بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنانى ئێزدی نموونەی خوێن لە کەسوکارەکانیان وەردەگیرێت

وەزارەتی تەندروستی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شەهیدانى عێراق هەڵمەتێکی بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێنی کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی لە سنوورى نەینەوا دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە دواى هاتنى چەتەکانى داعش بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ سەرەتا پارێزگاى نەینەوایان داگیرکرد، دواتر بەرەو شنگال هاتن و چەندین کۆمەڵکوژى و تاوانى دڕندەییان دژى مرۆڤاییەتى و ئێزدییەکان ئەنجامدا، تا ئێستاش بەشێکى زۆرى ئێزدییەکان بێ سەروشوێنن و لە ئاوارەییدا دەژین.

 

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی سەبارەت بە ڕاگەیاندنى هەڵمەتێک بۆ وەرگرتنى نمونەی خوێن لە هاوڵاتییانی ئێزدی بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان لە ڕێگەی بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادوەرییەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شەهیدانى عێراق هەڵمەتێکی تایبەتی نیشتمانی دەست پێ کردووە، هەڵمەتەکەش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و نمونەی خوێنی کەسوکاری قوربانیانی ئێزدییە لە نەینەوا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی هەڵمەتەکە گەڕان و ناسینەوەی کەسانی بێسەروشوێنە، هاوکات جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی تۆکمەیە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ گەڕان بەدوای ڕووفات و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، کە ئازیزانیان بە دەستی چەتەکانی داعش کوژراون.

 

باسی لەوەشکرد، وەزارەتەکەیان بەرنامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ شاندەکانی ICRC وڵاتی سوودان ڕێکخستووە بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بنیاتنانی توانا لە بواری گەڕان بەدوای کەسانی ونبوودا، بەتایبەتی دوای پێداچوونەوە بەو میکانیزمانەی کە لە عێراق بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان پەسەندکراون، بەرنامەکە بریتییە لە وەرگرتنەوە، شیکردنەوە، ناسینەوە، ڕادەستکردن و ناشتنی ڕوفاتەكان بەپێی ستانداردە نێونەتەوەییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە لایەنە دەروونییەکان و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنەکان.