سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم: دۆزی ژنان لە جیهاندا وەک یەکە
سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا ئاماژەی بە دۆزی ژنان کرد کە لە جیهاندا وەک یەکە، وتیشی: ئەوەی جیاوازە هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە، پێگەکەی خۆشی بە بەرهەمی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان بەناو دەکات.

ناوەندی هەواڵ
فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکەمان لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئینتەرنیوزەوە لەهۆڵی ڕۆتانای شاری هەولێر ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشكەشکرد و ئاماژەی بە دۆزی ژنان لە جیهاندا دا.
ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا دۆزی ژنان لە جیهاندا بەپێی هەلومەرجی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەڵام بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنییە کار لەسەر دزۆی ژنان بکەن.
ڕیواز فایەق سەبارەت بە پێگەی خۆی وەک سەرۆکی پەرلەمان دانیبەوەدا کە بەرهەمی کارەکانی ڕێکخراوەکانی ژنانە، وتیشی: کاتێک دێینە سەر دۆزی ژن لە هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر ڕای گشییی کەس ناڵێت دژین، ئەوانەی خۆیان بە پشتیوانی ژن دەزانن، دەستمان دەگرن، تا دەمانبەنە شوێنەکە، دواتر بەجێمان دێڵن، ئەوانەی باوەڕیان بە بابەتەکانی ژنان هەیە، لە بەرامبەر لێشاوێک لە ناحەقیی، بە جێمان دێڵن.
داواشی کرد کە کاتێک هاوکاری ژن دەکەن و دەیکەنە پۆست و پێگەیەکەوە، تەنیای مەکەن، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، پێی بڵێن و گۆڕانکاری دروست بکەن، داواکاریشە میدیا بکەنە خزمەتی ژنان و کار بە ئەنجامی توێژینەوەکان بکرێت کەلە فێستیڤاڵەکەدا دەخرێتە ڕوو.
ت.پ