سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" و شۆڕشی ڕۆژئاوا، دوو بەرەی یەک تێکۆشانن

سێ ژنی چالاکوانی سیاسی و مەدەنی خەڵکی شاری کرماشان، بەرگری لە ڕۆژئاوایان بە بەرگری لە ئازادی، یەکسانی و بەرخۆدان لە دژی ستەمکاری ناوبرد، هەروەها داوایان لە ئازادیخوازانی جیهان کرد دژی داگیرکاری و دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە یەکبگرن.

سارا غەفوری

 

کرماشان- سێ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی "هدیە.گ"، "بەردیا.ک" و "سارا.ز"، بارودۆخی ئێستای سووریا و ڕۆژئاوایان هەڵسەنگاند و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ڕۆژئاوا و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندو جەختیان لە سەر پێویستیی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی جیهانی بەرامبەر بە ستەمکاران کردەوە.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو بە ڕەمزی بەرخۆدانی هاوچەرخ"

هدیە و بەردیا و سارا بارودۆخی ئێستای سووریا و ڕۆژئاوا لەژێر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانیدا بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: شۆڕشی ڕۆژئاوا، کە بە بەرخۆدانە ناوازەکەی لە دژی تاریکپەرستانی داعش بوو بە ڕەمزی بەرخۆدانی هاوچەرخ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ساڵ گەیشتووەتە ساتەوەختێکی گرنگ و چارەنووسساز، کە پێویستی بە پشتیوانی و بەئاگابوونەوە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئازادیخوازان و لایەنگرانی دیموکراسی و یەکسانی لە هەموو جیهاندا هەیە،  ڕۆژئاوا هێمای ئومێد و بەرخۆدان و یەکسانییە و لە ئەمڕۆدا لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان دەوەستێتەوە، هەروەک چۆن سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێراندا لە دژی ڕژێمی ئیسلامی، کە بە پەتەکانیەوە بە دوای سەردا دەگەڕێت بۆ هەڵواسین، تێکۆشان دەکات؛ ڕۆژئاواش بەرەنگاری چەتەکانی تورکیا دەبێتەوە کە سەریان بۆ شمشێرەکانیان دەوێت، ئەم دوو بەرە؛ تێکۆشان و دۆزی هاوبەشن بۆ دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری.

 

"دەوڵەت-نەتەوەکان ئامانجیان سەرکوتکردنی گەلانی ئازادیخوازە"

هەروەها ئاماژە بە لێکچوونی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی، بەشار ئەسەد، تاڵیبان، عێراق، بنەماڵەی بارزانی، سیاسەتە عوسمانی – کەمالیستییەکانی ئەردۆغان و چەتەکانی تورکیا، وەک ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردنی گەلانی ناوچەکە پێناسە کردو وتیان: ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە سوود وەرگرتن لە سەرکوت و سێدارە و زیندان، هەمان ئەو سیاسەتانە پەیڕەو دەکات کە بەشار ئەسەد لە سووریا و ناوەندەکانی ئەشکەنجەدانی وەک 'سیدنایا' بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵک بەکاری هێنا، لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی ئەردۆغان بە خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەگەڵ چەتەکانی، خاکی سووریای داگیرکردووە و دەستیکردووە بە کوشتنی خەڵکی سووریا و ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم حکومەتانە سەرەڕای جیاوازییە ڕواڵەتییەکانیان، هەموویان دەوڵەت-نەتەوە گەلێکن کە ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە: سەرکوتکردنی گەلانی ئازادیخواز و ژنانی تێکۆشەر، شەڕی ئەم دەسەڵاتانە شەڕێکی هاوبەش و گشتگیرە.

 

"ڕۆژئاوا مۆدێلێکە بۆ جیهانێکی باشتر"

ئەم سێ ژنە چالاکوانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەرگریکردن لە ڕۆژئاوا بە واتای بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و مۆدێلێکە بۆ جیهانێکی باشتر ڕایانگەیاند، ڕۆژئاوا بە دروستکردنی سیستمێکی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک لەسەر بنەمای تێزەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، تەنها هیوایەک نییە بۆ گەلانی کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، چەرکەس و تورکمان، بەڵکو مۆدێلێکە بۆ هەموو گەلانی جیهان، ژنان لەم شۆڕشەدا پێشەنگەکانی بەرخۆدان و گۆڕانکارین، ئەمە ئەو ئایدیاڵەیە کە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێرانیشدا تێکۆشانی بۆ دەکات.

 

"دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا یەکبگرن"

سارا، بەردیا و هدیە لە کۆتاییدا وتیان: وەک ژنانی کرماشان، داوا لە هەموو ئازادیخوازان، فێمینیستەکان، سۆسیالیستەکان و لایەنگرانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهان دەکەین، لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و سیاسەتی سەرکوتگەرانە یەکبگرن، ''ژن، ژیان، ئازادی" تەنها دروشم نییە؛ بەڵکو مانیفێستێکە بۆ بونیادنانی جیهانێکی یەکسان و ئازاد. هاودەنگی و بەرخۆدانمان دەوێت بەرامبەر دیکتاتۆر و داگیرکەر و هێزە کۆنەپەرستەکان، ئایندە هی ئەوانەیە کە باوەڕیان بە ئازادی هەیە و تێکۆشانی بۆ دەکەن.