تاڵیبان خۆپیشاندانی مافی ژنان لە کابوڵ تێکدەشکێنێت
لە دوای دەست بەسەرداگرتنی ئەفغانستان بەرپرسانی تاڵیبان خۆپیشاندانێکیان شکاندووە، کە لە لایەن دەیان ژنەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان ڕێکخرابوو.

ناوەندی هەواڵ
ژنانی بەشدارببوی خۆپیشاندانەکە دەڵێن: "تاڵیبان بە گازی فرمێسکڕێژ و پریشکی بیبەر هێرشیکردووە کاتێک هەوڵیاندا لە پردێکەوە بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بڕۆن".
بەڵام بە گوێرەی هەواڵی تۆلۆ نیوز میدیای ئەفغانستان، تاڵیبان خۆپیشاندانەکەی بۆیە تێکشکاندووە چونکە لە کۆنتڕۆڵی خۆی دەرچووە.
ئەمە نوێترین خۆپیشاندانە لەلایەن ژنانەوە لە کابوڵ و هەرات کە کراوە و ژنان داوای مافی کارکردن و بچوونە ناو حکومەتەوە دەکەن چونکە تاڵیبان وتویەتی لە ڕۆژانی داهاتوودا پێکهێنانی ئیدارەیان ڕادەگەیەنن و ژنان دەتوانن بەشدار بن لە حکومەتدا، بەڵام پۆستی وەزارییان نییە.
زۆرێک لە ژنان ترسیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شێوازەی کە پێشتر تاڵیبان لە دەسەڵاتدا بوون، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ و ٢٠٠١ کە ژنان ناچار بوون بۆ چوونە دەرەوە ڕوویا داپۆشن و پەچە بکەن.
ئەزیتا نازمی ڕۆژنامەنووس بە تۆلۆ نیوزی وت: "٢٥ ساڵ پێش ئێستا کە تاڵیبان هات، ڕێگریان لێکردم بچمە قوتابخانە، دوای ٢٥ لە فەرمانڕەواییەکەیان، خوێندم و زۆر کارم کرد لەپێناو داهاتوویەکی باشترماندا ڕێگەنادەین ئەمە ڕووبدات".