تاڵیبان: ڕۆڵی ژن منداڵ خستنەوەیە، بەشداریکردنیان لە حکومەت پێویست نییە

تاڵیبان بەڵێنی دابوو حکومەتێکی دیموکراسی پێکبهێنیت تیایدا مافی ژنان بدات، بەڵام دواجار ئەرکی ژنان سنوردار دەکات و دەڵێت "ژنان تەنها ڕۆڵیان دروستکردنی منداڵە".

ناوەندی هەواڵ

 

پاش ئەوەی ڕۆژی ٢ی ئەیلوول دەیان ژن لە هەردوو شاری کابولی پایتەخت و پارێزگای هەرات داوای مافەکانیان کرد، بەڵام بزوتنەوەی تاڵیبان مافی ژنانی بۆ خوێندن و کارکردن بە تەواوی ڕەتکردەوە.

 

مەلا هاشمی، وتەبێژی تاڵیبان ڕۆژی ٨ی ئەیلوول لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرای کرد، ڕۆڵی ژنان سنوردارە و تەنها بۆ خستنەوەی منداڵە و جیا لەوە ناتوانن بەشداری حکومەت و سیاسەت ببن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری ئەم سنوردارکردنە نەتوانینی ژنانە و وتی "ژنان ناتوانن خاوەن بڕیار بن".

 

سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی لە لایەن ژنانی ئەفغانییەوە ئەنجام دەدرێت ئەو وتەبێژە وتی: "ئەو چوار ژنەی نوێنەرایەتی ژنانی خۆپیشاندانەکە دەکەن نوێنەری هەموو ژنانی ئەفغانستان نین".

 

براميلا باتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی: "بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و حکومەت یەکەم هەنگاوی دیموکراسییە، سنوردارکردنی تاڵیبان بۆ ژنان دەریدەخات دیموکراسییەک نییە لە لایەن تاڵیبانەوە بۆ ژنان".

 

پێشتر تاڵیبان بەڵێنی دابوو ڕێز لە ژنان بگرێت هەروەها مافەکانیان دەستەبەر بکات و حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنێت، بەڵام دواتر لە بەڕێوەبردنی حکومەتەکەی ناوی هیچ ژنێکی تێدا نییە و وەزارەتی کاروباری ژنانیشی لابردووە کە پێشتر لە حکومەتی ئەفغانستاندا بوونیان هەبووە.