سزای لەسێدارەدان بۆ عەجاج دەرچوو

دوای دواخستنی دادگایی کردنی بۆ ئەمڕۆ، بەگوێرەی زانیارییەکان لەناو دادگای رەسافە، دادوەر بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج، جەلادەکەی نوگرەسەلمان دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

عەجاج، جەلادەکەی نوگرەسەلمان، دوای دەستگیرکردنی، لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە کە خۆی دەبینێتەوە لە 'کوشتنی ڕاستەوخۆی چەندین کەسی ئەنفالکراو لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییدا، برسیکردنی دەستبەسەرکراون، پێدانی خواردن و خواردنەوەی ناتەندرووست، هەروەها دانی بەوەداناوە، بە سێ ژەم تەنها سەمونێکی داوە بە ئەنفالکراوان، بەرپرسی گرتووخانەی نوگرە سەلمانیش بووە.

 

یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی عەجاج لە ڕۆژی ٧ی ئایاری ئایاری ٢٠٢٦ لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە ٠دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە بەغدادی پایتەختی عێراق، هەمان ئەو دادگایەی سەددام حوسێن و سەرانی دیکەی بەعسی تێیدا دادگای کرا، بە ئامادەبوونی لیژنەی دادوەری کەیسی عەجاج کە خۆی لە دوو دادوەر و سێ پارێزەر، هەروەها ئامادەبوونی ٢٢ گەواهیدەر لەو کۆی ٣٠٠ کەسی سکاڵاکار، بەڕێوەچوو.

 

دادوەر پاش وتەلێوەرگرتنی گەواهیدەران "کەسوکاری ئەنفالکراوان"، بڕیاری بە دواخستنی دادگایەکە دا بۆ  ئەمڕۆ ١٤ی ئایار، ئەمڕۆ دادگاییەکەی بەڕیوەچوو وتە لە تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان وەرگیراو بەپێی زانیارییەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

 

عەجاج کێیە و چۆن دۆزرایەوە؟

عەجاج ئەحمەد حەردان، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٢ـی تکریتە کە هاوشار و هاوهۆزی سەددام حوسێنە، لە ساڵی ١٩٨٦ کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی تەواوکردووە، پاش دوو ساڵ بە پلەی ڕاید، دەبێتە بەرپرسی ئاسایشی زیندانی کامپی  نوگرەسەلمان، کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو درووستکراوە و دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سەلمانی پارێزگای موسەننا لەسەر سنووری نێوان عێراق-سعوودییە. لەسەر دیواری زیندانەکە نووسینی 'بەخێربێن بۆ دۆزەخ'، نووسراوە.

 

چۆنێتی ئاشکرابوونی عەجاج

لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٥ پاش ٣٧ ساڵ پاش شاڵاوی ئەنفالە، ژنێک لە ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان بەناوی 'فەزیڵە موحەممەد'، لە کاتی یادکردنەوەی کەسوکارەکانی لە بیابانەکانی نوگرەسەلمان، 'کە فەزیلە ئەوکات لە تەمەنی ١٥ بۆ ١٦ ساڵیدا دەبێت، لە ماوەی پێنج مانگ مانەوە لە زیندانەکە، لە کۆی هەشت کەس لە خێزانەکەی سێ کەسیان شەهید دەبن کە برایەکی و دوو خوشکێتی بە ناوەکانی قادر تەمەن شەش ساڵ، کامیلە تەمەن هەشت ساڵ و ماهیرەی تەمەن شەش مانگ'، لەو کاتەدا دوو پیاوی عەرەب دێنە لای فەزیڵە و پاش پرسیارکردن، 'لە بارەی دۆخی و ئەم ئێسکوپروسکانە هێ کێیە وا بۆی دەگریت'، کە ئێسکوپروسکی خێزانەکەی فەزیڵەن و بە دەستی عەجاج کوژراون، پێی دەڵێن "عەجاج زیندووە و ماوە لە ژیاندایە"، ئەمەش لە کاتێکدایە باس لەوەدەکەن کەسانی گەواهیدەر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەو زانیارییەیان بە فەزیڵە دابێت، لەو کاتەوە بەدواداچوون بۆ ئاشكرابوونی عەجاج دەستپپیکرد، کە پاش لە چەند مانگێک لە هەوڵی کەسیی فەزیڵە، دواجار لە ئەنجامی سکاڵای فەزیڵە، جەلادەکەی نوگرە سەلمان لە نێوان ٣١ی تەمووز بۆ ١ی ئابی ٢٠٢٥ لە لایەن دەزگای ئاسایشی عێراقەوە لە قەزای زولووعییەی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر  کرا.