تابان شێخ عەبدوڵا: ژنان بە تێکۆشانەکانیان لە ناوچەکەدا قۆناغەکانی ڕێگریان تێپەڕاند
ژنانی کورد بە خەبات، بەشێکی گرنگیان لە مێژووی بەرخۆدانی نەتەوەیی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیوەتەوە، تابان شێخ عەبدوڵا گەرمیانی، نووسەر دەڵێت: سەرەڕای جیاوازی بارودۆخی سیاسی و کولتووریی پارچەکانی کوردستان، ژنان بە ئیرادە بەربەستەکانیان تێپەڕاند.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورددا، ژنان تەنها شاهیدی ڕووداوە سیاسی و نەتەوەییەکان نەبوون، بەڵکو بە بەشدارییەکی چاڵاک و کاریگەرەوە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووەیان نووسیوەتەوە، ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستاندا، لە نێوان سنووری داگیرکاری، جیاوازییە کولتوورییەکان، توندوتیژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سیستەمە پیاوساڵارەکاندا، هەنگاویان بەرەو ئازادی و ماف و بەشدارییەکی یەکسان ناوە، ئەوانەی ڕۆژێک بەشدارییان لە خەباتی چەکداری و بەرخۆدانی شاخدا دەکرد، ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەت، پەروەردە، ڕۆژنامەوانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا بەردەوامن لە گۆڕانکاری و دروستکردنی داهاتوویەکی جیاواز، بەڵام ئەم خەباتە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بە یەک شێوە نەبووە، هەر پارچەیەک بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆی ڕێگایەکی تایبەتی بڕیوە و ئەزموون و دەستکەوتی جیاوازی تۆمار کردووە، ئەوەی گرنگە، ئەوەیە ئەم ئەزموونانە ببنە پردێک بۆ تێگەیشتن لە یەکتر، فێربوون لە بەرخۆدانەکان و بەهێزکردنی هاوپەیوەندیی نێوان ژنانی کورد لە هەموو پارچەکاندا.
تابان شێخ عەبدوڵا گەرمیانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بە باسکردنی ئەزموونی خەباتی ژنان لە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم خەباتە دەخاتەڕوو، لە گۆڕانکارییە یاسایی و سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە، تا ڕۆڵی ژنان لە بەرخۆدانی چەکداری و خەباتی سیاسی لە پارچەکانی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەباتی ژنان سنووری شاخ و شار و حزب و ڕێکخراو ناناسێت، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندایە.
" ژنان لە شاخدا تەنها ئامانجیان ئازادی و سەرکەوتنی شەڕەکان بوو، بەڵام لە شار بە کرداری هەوڵیان بۆ گۆڕانکارییەکاندا"
تابان شێخ عەبدوڵا گەرمیانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە دابونەریتی سیاسەتی پارچەکانی کوردستان بەسەر کولتووری ئەو داگیرکەرەی داگیری کردووە دابەشبوون، ئەو بارودۆخە سیاسییە لە هەرچوارپارچەی کوردستان ژنانی دووچاری توندوتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردوەتەوە، وتی: لە باشووری کوردستان لە دوای شۆڕشی گەلی کورد لە دوای ساڵی ١٩٩١، ژنان دەستەوەستان نەوەستان، خەبات و تێکۆشانەکانیان فراوانترکرد و خەباتی شاخیان کردە ڕابردوو، ژنان لە شاخدا تەنها ئامانجیان ئازادی و سەرکەوتنی شەڕەکان بوو، بەڵام لەدوای هاتنیان بۆ شار، بە کرداریی هەوڵیان بۆ گۆڕانکاریی دا، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەو ڕادوێی پەیوەست بە ژنانیان دامەزراند، گۆڕانکاریان لە ناو یاساکانی عؤێڕاقداکرد، کە یاسای عێراقی ژنی بە پلەدوو هەژماردەکرد، ژنان تێکۆشان و هەمواری یاسای باری کەسی عێراقیان پەسەند نەدەکرد، هەروەها ڕێژەی ژنان لە دامودەزگا یاسادانان و جێبەجێکردن لە حکومەت و پەرلەماندا بە ڕێژەی لە ٪٢٥، بەشداریان هەبووە، لەکاتێکدا هیچ ژنێک مۆڵەتی بوون بە وەزیرو ئەندام پەرلەمانی لە باشووری کوردستان لە ڕژێمی پێشوو نەبوو، بەڵام بە تێکۆشانەکانی ژنان لە ناوچەکەدا قۆناغەکانی ڕێگریان تێپەڕاند، هەروەها ژنان لە باکووری کوردستاندا هاوشانی پیاوان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لەمێژە تێکۆشان دەکەن، ژنان لە خەباتی سیاسی و سەربازیدا لە پەرلەمان و لە شاخدا ڕۆڵی کارایان دژ بە دەسەڵات هەبووە، لە باکوور و باشوورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ژنان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاند کە دەوترا خەباتی پارتیزانی تەنها بە پیاوان ئەنجامدەدرێت، ژنان لە خەباتی چەکداری ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، دواتر لە خەباتی سیاسییدا جێیان گرت و ڕۆڵی گەورەیان لە گۆڕانکارییە ساسیی و نەتەوەیەکاندا هەبووە، چەندین ساڵە ژنان لە پارچەکانی کوردستان بەرەوڕووی ڕژێمی دڕندە دەوەستنەوە، دەستکەوتی گرنگیان بۆ مێژووی گەلی کورد تۆمار کردووە.
" ژنانی شەڕڤان مۆرکێکی جوانی خەباتی چەکداری ژنانە"
ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی ژنان دەنگدانەوەی گرنگی لە جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها تێکەڵکردنی حزبە کوردییەکان بە سوپای سووریا چەندین دەنگۆ و ناڕەزای بەدوای خۆیدا هێنا، زۆرێک لە شیکردنەوەکان بە هۆکاری دروستبوونی کێشە دەیانبینی، بەڵام ژنانی شەڕڤان بە خۆڕێکخستنەوە و ئاماژەدان بە چەند خاڵێکی گرنگ ملکەچی ئەو یاسایانە نەبوون، ژنانی شەڕڤان مۆرکێکی جوانی خەباتی چەکداری ژنان بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و شکۆیەکە بۆ گەلی کورد لە جیهاندا، من دەستم لەسەر دڵ مبوو لە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای عێراقدا، بەڵام خۆشبەختانە شکۆی هێزەکانی کوردو ژنان لەوێدا بە پیرۆزی و لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ دەمێنێتەوە.
" ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان عەقڵیەتی پیاوسالارییان تێپەڕاند"
تابان شێخ عەبدوڵا وتیشی: هەروەها ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشێوەی ژنانی دیکەی پارچەکانی کوردستان خەبات دەکەن، من چەندین ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوم، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ژنان لەوێ کاتێک زانکۆیان تەواودەکرد، خەبات و تێکۆشانیان لە شاخەکاندا ئەنجام دەدا، سەرنجی منی زۆر ڕاکێشا چونکە لە باشووری کوردستان ژنان کەمێک پەیوەستی دابونەریتەکانی ناو خێزانەکان بوون، ڕێگە بە ژنان کەم دەدرا بە تەنیان بەبێ بوونی پیاوێکی خێزانەکەی لە بارەگاکانی پێشمەرگەدا ڕۆژبکەنەوە، بەڵام ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئەقڵیەتەیان تێپەڕاند، لە دامەزراندنی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ژنان پێشمەرگە بوون، تا ئێستاش ژنان لە ناو ئۆرگانە سەربازییەکاندا ڕۆڵی گرنگیان هەیە، هەروەها کاری ڕێکخراوەیی ئەنجام دەدەن، کە تێکۆشانێکی گرنگە لە ناو ڕژێمێکی لەوشێوازەی ڕۆژهەڵاتدا.
"، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان پڕۆسەی سەرکەوتن هەیە"
تابان شێخ عەبدوڵا گەرمیانی لە کۆتاییدا وتی: لە دوای خەباتی چەکداری ساڵی ١٩٩٢ لە باشووری کوردستاندا، دیمەنی ژنان لە ناوچەکەدا بووە وانەیەکی جیاواز لە خەباتیان بەگوێرە کولتووری تێکۆشانەکانیان، پێویستە هەر بەرخۆدانێک بۆ بەرخۆدانێکی دیکە ببێتە وانە، دەتواندرێت ژنانی خەباتکار لە تەواوی پارچەکان وانە لە یەکدی وەربگرن تا بتوانن باشتر خەبات و تێکۆشانەکان ئەنجام بدەین، بە هەمان هەڵەی یەکدیدا خەبات نەکەین، هەروەها خەباتی ژنانی باشووری کوردستان و هاتنەوەیان لە دوای سەرکەوتن بەسەر داگیرکەردا جیاوازی هەیە لەگەڵ ئێستادا، چونکە دەزانین لە ئێستادا پڕۆسی ئاشتی بوونی هەیە، لە تەواوی پارچەکاندا پڕۆسەی سەرکەوتن هەیە، ئاشتی لە باکووری کوردستاندا بوونی هەیە، هیوادارین ببێتە ڕۆسەی سەرکەوتنی گەلی کورد لە تەواوی باکووری کوردستان و پارچەکانی دیکە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوشێوەی پارچەکانی دیکە هیوای ئاشتی بۆ دەخوازین، هیوای ئازادبوونی بۆ دەخوازین، ئامانجمانە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئاستی و پێکەوەیدا ببینین، پێویستە ئێمەی ژنان لەگەڵ تەواوی گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابووری و چەکدارییەکان لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا خۆمان بگونجێنین.