بڕینی کارەبا ئازارەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەکات

بڕینی کارەبا لە شارەکانی ورمێ و موکریان کاریگەری نەرێنی لەسەر کار و تەندروستی خەڵک کردووە بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- کارەبا بۆ شارەکانی ورمێ و موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی نزیکەی مانگێکە دابین نەکراوەو بێ کارەبان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کار و تەندروستی خەڵک بەتایبەتی منداڵان کردووە.

 

سەرەڕای ئەو پلەی گەرمایەی کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ٤٠ پلەی سیلیزی، بەپێی کەشناسی، پلەی گەرما بۆ ماوەی ١١ ساڵە لە وڵاتەکەدا نەگەیشتووەتە ئەم پلەی گەرمایە، دابینکردنی کارەبا لە چەند شارێک بۆ ماوەی مانگێکە بڕدراوە، کە هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە، چونکە بڕینی کارەبا بە بەردەوامی جارێک یان دوو جار لە کاتژمێرەکانی ڕۆژدا و لە شەودا بۆ ماوەی یەک بۆ دوو کاتژمێر بووە.

 

ئەم پێشێلکارییە بووە هۆی کێشەی زۆر لە ماڵەکان، کلینیکەکان، بازاڕەکان، هۆڵەکانی وەرزش، سەنتەری تەندروستی و کارگەکانی بەرهەمهێنان.

 

جەمیلە کەریمی، خاوەنی دوکانێک لە بازاڕی مهاباد وتی: کاتێک کەشوهەوا گەرم دەبێت، خەڵک دوای کاتژمێر حەوتی ئێوارە دێن بۆ بازاڕکردن، بەڵام دوای بڕینی کارەبا، چیتر ناتوانن بچنە دەرەوە بۆ بازاڕکردن بەهۆی تاریکی بازاڕەوە.

 

جەمیلە کەریمی تاکە کەس نییە کە بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشەوە دەناڵێنێت، خاوەن چێشتخانە و قاوەخانەکانیش بەهۆی ئەمەوە دەناڵێنن، خاوەنی چێشتخانەیەک لە ورمێ وتی: یەکێک لە ساردکەرەوەکانم سووتا بەهۆی بڕینی کارەبای بەردەوام، هەندێک جار ناتوانین داواکارییەکانی کڕیار قبوڵ بکەین چونکە کاتی هەبوونی کارەبا نەزانراوە و زۆرێک لە ئامێرەکانمان ناتواندرێت بەبێ کارەبا کار بکەن، کاتێک پەیوەندی بە بەشی کارەباوە دەکەن دەڵێن کێشەکە چارەسەر دەکرێت و هەڵەکە بەمزووانە چاک دەبێتەوە، بەڵام زۆربەی کاتەکان تەنانەت وەڵامی تەلەفۆنەکە نادەنەوە.

 

بڕینی کارەبا دیاردەیەکی نوێ نییە لە ئێران، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە زیانێکی گەورەی بە خەڵک گەیاندووە، لە کاتێکدا هیچ دامەزراوەیەکی حکومی بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی نەگرتووەتە ئەستۆ.