شۆفێری ژنان؛ ترس لە توانجی شەقام نەک ئۆتۆمبێل

حەمیدە جەمال، خاوەنی نوسینگەی شۆفێری دەڵێت: ژنان شۆفێری بە پێداویستییەکی ژیانی ڕۆژانە دەزانن، هەندێک باوەڕیان وابوو ژنان ناتوانن شۆفێری بکەن، بەڵام ئەم بۆجوونە پوجەڵ کرایەوە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-سەرەڕای ئاستەنگی و توانجەکانی کۆمەڵگە بۆ شۆفێری کردنی ژنان، کە شۆفێری بۆ ژنان قەدەغەبوو، پێیان وابوو تەنها پیاوان دەتوانن شۆفێری بکەن، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بەشداریژنان بۆ فێربوونی شۆفێری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام هێشتا هەندێک لە شۆفێرانی ژن لەسەر شەقامەکان بە توانج و قسەی نەشیاو بێزار دەکرێن.

 

"بیرۆکەی نەتوانینی ژنان بۆ شۆفێری کردن پوجەڵ بووەتەوە"

حەمیدە جەمال، خاوەنی نوسینگەی شۆفێری "شنروێ" قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە نوسینگەی ئێمە زۆربەی بەشداربووان ژنن و ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی کە تێڕوانینی کۆن لەبارەی شۆفێری ژنان بە تەواوی گۆڕاوە، بە جۆرێک کە ئێستا ژنان شۆفێری وەک پێویستییەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانە دەبینن، بەڵام لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا هێشتا شەقامەکان بۆیان لە فشار و هۆڕینی هەندێک شۆفێر بەدوور نین، لە ڕابردووشدا هەندێک باوەڕیان وابوو ژنان ناتوانن شۆفێری بکەن یان لە رووداوەکانی هاتووچۆ زیاتر دەکەونە ناو مەترسییەوە، بەڵام ئەم بیرۆکانە بە ئامار و ئەزموونی مەیدانی پوچەڵ بوونەتەوە.

 

بەپیی وتەی حەمیدە جەمال و هاوکارەکانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان ژنیان فێری شۆفێری کردووە و ئەوەیان بە بەشێک لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ناوبرد، چونکە ژنان زیاتر بە خۆبەخشینەوە و سەربەخۆیی دەگەن.

 

"ژنان پابەندی یاساکانن و ڕێزی دەگرن"

حەمیدە جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ نیشان دەدەن ژنان لە بەراورد بە پیاوان کەمترین ڕێژەی رووداوەکانیان هەیە، ئەوەش بەهۆی پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێساکانی هاتووچۆ و شێوازی ئارامتر لە شۆفێری کردنە، زۆر کەس ئەوەی بە ترسی ژنان ناودەبەن، لە ڕاستیدا ترس نییە؛ بەڵکو هەستی بەرپرسیارێتییە. ژنان حساب بۆ شەقام، پیادە، ئۆتۆمبێلەکانی ترو هێڵ و نیشانەکانی هاتوچۆ دەکەن و زیاتر ڕێزی یاسا دەگرن.

 

سەبارەت بە هۆکاری زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ وتی: خێرایی، هۆڕن‌ لێدانی بێپێویست، پشتگوێخستنی یاسا و شۆفێریی بێبەرپرسیارانە دەزانێت، نەک ڕەگەزی شۆفێر، شۆفێری پەیوەندی بە ژن یان پیاو بوونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە فێربوون، ئەزموون، ژیری و پابەندبوون بە یاسای هاتووچۆوە هەیە.

 

ئاماژەی بەوەکرد کە لە ماوەی کاری خۆیدا نە خۆیی و نە زۆربەی ئەو ژنانەی فێری شۆفێری کردوون تووشی رووداوی قورسی هاتووچۆ نەبوون، شۆفێری پیشەیەکی پیرۆزە، چونکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی گیان و ژیانی مرۆڤەوە هەیە، هەر کەسێک فێری شۆفێری بوو پێویستە پابەندی یاسا بێت، دەتوانێت شۆفێرێکی سەرکەوتوو بێت، جا ژن بێت یان پیاو.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا حەمیدە جەمال بانگەوازی کرد بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە توانای ژنان لە شۆفێری وەک هەر بوارێکی تر بڕوا بهێنێت.