنی ژنکوژی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ماردین و ڕایگەیاند، کە ئەم گێڕانەوەیانە کێشە ڕاستەقینەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان دەشێوێنن و زیان بە یادەوەریی بەکۆمەڵی شارەکە دەگەیەنن.
بێریڤان ساکین ڕایگەیاند، بەشێک لەو کەسانەی کە کار لەسەر زنجیرە و پڕۆژە فیلمییەکان دەکەن لە بازنەی ئەون و ئەم دۆخە هێندەی تر دڵتەنگی دەکات، بانگەوازی ئەو کەسانەی کرد کە تێوەگلاون لەو پڕۆژانەی کە کولتوور و ناسنامەی کوردی تێکدەدەن وتی: هەندێک لەو ئەکتەرانەی کە کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکەن هاوڕێی ئێمەن، هەندێکیان هێشتا ئەم کارە دەکەن، پێویست ناکات بە تاک ناویان بنێین،بەڵام ئەگەر بتوانن پێویستە لەو جۆرە پڕۆژانە بکشێنەوە، ئەمەیە کە بەڕاستی دڵتەنگ و ئازارم دەدات.

"هێزی گۆڕانکاری لە دەستی گەلدایە"
بێریڤان ساکین جەختی لەوە کردەوە، کە بینەر و ڕێژەی بینین بۆ بەردەوامیی ئەم بەرهەمانە زۆر گرنگن و دەبێت بۆچوونی گشتیش لەم بابەتەدا بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت، هەروەها هۆشدارییدا لە بەرامبەر سەیرکردنی ئەم زنجیرە درامایانە و پشتگیریی بۆچوونی گشتی بۆیان، بە تایبەتیش بۆ گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ.
بێریڤان ساکین لەبارەی ئەم بابەتەوە وتی: کاتێک ئەم زنجیرە درامایانە بڵاو دەبنەوە، دەبێت گەلی ئێمە سەیریان نەکات، ئەگەر ئەم بەرهەمانە سەیر نەکرێن، دەزانین کە بەردەوام نابن، هێز لە بەرامبەر ئەمەدا دیسانەوە لە دەستی گەلی کوردی خۆیدایە، دەبێت گەنجەکانمان لەم بابەتەدا هەستیار بن و باوەڕ بەم فێستیڤاڵ و بەرهەم لەم بابەتانە نەهێنن.
بێریڤان ساکین باسی لەوە کرد، کە تەنها ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سیاسەتەکانی ئاسیمیلاسیونی کولتووری بەس نییە، بەڵکو دەبێت چالاکیی کولتووری و هونەریی جێگرەوەش گەشەی پێ بدرێن، هەروەها دەبێت گەلی کورد فێستیڤاڵ، شانۆ و چالاکییە مووزیکییەکانی خۆی بەهێز بکات.
بێریڤان ساکین باسی لە "فێستیڤاڵی ڕێگەی کولتوور" کرد کە ئەمساڵ بۆ جاری دووەم لە ماردیندا بەڕێوە چوو و ڕایگەیاند، دەبێت کولتووری کوردی بە بەها و میراسە مێژووییەکەیەوە بپارێزرێت و وتی: لە جیاتی ئەوەی تەنها دژی فێستیڤاڵەکانی ئەوان دەربکەوین، دەبێت فێستیڤاڵی کولتوور و هونەر، شانۆ و چالاکییە مووزیکییە جێگرەوەکانی خۆمان بەهێز بکەین، چونکە کولتووری ئێمە زۆر کۆنە و خاوەن مێژوویەکی زۆر درێژە، ئەمەش گرنگترین شتە کە دەبێت ئێمە وەکو توێژەرانی کولتووری ئەنجامی بدەین، دەبێت کۆ ببینەوە و کولتووری خۆمان گەشە پێ بدەین.

ڕۆڵی خێزان لە پاراستنی زماندا
لە کۆتای قسەکانیدا، بێریڤان ساکین جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە گواستنەوەی کولتووری لەناو خێزاندا دەست پێبکات و سەرنجی بۆ گرنگی پەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی دایکی ڕاکێشا، وتی: توێژینەوەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە تەنانەت دایکانیش چیتر بە زمانی کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان گفتوگۆ ناکەن، ئەمە کەموکورتییەکی گەورەیە، ئەگەر مێژوو و بەهاکانمان بە باشی بزانین، دەتوانین ئەم جۆرە مەترسیانە و سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن تێپەڕێنین، پێویستە لە ماڵی خۆماندا، لەناو خێزانەکانماندا بە زمانی خۆمان قسە بکەین، هونەر و کولتوورەکەمان بە زیندووی بهێڵینەوە و بیگوازینەوە بۆ نەوەی نوێ، وەک کرێکارانی ڕۆشنبیری هەموومان بەرپرسیارێتی گەورەمان لەسەر شانە.