سوپای عێراق لە شەنگال هێرشی کردە سەر یەژەشە و یەبەشە، شەڕ بەردەوامە
سوپای عێراق دوای هێرشی ئاسایشی ئێزدیخان هێرشی کردە سەر بنکەکانی یەبەشە و یەژەشە گەلیی شیلۆ و گوندی سکێنی سنووری شەنگال، بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا شەڕی سەخت بەڕێوەدەچێت.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ سوپای عێراق هاوکاتی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسایشی ئێزدیخان لە دیگوری شەنگال، شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و سوپای عێراقدا ڕوویدا.
دوای ئەوە ماوەیەک شەڕ وەستا و جارێکی تر سوپای عێراق بەرەو ناوەندە ئەمنییەکانی دیگور و سنون و شەنگال و خانەسۆر بەڕێکەوت، دەیەوێت دەست بەسەر ئەو ناوەندە ئەمنیانەدا بگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز، کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق هێرشی کردە سەر بازگەی جداد-ی ئاسایشی ئێزیدخان و هێزەکانی ئاسایشیش وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە شەڕ دروستبوو.
هاوکات سوپای عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی زۆری ناردووەتە گەلی شیلۆ و سکنێ، کە دەکەونە سنووری هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و هێرشیان کردەسەر خاڵە سەربازییەکانی ئەو دوو هێزە، بەو هۆیەشەوە شەڕێکی سەخت دروستبووە و تائێستاش بەردەوامە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، عێراق هێزێکی گەورەی بەرەو سنووری شەنگال و ناوچەکانی یەبەشە و یەژەشە بەڕێکردووە و باس لەوە دەکرێت، کە عێراق هاوکاتی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شەنگال.