سەرەڕای هێرش و گەمارۆ ٦١ قوتابخانە ساڵی نوێی خوێندنیان دەستپێکرد

لە شەهبا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بەربەستەکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە، ٦١ قوتابخانە بە پێداگری لەسەر وانەوتنەوە بە زمانی دایکی دەرگاکانیان بەڕووی قوتابیاندا کردەوە  و ١٢ هەزار قوتابی ساڵی نوێی خوێندنیان دەستپێکرد.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە سەرتاسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستەی پەروەردە و فێربوونی خۆبەڕێوەبەری ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥یان دەستپێکرد و قوتابیان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لەمساڵ کرد، ڕۆژی ١ی ئەیلوول دەرگای قوتابخانەکان بۆ ناونوسینی خوێندکاران کرایەوە و لە ٨ی ئەیلوولدا ساڵی خوێندن بە فەرمی و وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

 

لە شاری شەهبا و شێراوای سەر بە عەفرینی داگیرکراو، سەرەڕای هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک و گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق دەرگای ٦١ قوتابخانە بەڕووی قوتابیاندا کرایەوە، ١٢ هەزار خوێندکار لە قوتابخانەکاندا ناویان تۆمار کردووە و بە زمانی دایکی دەخوێنن، ئەمەش گەورەترین وەڵامە بۆ سیاسەتەکانی دوژمن، چونکە دوژمنان هەمیشە هەوڵ دەدەن ڕێگری لە خوێندن بە زمانی کوردی بکەن.

 

"سەرەڕای سەختی و ئاستەنگەکان بەرخۆدان دەکەین"

نەسرین عومەر، مامۆستا و جێگری سەرۆکی دەستەی پەروەردە و وانەوتنەوە لە خۆبەڕێوەبەری عەفرین-شەهبا، باسی لە کردنەوەی قوتابخانەکان لە ناوچەی ئاوارەکان کرد و پیرۆزبایی خوێندنی ئەمساڵی کرد، وتیشی: هیوادارن ئەمساڵ ساڵی سەرکەوتن بێت و گەڕانەوە بۆ وڵات لەڕووی کۆچبەرانەوە بێت، کردنەوەی قوتابخانەکان ئاسان نییە، بەتایبەتی لە هەرێمێکدا کە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی هێرش و گەمارۆ دەبێتەوە، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە ساڵی خوێندن بە سەرکەوتوویی تێبپەڕێنین.

 

"هیوادارین ئەمساڵ ساڵێکی سەرکەوتوو بێت"

هەروەها ئەو مامۆستایە وتی: دەستپێکردنی خوێندن بە زمانی دایکی وەڵامێکە بۆ سیاسەتەکانی دوژمن، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا، وەک دەستەی کارگێڕی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبینەوە، یەکێک لەوانە دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە وەک پەرتوک قەڵەم و کەلوپەلی دیکە، بەڵام ئەمانە بەربەست نین لەبەردەم خوێندنی خوێندکاران، ئێمە هەموو بەربەستەکان تێدەپەڕێنین و ئەمساڵی خوێندنمان بە شانازییەوە تەواو دەکەین.

 

"ئێمە خاوەنداری لە ناسنامەکەمان دەکەین"

فیدان جمۆ، خوێندکاری پۆلی دوانزەیەم، بڕیاریان داوە کە بە زمانی دایکی خۆیان بەردەوام بن لە خوێندن و ڕێگە بە جینۆساید نەدەن و وتی: بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چووینە قوتابخانە بۆ ئەوەی بە زمانی دایکی خۆمان بخوێنین، هیوادارین ساڵی خوێندنمان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو تەواو بکەین، ئەرکی ئێمە بڵاوکردنەوە و پاراستنی زمانی دایکیمانە، یەکەم ئامانجی دوژم لێدانە لە زمان و ناسنامەمان، ئێمە ناسنامەکان لەناو کۆمەڵگەدا دەپارێزین و ڕێگە نادەین زمانمان لەناو ببەن چونکە زمان بوونی ئێمەیە، ئەگەر هێرش و گەمارۆدانیش بۆ سەر هەرێمەکە ڕووبدات، کاریگەری لەسەر پەروەردەمان نابێت.

 

"سەرەڕای سەختییەکان، بەردەوام دەبین لە خوێندن"

دڵژین حەسەن، خوێندکاری پۆلی یازدەی ئامادەیی، خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان بەم شێوەیە دەربڕی، "زۆر دڵخۆشین و شانازی دەکەین کە بە زمانی دایکی خۆمان پەروەردە دەبین، قوتابخانەکان دوای ٣ مانگ پشوو کراوەتەوە، ئێمە خوێندکاری کۆچبەرین، چەندین سەختی لە ژیانماندا هەیە بەڵام لە شەهبا دەستمان بە خوێندن بە زمانی دایکی کرد و بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ دەبین، هەمیشەش دەرفەت بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنمان دەڕەخسێنین.