"دەوڵەتی تورک دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت"
نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت و پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ بەڕێوەدەبات.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220317-03705-00-00-01-24-still056-jpg3e87a0-image.jpg)
سلێمانی
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لە نوسینگەکەیان لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماری پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای لەو شارە بڵاوکردەوە، داواشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کرد کاربکەن بۆ ئازادکردنەوەی عەفرین و بێدەنگ نەبن.
فەتحوڵا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردەسەر شاری عەفرین، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ژنان و گەنجان ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانییان دژ بە داگیرکارییەکان کرد، دواجار لە ١٨ی ئاداردا عەفرین داگیرکرا، لەوکاتەوە دەست بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریب کردنی شاری عەفرین کراوە، " دەوڵەوتی تورک ئێستا لە عەفرین خەریکی تاڵانکردنی خاک و کوشتن و ڕفاندنی خەڵکە و دیمۆگرافیای شارەکە دەگۆڕێت بە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی گرووپەچەتەکان و خانەوادەکانیان لە جێگایان".
ئاماری پێشێلکارییەکان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: بەگوێرەی ئامارە فەرمییە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرین دەربەدەربوون، ڕێژەی کورد لە عەفرین ئێستا کەمتر ٢٥٪ -ە و زیاتر لە ٤٠٠هەزار عەرەب هاوردەی عەفرین کراون، ناوی شوێنە گشتییەکان دەگۆڕدرێت بۆ عەرەبیی و تورکیی و ئاڵای تورکیا هەڵدەکرێت تێیدا، خوێندنگاکان کراوە بە زمانی تورکی، بەم شێوە دەیانەوێت ناسنامەی کوردی عەفرین بکەن بە عوسمانی.
٨٥ ژن کوژراون و ٧٠ ژن دەستدرێژی کراوەتە سەر
ئەوەش هاتبوو تێیدا: لەناو چوار ساڵی داگیرکردنی عەفرین زیاتر لە هەشت هەزار هاوڵاتی مەدەنیی ڕفێندراون، هەندێکیان بە پارە ئازادکراون، زیاتر لە ٦٥٠هاوڵاتی مەدەنی و ٣٠ منداڵ و ٨٥ ژن کوژراون و ٧٠ژن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و ١٢هەزار داری زەیتون سوتێنراون و نزیکەی ٣٥٠هەزار دار بڕدراون و فرۆشراون و بەهەزاران ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان دزراون و تالان کراون، هەروەها خوێندنگاکان کراون بە زیندان و شوێنی سەربازیی، لە بارەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرینەوە وڵاتی وەکو قەتەر و ئەڵمانیا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن.
دواتر لەلایەن دڵسۆز زەنگەنە، ئەندامی دەستپێشخەریی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و تێیداهاتبوو: بەردەوامین لە ئیدانەکردنی داگیرکردنی عەفرین و داوا لە ڕای نێودەوڵەتیی دەکەین، کە فشاربکەن بۆ کسانەوەی تورکیا و چەتەکانی لە عەفرین و دۆخی شارەکە ئاسایی بکەنەوە و کاربکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو هەزاران هاوڵاتییەی کە ئاوارەبوون، هەورەها سنوورێک بۆ تاوانەکانی تورکیا و چەتەکانی دابنێن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و کوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتییان.
دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگیی ئەنجام دەدات
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕەوشەن قاسم بەیاننامەی دەستەی "دەستپێشخەری نیشتمانیی بۆ عەفرین"ی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، عەفرین بووە ناوەندی شەڕی جیهانیی سێیەم لە نێوان زلهێزەکاندا و هێرش و داگیرکارییەکان بووە هۆکاری ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی، بە داگیرکردنی عەفرین خەون و ئامانجی عەفرینیەکان بۆ ژیانێکی ئارام و شایستە گۆڕدرا بۆ مۆتەکەی داگیرکاری و پێشێلکردنی مافەکان و لە گۆڕنانی خەونەکانیان ، "چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی و بەپێی ئامارە جیهانییەکان ئەو پێشێلکارییەی لە عەفریندا دەکرێت بە تاوانی جەنگ دەناسرێت کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئەنجامی دەدەن".
ت.پ