شوێنپەنجەی هیوای هەمووان لەسەر وێنەیەک دەنەخشێنرێت

ژنان و منداڵانی مەخموور بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە شوێن پەنجەی خۆیان لەسەر وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کێشا، ئەو منداڵانەی باڵایان نەدەگەیشتە تابلۆکە، خۆیان فڕێ دەدایە باوەشی دایکیان و پەنجەمۆریان لەسەر وێنەکە دادەنا.

مەخموور

 

کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور ماوەی ٣٢ ساڵە بە هەڵبژاردنی هێڵی خەبات بەرەنگاری سیاسەتەکانی ڕادەستبوونی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، هەر ماڵێک، شەقامێک و هەموو دارێکی مەخموور ئەزموون و چیرۆکی بەرخۆدانی هەیە، بەبێ گوێدانە ئەوەی دانیشتووانەکەی لەم ساڵانەی بەرخۆداندا ژیاون یان نا، هەموو شتێک پەیامێک دەدات.

 

بە بۆنەی ١٢ ساڵەی شۆڕشی ڕؤژئاوا و یەکەمین ساڵیادی چالاکی ئێشکگری لە کامپی پەنابەرانی مەخموور، کەلە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ بە ئامانجی داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، ئاهەنگێک ساز کرا.

 

لە ئاهەنەگەکە ژنان و منداڵان لەبەردەم وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان  کۆبوونەوە و هۆکاری کۆبوونەوەکەشیان کێشانی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو بە شێوازێکی نوێ و لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە.

 

لە منداڵی بچووکی ٤ ساڵەوە تا دەگاتە ژنانی گەنج و دایکی بەساڵاچوو، هێڵێکی درێژیان دروستکرد بۆ ئەوەی وێنەی ڕێبەرەکەیان بە پەنجە مۆرەکانیان بکێشن. لۆرین، ئارین، باکور، ئارگێش، وێڵات، ڕۆهین و دەیان منداڵی دیکە چاوەڕێی پەنجەمۆر بوون.

 

"ژنان و منداڵان بە تامەزرۆییەوە پەنجەمۆریان دەکرد"

ڕۆژبین ئۆتوندا،  ئەندامی ئەستێرەی زێرین، یەکێک بوو لەو منداڵانەی بە دڵە گەورە و جەستە بچووکەکەیەوە یارمەتی ئەو کەسانەی دەدا کە دەیانویست وێنەکە بکێشن، ڕایگەیاند، کە ئەوان داوایان لە هەر کەسێک کردووە کە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پەنجەمۆرەکانیان بکێشن، سۆز و جۆش و خرۆشی دایکان و ژنە گەنجەکان و منداڵان ڕۆژبینی زۆر دڵخۆش کرد، ئەو ساتەی کە زۆرترین دڵی ڕۆژبینی خۆش کرد، ئەو ڕیزە درێژەی دایکان و منداڵەکان بوو.

 

لە چاوی ئەو دایکە بەساڵاچووانەی کە بە تامەزرۆییەوە سەیری وێنەی ڕێبەرەکەیان دەکرد، هەست بەوە دەکرا کە دەیانەوێن دیوارەکانی نێوان خۆیان و ڕێبەرەکەیان بشکێنن، هەست بەوە دەکرا هێندە سەرسامن بە ڕێبەرەکەیان ئامادەن گیان لە پێناویدا فیدا بکەن.