عێراق قەدەغەکردنی لەسەر تێلێگرام هەڵگرت

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، قەدەغکردن لەسەر ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام هەڵدەگیرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممەوە قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام لە عێراق هەڵدەگیرێت.

وەزارەتی پەیوەندییەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە لە وەڵامی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و هاوکاری کۆمپانیای خاوەنی بەرنامەی تێلێگرام لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دێت، دەربارەی دزەپێکراوی داتای هاووڵاتیان.

 

وەزارەتەکە وێنایەکی نیشانداوە کە کۆمپانیاکە ئامادەیە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بکات، دووپاتیکردەوە کە دژایەتی ئازادی ڕادەربڕین ناکات بەڵکو جەخت لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە یاسا و ئاسایشی عێراق و پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەران دەکاتەوە.

 

یەکشەممەی ڕابردوو وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند کە بەرنامەی نامە ناردنی تێلێگرامی بە هۆکاری پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بلۆک کردووە، لە ڕێگەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی هاوڵاتیان، بەو پێیەی تێلێگرام زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەرانی بە هەڵە بەڕێوەبردووە.

 

وەزارەتی پەیوەندییەکان هەفتەی ڕابردوو ڕوونیکردەوە، دامەزراوە حکومییەکان لە عێراق چەندین جار داوایان لەو کۆمپانیایە کردووە کە بەرنامەی تێلێگرام بەڕێوەدەبات، ئەو پلاتفۆرمانە دابخەن کە دەبنە هۆی دزەکردنی داتای دامەزراوەکانی دەوڵەت و داتای کەسیی هاووڵاتیان.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرنامەکە لە عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ ناردنی نامە بەکاردەهێنرێت بەڵام وەک سەرچاوەیەکی هەواڵ و بۆ هاوبەشکردنی ناوەڕۆک، هەندێک کەناڵی تێلێگرام بڕێکی زۆر زانیاری کەسی لەخۆدەگرن، لەوانە ناو و ناونیشان و پەیوەندی خێزانی عێراقییەکان.

 

وەزارەتی پەیوەندییەکان دووپاتیکردەوە کە ڕێز لە مافەکانی هاووڵاتیان دەگرێت بۆ ئازادی ڕادەربڕین و پەیوەندیکردن بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ئاسایشی دەوڵەت یان دامەزراوە حکومییەکان بکات.