ڕاپەڕین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ١١٢یەمیندایە

ڕاپەڕین بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و لە ئێستادا لە ڕۆژی ١١٢یەمیندا بەردەوامی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، لە ڕۆژی ١١٢یەمدا بەردەوامە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران پەنا دەباتەبەر هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەرکوتکردنی ئەو ڕاپەڕینەی کە لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوامن لە بەرهەڵستی فشارەکانی ڕژێم.

 

بنەماڵەی ١٥ زیندانی سیاسی چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا

دوێنێ ١٥ بنەماڵەی زیندانیانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بەردەم زیندانی کاچوی شاری کەرەج گردبونەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخی منداڵەکانیان لە مانگرتن لە خواردن.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بەندکراوان بە ناوەکانی ئیلهام موسلح حەیدەرزادە، نیلوفەر شاکری، مەرزیە میرقاسمی، شەهرزاد درەخشان، فاتمە نەزەری نەژاد، حەمیدە زەریعی،  ئارمیتا عەباسی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەردەوامی دەستگیرکردن و ئامادەنەبوون و بەدواداچوونی دۆسیەکان و لێپێچینەوە لە کەیسەکان، مانییان لە خواردن گرتووە.

 

بەهۆی بەرزکردنەوەی پانکارتی ژینا ئەمینی بە ٦ ساڵ زیندانی سزا درا

ڕۆژین یوسفزادە لە مەهاباد بە تۆمەتی "کۆبوونەوەی نهێنی دژی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای پێنج ساڵ زیندانی  و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە ڕژێم" ساڵێک بەسەردا سەپێنرا، پارێزەری ڕۆژین یوسفزادە، محەمەد جوان، ڕایگەیاند، کە بریکارەکەی بە تۆمەتی "کۆبوونەوەی نهێنی دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "پروپاگەندەکردن دژی ڕژێم" بە ٦ ساڵ زیندانی سزادراوە.

 

بەپێی یاسای ئێران ڕۆژین یوسفزادە ئەگەر لە قۆناغی پێداچوونەوەدا سزاکە پەسەند بکرێت بە ٥ ساڵ زیندانی سزا دەدرێت.

 

ڕۆژین یوسفزادە لە مەهابادەوە ڕۆژێک دوای ١٨ی ئەیلول کە ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە کوژرا، پانکارتێکی لەشەقامی وەلی-ئەسر ی تاران بەرزکردەوە کە ناوی ژینا ئەمینی لەسەر نووسرابوو.

 

چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی فائیزە عەبدیپوور بە کەفالەت ئازاد کرا

خوشکی فائیزە عەبدیپوور چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تویتەرەکەیدا ڕایگەیاند کە خوشکەکەی بە کەفالەتی ٣٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانی ناوەندی گرگان (ئەمیرئاباد) بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.

 

فائیزە عەبدیپوور لە ٢٢ی تشرینی دووەم لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا لە شاری گرگان دەستبەسەرکرا و لەو کاتەوە لە زیندانی ناوەندیی گرگان دەستبەسەرکرا، دەوترێت پێشتر بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییە مەدەنییەکان بانگکراوە.