سەرچنار ئەحمەد: هەڵەبجە ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە
سهرچنار ئهحمهد ئهندامی پهرلهمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە ڕۆژی ١٦ی ئادار ئەم مێژووە بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان بووەتە هێما و ڕۆژی تەسلیم نەبوون و قوربانیدان، دەشڵێت: "وەک پێویست ئاوڕ لە هەڵەبجە نەدراوەتەوە".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220316-79185160-437828950217686-3929512338419351552-n-jpg382690-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٦ی ئادار ساڵیادی ٣٤ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و هەزاران کەسیش کە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت تا ئێاستا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەردان.
پەرلەمانتار سەرچنار ئەحمەد ڕەخنە دەگرێت لەوەی وەک پێویست خزمەت بە هەڵەبجە نەکراوە، لەو بارەیەوە نووسیویەتی: " دوای ٣٤ ساڵ لە کیمیابارانکردن و وێرانبوونی شارەکە تا ئێستاش وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوەو تاڕادەیەکی زۆریش فەرامۆش کراوە، چ لەڕووی خزمەتگوزاری و چ لەڕووی بە کرداری بوونی بێت وەک چوارەمین پارێزگا لەهەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەڵەبجە ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هەرچی حکومەتی هەرێمە هەوڵەکانی تەنها لە چوارچێوەی بەڵێنی نوسراوو بریقەدار دەرنەچووە و دروشمەکانی بۆ هەڵەبجە گوفتاری بێ کردار بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکومەتی عێراقیش خەمسارد بووە لە دۆزی بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق و تا ئێستاش نەیتوانیوە قەرەبووی برینداران و بەرکەوتوان و زیانمەندانی شارەکە بکاتەوە .
لە کۆتایی نووسینەکەیدا وتویەتی: "خەڵکی هەڵەبجە ئێستا نیگەرانەو لەبیری بایکۆت و خۆپیشاندایە وەک دوا کارتی فشار و نا ئومێدی لەهەردوو حکومەت، بەڵام هەڵەبجە هەر زیندووە و هەوڵی خۆیدەدات بەڵکو گوێیەک هەبێ بۆ بیستنی داوا ڕەوا پشتگوێ خراوەکانی".