گوڵستان سەعید: دابینکردنی نەوت بە نرخێکی گونجاو لە ئەستۆی حکومەتە

بەهۆی گرانی نرخی ئەو بەرمیلە نەوتەی کە حکومەتی هەرێم بەسەر ماڵاندا دابەشی دەکات ناڕەزایەتی دروست بووەو گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "دابینکردنی نەوت بە نرخێکی گونجاو لە ئەستۆی حکومەتە".

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت ئەرکیەتی و پێویستە نەوتی سپی دابەش بکات بەسەر ماڵان دا، بۆ یەک بەرمیل نەوت بڕی ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت، نرخێکی زۆر گرانە و بڕێک پارەی زۆرە دەسەندرێت لە بەرامبەر دا بۆ هاووڵاتیان.

 

نووسیوشیەتی: "لە کاتێکا هەموو خێزانێک تا کۆتایی وەرزی سەرما پێویستی بە زیاتر لە چوار بەرمیل نەوتە، بۆیە پێمان گرنگە بەرپرسیارێتی دابینکردنی بە نرخێکی گونجاو کە لە توانای داهاتی خێزانەکان دا بێت لە ئەستۆی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتە بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت و بڕی نەوتەکە زیاتر بکات، پێویستە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا بێت".

 

ئەوەشیخستووەتەڕوو، لەبەر ئەوەی خەڵک لە ڕەوشێکی خراپی ئابوری و دارایی دایە و گرانی تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، بۆ ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی حکومەت بۆ دەستگیرۆیی خەڵک بە پێویست دەزانن.