ساڵیحە ئایدەنیز: عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕێ و ڕێبازی دیموکراتیک بانگێشتی ئاشتی بۆ تەواوی جیهان دەکات

هەبوونی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس و خواستی تەواوی ئازادیخوازانی ناوچەکەیە، ساڵیحە ئایدەنیز دەڵێت:عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕێ و ڕێبازی دیموکراتیک بانگێشتی ئاشتی بۆ تەواوی جیهان دەکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی جیهانی و پێشهاتە ناوچەییەکان، دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە هەموو دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەخۆیەوە بینیووە، پێویستی بە گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ کورد و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەیە، لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە شەڕی کورددا، ئەم وڵاتە نەک هەر نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێکی ستراتیجی بەدەستبهێنێت، بەڵکو ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و ئەمنی و سیاسیی ناوخۆ بووەتەوە و دەرفەتی دیپلۆماسی و گەشەپێدانی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا لەدەستداوە، تورکیا بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی مێژوویی و کۆمەڵایەتی کورد ئەم شەڕەی دەستپێکرد، بەڵام ئەم سیاسەتە لە بەرامبەر بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شکستی هێنا، ئێستا لە پڕۆسەی پێکهێنانی نەزمێکی نوێی جیهانیدایە.

 

" سەرەرڕای هەبوونی پرسی ئاشتی هێرشەکان بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامی هەیە "

ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢٧ی شوبات ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی هەبوونی پرسی ئاشتیەوە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە پرسی ئاشتی ئاگادار کردەوە، وتی: هەبوونی پرسی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری گەلی کوردەوە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ناو ئەو پرسەدا هەرلایەن و پارتێکی سیاسیی ئەرکدار و بەرپرسیارە بەرامبەر هەڵگرتنی پرسی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هاتنی ئەم شاندە گرێدراوە بە هەبوونی پرسی ئاشتی و تاوتوێکردنی بارودۆخەکان لەگەڵ سیاستەمەدارانی باشووری کوردستانەوە، پەیامی ڕێبەری گەلی کورد بە تەواوی بە لایەن و پارتە سیاسییەکان بگەیەنین، لە سەردانی کردنەکەماندا بۆ باشووری کوردستان پشتگیری و پشتیوانی سیاسەتمەدارانی ناوچەکە لەگەڵ خۆماندا بۆ پرسی ئاشتی دەبەینەوە، بۆ پێشکەوتنی دیموکراسیی سیاسەتی دیموکراتیک بێتە جێبەجێکردن، ئامانجی سەردانی کردنەکە لە دوای پرسی ئاشتی تەواوی گەل لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێشنیار و پشتیوانی خۆیان لە بارەی پرسی ئاشتییەوە دەرببڕن، لە دوای پەیامی ئاشتی و دانانی چەک لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەوە، هەبوونی ئاشتی بەرقەراردەبێت بەڵام هێرش بەرامبەر بە گەل لە پارچەکانی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بەردەوامی هەیە، لە باشووری کوردستاندا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامی هەیە، پێویستە گەلی باشووری کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەرکداربن بەرامبەر بە پرسی ئاشتی و وەستانەوە بەڕووی داگیرکەراندا، بەرگریکردن لە ڕێگەی چالاکی و هۆشیارکردنەوەی گەل لە بارەی پرسی ئاشتیەوە گرنگی دەبێت.

 

ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا ئەستەنبوڵ لە دوو لایەن پێکدێت، وتیشی: لە ئەستەنبوڵدا خۆپشاندانەکان خۆی لە دوو جۆردا دەبینێتەوە، بەشێکیان دژ بە بیری ئازادی سەرکۆنەی هێزە ئازادیخوازەکان لە ناو خۆپیشانەدەراندا دەوەستنەوە، بەشێکی دیکەشیان لەسەر بیری ئازادی و ئاشتی لە باکووری کوردستاندا بەرخۆدان دەکەن، هەروەها لە باکووری کوردستاندا بە دانانی قەیوم لە ئیرادەی گەلی کورد دەدرێت، دەستگرتن بەسەر ناوچە کوردییەکاندا ئامانجیان دەبێت، گەلی کورد بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندایە بۆ بەرەنگاربونەوەی دژ بە قەیوم و لادانیان لەسەر کارەکانیان.   

 

ساڵیحە ئایدەنیز لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پرسی ئاشتی تەنها بۆ دەوڵەتی تورکیا نییە، پرسی ئاشتی پرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، یان پرسی تەواوی جیهان لە خۆ دەگرێت، سەرەڕای ئەو دوژمنایەتیانەی لە بەرامبەر کورددا هەیە، بەڵام کورد دەستپێشخەری بۆ پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام دەدات، سەرەڕای هەبوونی تەواوی چینەکان لە باکووری کوردستاندا هەبوونی لایەن و دەستە جیاوازەکان، بەڵام تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پرسی ئاشتی بانگ دەکرێت، لەسەر بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەواوی جیهان بانگێشتی ئاشتی و پێکەوەیی دەکات، بانگی ئەو پێکەوەییەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەدی دەکرێت دەکات، بە ڕێ و ڕێبازی دیموکراتیک تەواوی جیهان بانگێشتی ئاشتی دەکرێت، تا بتواندرێت بە ڕێ و ڕێبازی ئاشتی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.