سەنتەری میترۆ: لە ٢٠٢١دا ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
لە مەراسیمێکدا سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، لە ١٠ ساڵی ڕابردووشدا هەزار و ١١٣ جیاکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە و هەراسانکردنەکانیش بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس زیادیان کردووە.
سلێمانی
بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری دەزگا ڕاگەیاندنەکان، لایەنەکانی پارێزگای سلێمانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە ئوتێل ڕامادای شاری سلێمانی ئەنجامدا.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن دیاری محەمەد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ وتاری سەنتەرەکە خوێندرایەوە، کە ڕایگەیاند پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ٪٨ کەمی کردووە، بەڵام جۆری پێشێلکارییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، هەروەها داوای جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسانیان کرد و داوای شەفافی مامەڵەکردنی حکومەتیان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کرد.
هەروەها ڕایگەیاند ئێستا لە جیهاندا ٢٩٣ ڕۆژنامەنووسن لە زینداندان، کە چواریان لە عێراقە، کە ئەوانیش ئەو چوار زیندانییەی بادینانن.
دواتر لەلایەن ئاڤان فارس، ئەندامی سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان خرایەڕوو، کە بەپێی ئامارەکە ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمارکراوە، کە پێکهاتووە لە چوار ڕۆژنامەنووس لە دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەنووسی حکومدراون، دەستبەسەرکردنبێ بڕیاری دادگا ٢٥، ڕێگری و نەهێشتنی ڕوماڵ ١٨٩، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی٢٥، شکاندنی کەرەستەی ڕۆژنامەنووسی ٧، هێرش و لێدان و سوکایەتی ٨١، هەڕەشە ١٣، پڕکردنەوەی بەڵێننامە ٦، هەڵکوتانە سەر و داخستنی بارەگای کەناڵ ٢، تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووس یەک حاڵەت.
دواتر دەرئەنجامی دوو ڕاپرسی لە بارەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بەرامبەر ڕۆژانامەنووسانی ژن خرایەڕوو، کە لەلایەن هەژان خالید قوتابی دکتۆرا بە ناونیشانی "هەراسانکردنی خانمانی بواری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، هەراسانکردنی ژنان و کچانی ڕاگەیاندنکار لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە" ئەنجامدراوە.
ژنان لەناو دەزگا و شوێنە گشتییەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە
هەژان خالید لە وتارێکدا دەئەنجامی ڕاپرسییەکانی ئاشکرا کرد، کە هەراسانکردن بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بووەتە ڕۆتینێک، ژنان لەلایەن هاوپیشەکانیان لە دەزگاکانی دیکە یاخود لەناو دەزگاکەی خۆیاندا، لە شووێنە گشتییەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە، کە بەشێکیان بەشێوەی زارەکییە، بەشێکیشی لە ڕێگای ئۆنلاینەوەیە، ئەوەی جێی پرسیارە تا ئێستاش هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە جدییە نەدۆراوەتەوە.
دواتر ئاماری ١٠ ساڵی ڕابردووی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان خرایەڕوو، کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٣ ڕۆژنامەووس تیرۆرکراون، ٧ ڕۆژنامەنووس شەهیدی شەڕی داعشن، برینداربوون و فیشەک و بۆمب ٤١، سوتان و داخستنی کەناڵ ٣٥، لێدان و سوکایەتی و هەڕەشە ٥٤٧، دەستگیرکردن بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەنووسی ١٠٠، ڕێگری و جیاکاری هەزار و ١١٣، شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی ٢١٩، سوتانی ئۆتۆمبێل ٣، تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووس و هەڵکوتانە سەر ماڵ ٤٠، تشویش و هێرشی ئەلیکترۆنی ١٦، پڕکردنەوەی بەڵێننامە ١٠، ڕاگرتنی پەخش ١٢، هەراسانکردنی سێکسی ٨، ڕێگری لە گەشکردن بۆ دەرەوەی وڵات ٣.
"ئەمساڵ کارمان لەسەر توندوتیژییەکان کردووە"
ئاڤان فارس، ئەندامی سەنتەری میترۆ، لەبارەی هەراسانکردنەکان بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پانتای هەراسانکردن و جۆری هەراسانکردنەکان گەشەی کردووە، بەڵام ئێستا ڕۆژنامەنووسان دەزانن کە لایەنێک هەیە گرنگی بەم پرسە دەدات بۆیە بێدەنگ نین لە ئاست ئەم هەراسانکردنە، "بۆیە ئەم ساڵ زیاتر هەوڵماندا لە چووارچێوەی توندوتیژییەکان باس لە جۆری هەراسانکردنەکان و ڕێگا چارەکان بکەین".
ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆر لە هەراسانکردنەکان لەناو دامەزراوکاندان ئەمەش حاڵيتێکی مەتریسدارە، بەشێک لەو هەراسانکردنانە دەبێتە هۆی ئەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکە بڕۆن یاخود داببڕین لە کارکردن.
بەسۆز تۆفیق، زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرباری هەراسانکردنەکان ژنان بەردەوام خۆیان بە بەهێزی نیشاندەدەن و ئەو هەراسانکردنانە کاریان تێناکات.
ت.پ