سەنتەری میترۆ: ١٠٪ی پێشێلکارییەکانی ٢٠٢٤ لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن بووە
سەنتەری میترۆ لە مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا، ڕایگەیاند، لە ١٨٢ پێشێلکاری ١٠٪ی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنوس ئەنجام دراون.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٨ی کانوونی دووەم، لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، لە لایەن سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، بە هاوکاری ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی دانیماڕکی، بە بەشداری بەشێک لە بەڕێوەبەرانی دەزگا میدیایەکانی شاری سلێمانی و مامۆستایانی زانکۆ و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکانی پێشێلکاری مافەکانی ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی ٢٠٢٤دا خرایەڕوو.
.ئامارەکانی توندوتیژی و دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەم شێوازە خرایەڕوو: کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بە درۆن سێ حاڵەت، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنوسان بە بێ بڕیاری دادگا ٢٤ حاڵەت، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسی ١٧ حاڵەت، هێرش و لێدان و هەڕەشە بۆسەر ڕۆژنامەنووسان ٢٧ حاڵەت، ڕێکگریکردن لە ڕوماڵکردن ١٠٣ حاڵەت، هێرشە ئەلکترۆنییەکان ٦ حاڵەت و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی دوو حاڵەت، لە ئەنجامدا ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر ١٧٦ ڕۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیای ئەنجامدراوە، لە ١٠٪ی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان بووە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ٪٢٢ پێشێلکارییەکان کەمی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٣١ پێشێلکاری تۆمار کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٨٢ حاڵەت تۆمار کراوە.
لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا باس لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، هێرشە درۆنییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ڕۆژنامەنوسان " گوڵستان تارا، هێرۆبەهادین و موڕاد میرزا " ، هەروەها داخستنی کاری میدیای ئازاد لە باشووری کوردستان کرا.
"هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشێلکاری ڕۆژنامەوانییە"
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەنوسان، بارودۆخی رۆژنامەنوسانی لە باشووری کوردستان خستەڕوو، وتی: تیرۆرکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەوڵەکانی کوشتن و تیرۆرکردن، زەوتکردنی بیروڕای ئازادی ڕۆژنامەنووسان، سەرکۆنەکردن و ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، لێپێچینەوەی نادادوەرانە، دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر دەزگا میدیایەکان بەبێ بوونی مۆڵەتی دادگا، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسان و لێدانیان، ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ئەمساڵیش لە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی پڕ لە مەترسی پێشێلکاریبێت بۆسەر ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، زیادبوونی فشارەکان بۆسەر ڕۆژنامەنوسان بەردەوامی هەیە، ئەگەر بە ڕێژەی کەمتریشبێت بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی نەبینی لە دابینکردنی چوارچێوەی گونجاو بۆ گەرەنتیکردنی ئازادی رۆژنامەگەری ڕاستەقینە و مافی هاوڵاتیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری متمانەپێکرا و سەربەخۆ و هەمەچەشنە، سەرەڕای هەبوونی دەرفەت بۆ ڕوماڵکردن و ئازادی ڕادەربڕین بەڵام ڕێگرییەکان چڕتر دەکرایەوە.
لە کۆتاییدا وتیشی: سەنتەری میترۆ داواکاری خۆی دووبارە دەکاتەوە بۆ ژینگەیەکی میدیایی هەمەچەشن و فرەی ڕاستەقیینە، کە تێیدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، ئازادانە دوور لە پاوانکردنی زانیاری و ئاستەنگ بۆ یاساکانی ڕۆژنامەوانی کارەکانیان بکەن، میترۆ جەخت لەوەدەکاتەوە فەراهەمکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە و جێبەجێ کردنی یاساکانی و دەستکەوتنی زانیاریە دروستەکان، ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ ڕێگرتن لە چەواشەکاری هاوڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵە ناڕاستەکان لە هەرێمی کوردستاندا.