سیمینارێک بە ناوی پاراستن و بەهێزکردنی زمانی کوردی بۆ ڕۆژی زمانی دایک ئەنجامدرا
ئەمڕۆ لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی سیمینارێک بە ناونیشانی "پاراستن و بەهێزکردنی زمانی کوردی بەرامبەر هەژموونی زمانەکانی دیکە" ئەنجامدرا. سلێمانی
ئەمڕۆ لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی سیمینارێک بە ناونیشانی "پاراستن و بەهێزکردنی زمانی کوردی بەرامبەر هەژموونی زمانەکانی دیکە" ئەنجامدرا.
سلێمانی
لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایان و خاوەن بڕوانامەکان لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە بەشداربوون، لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا لەلایەن مامۆستایانەوە لە بەشەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و وەرگێڕانەوە باس لە دۆخی ئێستای زمانی کوردی کرا.
هەروەها جەخت لەوەکرایەوە، کە زمانی کوردی زمانێکی ڕەسەنە و بە یەکێک لە شا زمانەکان دەدەنرێت، بەڵام پێویستی بە پاراستن و بەهێزکردن هەیە لەو هەژموونەی ئێستا ڕووبەڕووی زۆرێک لە زمانەکان بووەتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکرا، کە پێشتر زیاتر لە ١٢ هەزار زمان هەبووە، بەڵام بەهۆی نەمانی ئەو کەسانەی کە بەو زمانە قسەیان کردووە زمانەکە مردووە، ئێستا لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار زمان لە جیهاندا هەیە، بۆ ئەمساڵیش دروشمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژی جیهانی زمان فێربوونی چەند زمانێکە لە ڕێی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە.
لە بەشی دووەمیشدا کۆمەڵێک لە قوتابییەکان سیمیناریان لەبارەی زمانەوە پێشکەشکرد.
هاوکات شیلان عومەر مامۆستا لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی بۆ ئاژانسەکەمان دەربارەی سیستمی جووت زمانی لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە پێڕەوی جووت زمانی یەکێکە لە پێڕەوەکان کە لە پرۆسەی پەروەردەدا لە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەییدا لە وڵاتان جێبەجی دەکرێت، بەڵام ئەم پێڕەوی جووت زمانیە مەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە، وتی: "نابێت ئێمە هەڕەمەکیانە و خۆبەخۆییانە ڕێگە بدەین بە بێ ئەوەی بزانین چۆن کاردانەوەیەکی دەبێت لەسەر پڕۆسەی زمان پژانی منداڵ لەسەر زمانی دایکی منداڵ، دواتریش لەسەر بیرو بیرکردنەوە و لایەنداری نەتەوایەتی و ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی ئەو تاکە، بۆیە دەبێت ئێمە ڕەچاوی هەموو ئەو مەرجانە بکەین".
ئەوەشی خستەڕوو کە کردنەوەی هەموو خوێندنگەیەک دەبێت لەژێر فلتەر و لە ژێر بنەمایەکدا بێت کە وەزارەتی پەروەردە ڕێگەی پێبدات، هەروەها دانانی وانەکانیان بە زمانی دووەم بە جۆرێک بێت کار نەکاتە سەر زمانی یەکەم، دەبێت خوێندنی زمانی دووەم بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی یەکەم بێت نەک ببێتە کێبڕکێ کردن لەگەڵ زمانی یەکەمدا، وتیشی: "بەداخەوە کە ئێمە ئیستا لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ زمانی دووەم دەکەین بەجۆرێک زمانی دووەم هەژمونی پەیدا کردووە بەسەر زمانی یەکەمدا، بووەتە زمانی سەرەکی و زمانی شکۆداری لای تاکەکان کە ئاستی ڕۆشنبیریان بەوە دەبیننەوە کە بە زمانی دووەم و سێیەم قسە بکەن، زمانی یەکەمیان بە لاوەکی و بێڕێزی سەیرکردووە".
دەربارەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی زمانی دووەم، شیلان عومەر وتی: "کاریگەری ئەوەیە کاتێک زمانی دایکی منداڵ دەشێوێنین زمانی نەتەوەیی دەشێوێنین و گرفتاری لە لایەنی دەرونی بۆ ئەو منداڵە دروست دەبێت چونکە کەسێکی کەم دوو کەسێکی گۆشەگیر دەبێت، ئەو زمانەی پێی دەخوێنیت ئەو زمانە نییە کە لە کۆمەڵدا بەکاری دەهێنێت بۆیە وای لیدەکات لە لایەنی دەروونیەوە خۆ خواردنەوەی تێدا هەبێت نەتوانێ وشە و دەستەواژەو زاراوەی هەبێت کە گوزارشت لە هەست و نەست و مەیل و خواست و خولیاکانی بکات، ئەم گۆشەگیریە دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی، کەسێک دەبێت حەزی بە تێکەڵاوبون نییە، خاڵێکی دیکەش کاردانەوەی دەبێت لەسەر لایەنی زمانی کە بەداخەوە لە زمانی دایکەوە ناکامڵ دەبێت ئەمەش لەسەر پەروەردەکەی چونکە لە پڕۆسەی پەروەردەدا ئەوەندەی خەریکی فێربونی وشەی زمانی دووەم دەبیت ئەوەندە فیری واتای زمانی دایکی نابێت".
لە کۆتای قسەکانیدا ئەوەی خسەڕوو کە ئێستا لە بنەماکانی نەتەوەیەکگرتوەکان دەستنیشان کراوە هەر منداڵێک بە زمانی دایکی نەخوێنێت بە نەخوێندەوار دیاری دەکرێت، بۆیە ئاستی ڕۆشنبیری و وەرگرتنی بەهاو چاندنی بەهاو کەسێتی هەموو ئەمانە بەستراوەتە بەوەی چەنێک تۆ کامڵیت لە زمانی دایکتدا.