غەزنی خاکی شارستانیەتە لە ئەفغانستان

وێڕای سەرکوتکارییەکان، ژنانی پارێزگای غەزنی لە ئەفغانستان دژی یاساکانی تاڵیبان وەستانەوە، درێژەیان بە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی خۆیانداوە.

بەهاران لەهیب

 

غەزنی- غەزنی دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ئەم پارێزگایە یەکێکە لە پارێزگاکانی ئەفغانستان و زیاتر لە ٣٠٠ شوێنەوار و گۆڕی مێژوویی تێدایە، زۆربەیان بەهۆی شەڕ و پشتگوێخستنی حکومەتە دەسەڵاتدارەکانەوە وێران بوون یان لەناوچوون.

 

غەزنی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکان کە کانەکانی لیتیۆم، زێڕ، زیو و مسی تێدایە، هەروەها چەندین جۆر بەردی بەنرخی دیکەی تێدایە، بەڵام خەڵکی غەزنی وەک ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستان لە هەژاری و بێکاریدا دەژین.

 

پێش حوکمڕانی تاڵیبان بەسەر تەواوی ئەفغانستان، غەزنی بە یەکێک لە پارێزگا ناسەلامەتەکان دادەنرا بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەتی پێشوو و تاڵیبان لە شارۆچکە و گوندەکانی، هۆکاری ئەم شەڕە بەهۆی کانگاکانیەوە بوو کە غەزنی هەیەتی و وڵاتانی تێوەگلاو لە ئەفغانستان بەدوایدا دەگەڕان.

 

کاتێک لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە گەشت دەکەیت بۆ پارێزگای غەزنی، ڕێگایەکی قیرتاو بەدی ناکەیت، بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەوە سەرجەمی بووەتە وێرانەیەک.

 

بەشی زۆری خەڵکی ئەم پارێزگایە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین بەهۆی باران و بەفر کە لە پارێزگاکەدا دەبارێت، لە هەمان کاتدا ئاژەڵداری دەکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، پێش حوکمڕانی تاڵیبان وەک پارێزگاکانی تر زۆربەی گەنجەکانیان پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی، ئێستاش بەهۆی ئەو کێشە ئەمنییانەی تاڵیبان دروستی کردوون، پەنایان بۆ پارێزگاکانی تر یان یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بردووە.

 

هەروەها زۆرینەی گەنجانی شارەدێی مەلەستانی ئەم پارێزگایە لە هێزەکانی کۆماندۆ بوون، ئێستاش ناتوانن لە ناوچەی خۆیان بژین، لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان خەڵکی ئەم شارۆچکەیە شاهیدی کۆمەڵکوژییەک بوون کە ژن، منداڵ، پیر و گەنجەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە تەقەیان لێکرا.

 

بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی پێشوو پێشکەشی کردووە، لە سنووری پارێزگای غەزنی ٦٣٥ قوتابخانەی کچان و کوڕان هەیە، جگە لەوەش چەندین پەیمانگا و زانکۆ هەبوو کە ٢٠٠ کچ لە بوارە جیاوازەکاندا وانەیان تێدا دەوتەوە، لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان لەم پارێزگایە هەموو کچانی سەرووی پۆلی شەشەم مافی درێژەدان بە خوێندنیان نەما،  هاوکات خوێندکارانی کچ مافی ئەوەیان نییە بچنە زانکۆ، لە پارێزگاکانی تر کچان خولی زانستی و فێربوونی زمانیان وەرگرتووە، ئێستا بەڕووی ژنان داخراون و تەنانەت بۆیان نییە بچنە شوێنە مێژووییەکان.

 

کەسانی بەرپرس لە "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" مانگی جارێک مەلای مزگەوتەکان کۆدەکەنەوە و پێیان دەڵێن ڕێگە مەدەن ژنانی ناوچەکانتان بچنە دەرەوە لە ماڵ و ئەگەر چوونە دەرەوەش ڕەچاوی حیجاب بکەن، ئەگەر ژنێک لە بازاڕدا ببینن بێ حیجاب لێی دەدەن و سوکایەتی پێدەکەن، هەندێک جار بۆ ئەمەش دەچنە لای پیاوانی ئەو خێزانە و دوای لێدانیان، ئاگاداریان دەکەنەوە کە ڕێگە نەدەن ئەندامێکی مێینەی خێزانەکەیان بەبێ حیجاب بچێتە دەرەوە.

 

خەڵکی ئەم پارێزگایە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دامەزراوە تەندروستییە کەموکوڕتەکان بوونەتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە لە پێشوو خراپترە، چونکە هەندێک پزیشک ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن.

 

پێشتر لە پارێزگای غەزنی چەند کۆمپانیایەک هەبوون کە ئاوی کانزایی و خواردنەوە گازییەکانی تریان بەرهەم دەهێنا، هەروەها  جۆرەها شیرینییان بەرهەم دەهێنا، کە خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی ئەو کارە بوون، بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵیبان هەموو ئەو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرانە داڕما و خەڵکێکی زۆر بێکار بوون.

 

لە پارێزگای غەزنی نەتەوەی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی وەکوو هەزارە، پەشتون، تاجیک و هیندۆسی دەژین و هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە، لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵدا دەسەڵاتدارانی تاوانبار لە ئەفغانستان هەوڵیان دا دووبەرەکی لە نێوان ئەو نەتەوانە دروست بکەن، ئێستا تاڵیبان دوایین هەوڵی خۆیان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان ئەم نەتەوانە بەکار دەهێنن، بە ئاگاداری خۆیان زۆرینەی فەرمانبەرانی ئەم پارێزگایەیان دامەزراندووە کە پشتونن لە پۆستە باڵاکان، هەندێکی تریان لە کارەکانیان دوورخرایەوە یان لە نزمترین پۆستەکانی حکومەت دامەزران و زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردن.

 

سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانەش شاهیدی زۆرێک لە ڕێپێوانی ژنانی ئەم پارێزگایە بووین کە دژی یاساکانی دژ بە ژنانی تاڵیبان بوون و بە سادەیی تەسلیمی بیری دژە مرۆڤایەتی و دژە ژنی تاڵیبان نەبوون و هەمیشە لە تەنیشت ژنانی دیکەوە ڕاوەستاون و بە چەقبەستوویی درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە.