"سەدەی ٢١ سەدەی ئازادی ژنانە"
مەنال محەمەد، ئەندامی پەیوەندی و هاوپەیمانییە دیموکراتیکەکانی کۆنگرەی ستار تیشکی خستە سەر خەباتی ژنان لە سەدەی ٢١داو وتی: "لەم سەردەمەدا یەکێتی و یەکگرتنی ژنان هەیە چونکە خواستی ژنان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتیکە".
ڤیان ئامەد
قامیشلۆ-لە وشیاریی دەسەڵاتدا هەمیشە ژنان بە ڕەگەزی دووەم لەقەڵەمدراون و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و ژیانیدا بێبەشکراون، ژنان لە هەموو پڕۆسەیەکدا لە دژی ئەم سیستەمە ڕەگەزگەراییە ڕاپەریون و تیکۆشانیان کردووە، بەڵام بەداخەوە وەک ناکۆکییەکی ڕەگەزیی نەخراوەتە بەرچاو و بە تێکۆشانی بچووک سنوردار کراوە، هەروەها سیستەمی تێگەیشتنی دەوڵەتی پیاو پەرەی سەندووە، جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە قووڵتر بووەتەوە، بەڵام لە سەدەی ٢١دا مێژوو بە تێکۆشانی ژنانەوە گۆڕا بۆ ڕاپەڕین.
مەنال محەمەد، ئەندامی پەیوەندی و هاوپەیمانییە دیموکراتیکەکانی کۆنگرەی ستار بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی تێکۆشانی ژنانی لە سەدەی ٢١ بەرزنرخاند و وتی: "بە یەکڕیزی و تێکۆشانی ژنان ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان".
لە سەدەی ٢١ەمدا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان
مەنال محەمەد بۆچوونی خۆی سەبارەت بە خەباتی ژنان لە سەدەی ٢١ دەربڕی و وتی: "سەدەی ٢١ سەدەی ئازادیی ژنانە، چونکە لە مێژوودا چەندین شۆڕش ڕوویدا و ژنان لە هەموو شۆڕشەکاندا بەشدارییان کردووە، بەڵام لە ئەنجامی ئەو شۆڕشانەی کە ڕوویانداوە ژنان نەگەیشتوونەتە مافی خۆیان بۆ ئازادی، بەتایبەتی لەسەدەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ دا گۆڕانکاری بەرچاو ڕویداوە بەڵام بواری ئازادی و یەکسانی ڕەگەزییان نەگۆڕیوە و ململانێی ڕەگەزیی زیادی کردووە، لە هەموو شۆڕشەکاندا پرسی ئازادیی ژن پشتگوێ خراوە، بەڵام ژنان لە سەدەی ٢١دا بەخەباتی خۆی ڕێگای بۆ گۆڕانکاریی مێژوویی کردەوە، لەم سەردەمەدا ژنان لە بواری ئایدۆلۆژی و سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی و ژیان و کۆمەڵایەتیدا خۆیان ڕێخست و ڕاپەرین، لە هەمان کاتدا ژنان توانان لە ڕێگەی کۆنگرە و کۆنفڕانس و کۆڕ و کۆبوونەوە و پلاتفۆڕمەکانی ئەم سەردەمە و لەم ساڵانەدا یەکریزی و هاودەنگیی خۆیان نیشان بدەن".
"تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت"
مەنال محەمەد پێشکەوتنی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیە باس دەکات: "لە ساڵی ٢٠١٢دا لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگی کۆمەڵگە بوون، بەهۆی ئەوەی سیمبولی شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنانن، ژنان بە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک هەموو ناکۆکییەکانی وەک نەتەوە و چین و ڕەگەزگەرایی چارەسەر دەکەن، هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتیی ژنان گەل لە دژی سیستمی ڕژێمی ئێران تێدەکۆشن، بەهاری عەرەبی لە تونس دەستیپێکرد و بۆ وڵاتانی عەرەبی بڵاوبووەوە و تا ئێستا تێکۆشان بەردەوامە، ژنانی ئەفغانستانیش تا ئێستا لە دژی هەموو زوڵم و ستەمێکی تاڵیبان تێدەکۆشن کاتێک مرۆڤ بە گشتی سەیری دۆخی ژنان دەکات لە جیهاندا، دەبینێت کە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە بەرامبەر تێڕوانینی ڕەگەزگەرایی بەرگری دەکەن، ڕستەی "تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت" لە هەموو بەشەکانی جیهاندا خۆی دەربڕیوە".
هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر ژنان
مەنال محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە تێڕوانینی دەسەڵات کە بە شێوازی جیاواز هێرش دەکاتە سەر بوون و ناسنامەی ژنان و وتی: "لە مێژووەوە هەتا ئەمڕۆ ژنان بە تێکۆشانێکی گەورەو باجدان گەیشتوون بە ئەمڕۆو لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانەدا شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهات، ئەمڕۆ ژنان دەتوانن بڕیار لەسەر ژیانیان بدەن و دەزگا و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندی دەسەڵات ناکات بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر خەباتی ژنان، دیارترین نموونەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئایینەوە ڕەنگی ژنان دەشارنەوە و لە ڕێگەی یاساکانیانەوە مافەکانیان پێشێل دەکەن و لە ژیان دووریان دەخەنەوە ئەم تێگەیشتنە دژی ئازادی ژن و کۆمەڵگەیە".
بنەمای فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی
مەنال محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ژنان لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرگری لە شۆڕشەکەیان دەکەن و وتیشی: "سیستمی دەوڵەتی پیاو لە کەسایەتی ژناندا هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە، کاردانەوەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەم سیستمە سەرهەڵدەدات، بەڵام ڕازیکەر نییە، لەبەرئەوە هەتا تێگەیشتنی ڕەگەزگەرایی نەگۆڕێت سیستەمی دەوڵەتی پیاو هەمیشە هێرش دەکاتە سەر ژنان و کۆمەڵگە، گەلی کورد بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی لە دژی ئەو تێڕوانینانە ڕێکدەخات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشێک ڕوویدا و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو شۆڕش دەڕوات، ئەم شۆڕشە لەسەر بنەمای بیرو هزری ڕێبەر ئاپۆیە".
"دروشمی ژن، ژیان،ئازادی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی ژنان کرا"
مەنال محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە چەمکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە کۆمەڵگەئازاد نابێت هەتا ژن ئازاد نەبێت ڕاستی ژیانە و وتیشی: ""دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' رێبەر ئاپۆ لە ٨ی ئاداردا پێشکەشی ژنان کرا ڕێبەر ئاپۆ پێناسەی ئەوە دەکات کە تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، ئەوە ڕاستی ژیانە، ژنان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ئەو تێڕوانینە ڕەگەزگەراییەی کە بەسەریاندا سەپێنرابوو گۆڕیان، ئەگەر ژنان لە بوارەرکانی وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سەربازی و دیپلۆماسی و ئابووریدا جێگەی خۆیان نەگرنەوە ناتوانین باس لە سیستمێکی یەکسان و ئازاد بکەین بۆیە دەڵێین ئەم سەدەیە سەدەی ئازادیی ژن و یەکسانییە".
بەدروشمی ژنان، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان
لە کۆتایی قسەکانیدا مەنال محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە چەندین ژنی تێکۆشەر و پێشەنگ خۆیان لە پێناو ئازادی ژناندا کردووەتە قوربانی و وتی: "خواست و پرسی ژنان لە هەموو جیهاندا ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و دیموکراتیک دروست بکەن، ژنان تێکۆشانی خۆیان دەبەنە ماڵی هەموو ژنان، لە ڕاستی شۆڕشی ڕۆژئاوادا یەکێتی ژنان و گەلان هەیە، لە زۆر وڵاتەوە ژنان بەشدارییان لە شۆڕشی ژناندا کرد و لە دژی چەتەکانی وەک داعش شەڕیان کرد، چونکە خەونی ئازادی خۆیان لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوادا بینی بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو بوارێکدا بگەنە خەونەکانی خۆیان، هەموو ناوچەیەک دەکەینە شۆڕش، هەرچەندە سیستمی دەوڵەتی پیاو هێرش دەکات، بەڵام ناتوانێت ئێمە لە داوای ئازادی بوەستێنیت، چونکە هەموو ڕۆژێک ژنان هۆشیار دەبنەوە و خۆیان ڕێکدەخەن بە هێز و ئیرادەی ژنانی تێکۆشەر و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەم سەدەیە دەکەینە سەدەیەک لە ئازادی ژن".