ژنانی سودان لە ٨ی ئاداردا داوای مافەکانیان کرد
ژنانی سودان ڕۆژی ٨ی ئاداریان پیرۆزکردو ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، داوای مافەکانیان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنانیان کرد.
مەیسا ئەلقادی
خەرتوم-ژنانی سودان بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان بە دروشمی 'ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری' ڕێپێوانیان کردو داوای مافەکانیان کرد، لەڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە لەخەرتومی پایتەختی سودان ڕێکخرابوو داوای کۆتاییهاتنی دەستبەجێی توندوتیژی دژ بەژنان کرا.
فەیزا عەبدولعەزیز سلێمان، پارێزەر کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی چالاکییەکە، وتی: بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە چالاکییەکە ڕێکخرابوو و تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ژنانی سودانی و ئەو مافانەی کە دەیانەوێت بیبەنەدی".
"لە هەموو شوێنێک داوای مافەکانمان دەکەین"
هەدیل محەمەد، چالاکوانی فێمینیست ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو چالاکییە بۆ داواکارییە سەرەتاییەکان کراوە و خۆپیشاندان و داواکارییەکانی مافی ژنان بنەڕەتین، بە گەیشتنی ٨ی ئادار هێشتا مافی ژنان پێشێل دەکرێت و دۆخی ژیانی ژنان قورستر دەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی لە دژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە.
هەدیل محەمەد، وتیشی: "ئەمڕۆ بۆ توندوتیژی، بۆ کوشتن دەڵین نا، ئێمە داواکاریەکانمان بە هاوارو دەنگی بەرزەوە داوا دەکەین، بێ ئەوەی گوێ لە بەربەستەکان بگرین لە هەموو بەشەکانی سووداندا داوای مافی ژنان و کۆچبەران و پەنابەران دەکەین".
"مافەکانی ژنان لە سودان لەژێر هێرشدایە"
سوعاد عەبدولکریم، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان چالاکییەکە ڕێکخرابوو و ڕایگەیاند، کە ئەوان بەردەوامن لە تێکۆشانیان بۆ مافەکانیان، وتیشی: "لە سوودان هێشتا مافی ژنان لە ژێر هێرشدایە، ئەوەی لە شۆڕشی کانوونی یەکەمدا دەستمان پێکرد دەتوانین تەواوی بکەین، ئێمە هەموو مافەکانمان بەدەست دەهێنین".