لە ئەنجامنامەی ڕاوێژی ژنانی کورد لە ئەوروپا کاری جدی دژ بە داگیرکارییەکان دەکرێت
ئەنجامنامەی ڕاوێژی ژنانی کورد لە ئەوروپا بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاردا کە کۆنفرانسی سێیەمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان ئەنجامبدرێت و دژی داگیرکارییەکان کاری جدی بکرێت.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٥ی ئەیلول کۆنگرەی ڕاوێژی ژنانی کورد لە ئەوروپا لە وڵاتی هۆڵەندا، دژی داگیرکاری و هێرشەکانی سەر کوردستان بەڕێوەچوو، وەک ئەنجامنامە ١٣ بڕیاری گرنگ دران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان.
ڕاوێژی ژنانی کورد لە ئەوروپا لە ١٣ خاڵدا بڕیاریدا:
١- پێکهێنانی دەستپێشخەریی ژنانی کورد بۆ دەستێوەردانی بەپەلە لەدژی داگیرکاریی.
٢- داوا لە پەدەکە دەکەین کۆتایی بە شەهیدکردنی گەریلایانی ئازادیی بهێنێت و چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاشکرا بکات، ەک نادیارن و چیتر پەدەکە ڕێگا بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک خۆش نەکات و بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەڵسوکەوت بکات.
٣– پێویستە شاندێک لەدژی داگیرکارییەکان بەپەلە بنرێتە باشووری کوردستان.
٤- گەشەپێدان بە ڕێکخستنی ژنان لە چوارچێوەی یەکێتیی نەتەوەیی و بەپێی پیشەکانیان، وەکو هونەرمەند، ئەکادمییەکان، سیاسەتمەدار، دایکانی شەهیدان و هتد.
٥- جەختکردنەوە لەسەر بەشداریی ژنان لەناو ئەو گفتوگۆ و بڕیارە سیاسییانەی، کە سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێن.
٦- دروستکردنی دەستەکانی ژنان بۆ کۆبوونەوەی نەتەوەیی لە کاروباری دیپلۆماسیی دژی داگیرکاری.
٧- ناردنی نامە بۆ ژنانی کاندیدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دژی هێرش و پەلامارەکانى دەوڵەتی تورکى داگیرکەر.
٨- ناردنی پەیام بۆ ژنانی ناو پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنان تا لە دژی داگیرکارییەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕن.
٩- داوا لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسی سێیەمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان دەکەین کە کۆبوونەوەی بەپەلە بیەسترێت، تاوەکو ڕێگرى لە هەڕەشەکانی سەر کوردستان بکرێت.
١٠- داوا لە هەموو پارت و ڕێکخستنە سیاسییە کوردییەکان دەکەین تاوەکو ڕێز لە ئیرادەی سەربەخۆی ژنان بگرن و دەرفەت بە ژنان بدەن تا لەسەر یەکێتی نەتەوەیی کارەکانیان ئەنجام بدەن.
١١– ڕاوێژەکەمان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکو بەپەلە ڕۆژنامەوان و چالاکوانە دەستگیرکراوەکانى بادینان ئازاد بکەن.
١٢- داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو ڕێگرى لە تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێران لەناو خاکی باشووری کوردستان بگرێت.
١٣- داواکارین لە هەموو کوردێک وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی، لەپێناو ئازادکردنی ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی کە هێشتا بێسەروشوێنن، تێبکۆشن.
ت.پ