سەوزە؛ خواردنی سەرەکی خوانی کوردی بۆ تەندروستییەکی باش
لەمێژە ژنانی کورد سەوزە وەک دەرمان بۆ زۆر نەخۆشی و تەندروستییەکی باش بەکاردەهێنن، هەربۆیە بەردەوام خوان و سفرەکانیان بە سەوزە ڕازاوەتەوە، ژنانی گەنج و بەتەمەنی هەڵەبجە دەچنە باخەکان و سەوزەو میوە بە تازەیی لێدەکەنەوە.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ژنانی کورد زیاتر گرنگی بە سەوزەکان بۆ خواردنی سفرەو خوانی خێزانەکانیان دەدەن و لە ئیستاشدا زۆر هەول دەدەن دووربکەونەوە لە بەرهەمی هاوردەکراو یان پارێزراو، هەربۆیە ڕوو دەکەنە ئەو باخانەی سەوزەی تێدایەو بەدەستەکانی خۆیان هەم سەوزە دەچێنن، هەم سەوزە لێدەکەنەوە، یەکێک لەو باخانە باخی یاری-یە کە زیاتر لە ٢٢ جۆر سەوزەی تیادایەو ژنان بە دەستەکانی خۆیان سەوزەکەی لێدەکەنەوە تاوەکو لە نەخۆشی و ناتەندروستی بەدوور بن.
دوو نموونە لە بەردەستمانە ژنانی گەنج و ژنانی بەتەمەن کە لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا گرنگی بەخواردنی سەوزە دەدەن، نۆش عارف ژنێکی گەنجە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: پاش ئەوەی گرتە ڤیدیۆیی بینییووە دەرابرەی باخی یاری کە تایبەتە بە سەوزەو میوە، لەگەڵ خیزانەکەی سەردانی باخی سەوزەکەیان کردووە چونکە سەوزەو میوەکان بەتازەیی لێدەکەنەوەو لە سەر سفرەو خوان دایدەنێن و ئارەزووی خواردن زیاد دەکەن.
"سەوزەی بازار دەبیتە هۆی تیکدانی هۆرمۆن و نەخۆش کەوتن"
نۆش عارف کەلەگەڵ خیزانەکەی هاتووە ئاماژەی بەوەکرد، سەوزەی بازار نازانی چۆن بەرهەم هاتووەو چۆن ئاو دراوە بەڵام ئەم سەوزەیە تازەیەو خواردنی زیان بەتەندروستی ناگەیەنێت وتی: سەوزەکانی تر دەبیتە هۆی تێکدانی هۆرمۆن بەلام بەدەستی خۆت سەوزە دەکەنین و ڕووی راستەقینەی دەبینین، ئیتر هەست بەدڵنیایی دەکەین و خێزانەکان دووربکەونەوە لە بابەتی هێننراو ئەگەر سەوزەو میوەش بیت.
سەلما قادر محەمەد ژنیکی بەتەمەنە بەڵام ڕیگایەکی دووری بڕیوە تاوەکو سەوزەیەکی پاکی دەست بکەوێت لە سەوزە جۆر بەجۆرەکان وتی: چونکە تەندروستەو گرنگە بەکاریان بهێنین نەوەک ئەوانەی لە کیڵگەی کە ئاژەل دەچێتە ناوی و پیس دەبێت.
"سەوزە هەیە وەک دەرمان بەکاردێت"
سەلما قادر بە چیژەوە باسی لە سودەکانی گیا و سەوزەکانی دەکرد و وتی: ئەمە گۆزروانە لەگەل هەنگوین تیکەڵی بکە بۆ دڵ باشەو سەرجەمیان وەکو دەرمانی کوردەواری بەکار هاتوون لە کۆندا، بەمەرجێک شوێنەکەی پاک بووبێت بۆیە گیاکان دەرمانخانەی کوردەوارین و دەبیت هەموو ژنیک گرنگی بە شتە سروشتیەکان بدات بۆ ئەوەی دووربیت لە نەخۆشی.