ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات: گۆڕاوی کۆرۆنا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە

گۆڕاوێکی دیکەی کۆرۆنا بە خێرای لە جیهان بڵاودەبێتەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا بە ڕێژەی ٪١٧.٤بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوبوونەوەی خێرای جۆرێکی نوێی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە جیهاندا ڕاگەیاند کە ناوی “EG5”ە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردەوە، کە گۆڕاوی نوێی "EG5" وەک "گۆڕاوێک کە دەبێتە مایەی ترس و نیگەرانی" پۆلێن دەکات، پێشتر ڕێکخراوەکە وەک "گۆڕاوێکی ژێر چاودێری" پۆلێنی کردبوو.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە: "EG5 بۆ یەکەمجار لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ ڕاپۆرتکرا، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣ وەک گۆڕاوێک لە ژێر چاودێریدا پۆلێنکرا، لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ئێستاوە "EG5" و زنجیرە لاوەکییەکەیمان وەک گۆڕاوێک پۆلێن کرد کە پێویستە جێگەی نیگەرانی بێت و هۆشیاری دەربارەی بڵاوبکرێتەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئاستی جیهانیدا، زیادبوونی بەردەوام هەیە لە گۆڕاوی EG5 بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، لە ماوەی ١٧ بۆ٢٣ی تەمموزدا بڵاوبوونەوەی جیهانیی ٪١٧.٤ بووە، کە ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە داتاکانی چوار هەفتە لەمەوبەر لە ١٩ بۆ٢٥ی حوزەیران کاتێک ڕێژەکە ٪٧.٦ بووە.