سارا، ڕۆژبین، و ڕۆناهی... سێ ڕێگاو یەک چارەنووس

ئەمڕۆ دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلمز ناسراو بە "ئەفسانەی قژسوورەکان" لە نێو ژنانی کورددا، کە دەچنە سەر شەقامەکان و داوای ڕاستی دەکەن، وێنەکانیان بەرز دەکەنەوە وەک ئەوەی هێشتا لە نێویاندا بڕۆن.

 ئاخین بەهار

 

ناوەندی هەواڵ- ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ هەواڵی هێرشێک لە پاریس بڵاوبووەوە کە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی کوردستانی کردە ئامانج، هێرشەکە بووە هۆی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز "سارا"، دامەزرێنەری دیاری پەکەکە، فیدان دۆغان "ڕۆژبین" نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس، لەیلا شایلمز "رۆناهی" ئەندایمی بزووتنەوەی گەنجانی کورد.

 

ئەم تیرۆرە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٣دا لە ئیمرالی کۆبوونەوەکانی بە ئامانجی پێشخستنی چارەسەرێکی دیموکراتیک بۆ پرسی کورد ئەنجام دەدا، ئەم تاوانە دەنگی دایەوە و توڕەیی لە تورکیا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدوای خۆیدا هێنا، کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شاندی حکومەت لەگەڵ شاندێکی ئیمرالی کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی پەرلەمانی پارتی ئاشتی و دیموکراتیکی "بەدەپە"، چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکە دەستیپێکردبوو، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دانوستانەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد خۆشبکەن.

 

دوابەدوای ئەو هێرشە هەڵوێستی فەرەنسا ڕەهەندی نێودەوڵەتی خۆی نیشان دا، مانوێل ڤاڵز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر هێرشەکە دەکرێت، بەڵام دەسەڵاتداران سەرەتا فەرمانی گاگکردنیان بەسەر لێکۆڵینەوەکەدا سەپاند، هەرچەندە ئەم فەرمانە لە ساڵی ٢٠١٤ هەڵگیرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم گەڕێنرایەوە.

 

پەیوەندی کۆمەڵکوژییەکە بە هەواڵگری تورکیا “MİT”

دوای هەشت ڕۆژ لە کۆمەڵکوژییەکە، عومەر غونای دەستگیرکرا، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی کوشتن بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا زانیاری دەستیان بە دەرکەوتن کرد ئاماژە بە پەیوەندی نێوان عومەر غونای و ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا “MİT” دەکات.

 

ئاشکرابووە کە عومەر غونای لە ٢٢ی ئابی ٢٠١٢ گەیشتووەتە ئەنقەرە و ڕۆژی دواتر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە داوای پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کردووە، دوای دوو ڕۆژ پاسپۆرتە نوێیەکەی وەرگرت، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە ماوەی یەک ساڵدا ١٣ جار هاتۆتە ناو تورکیا و دەرچووە، تۆمارەکانی گەشتە ئاسمانییەکان دەریانخستووە کە ۱۹ڕۆژ پێش کۆمەڵکوژییەکە، لە پاریسەوە بۆ ئەنقەرە لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە گەشتێکی کردووە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماوەتەوە و دواتر بە هەمان ڕێگا گەڕاوەتەوە.

 

گومانەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکەی بە هەواڵگری تورکیاوە توندتر بوون، دوای ئەوەی کەسێک لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دەرکەوت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەگەڵ ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی “MİT” کاریان کردووە، ئەمەش پەیوەندی نێوان ئاژانسەکە و عومەر غونای پشتڕاستکردەوە، هەروەها تۆمارە دەنگییەکان دزەیان پێکرا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارمەندانی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی “MİT” نیشان دەدا و کۆمپانیای پەیوەندییەکانیش پشتڕاستی کردەوە، کە ئەو هێڵە تەلەفۆنەی کە بەکارهاتووە هی بارەگای ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی “MİT” بووە، ئەمەش تۆمەتەکانی زیاتر بەهێزتر کردووە.

لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکە تا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو، دواتر بڕیاری تۆمەتبارکردنی عومەر غونای درا، بڕیار بوو یەکەم دانیشتنی دادگا لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بەڕێوەبچێت.

 

"مردنی گوماناوی بکوژەکە"

۳٦ ڕۆژ بەر لە یەکەم ئامادەبوونی لە دادگا، لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، ڕاگەیەندرا کە عومەر غونای دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و دواتر لەوێ گیانی لەدەست داوە، لەگەڵ مردنیدا دۆسیەکە بەبێ تۆمەتبار مایەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕێوشوێنەکان هەڵوەشایەوە.

 

دوای ناڕەزایەتی پارێزەرانی دۆسیەکە، لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی نوێ لە مانگی نیسانی ٢٠١٧ سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە کۆمەڵکوژیەکەدا کرایەوە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٨ بنەماڵەی ئەو سێ ژنە کوردە داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی "ئەوانەی فەرمانی کوشتنیان داوە و ئەوانەی هاوبەش بوون" لە لێکۆڵینەوەکەدا بخرێنەڕوو، لە ئەنجامدا دادوەرێکی تایبەتمەند لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستنیشانکرا.

 

داواکاری گشتی ئەنقەرە کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە هاوتەریبەکانی دەکرد، پێشنیاری کرد کە تاوانەکان ڕەنگە "پاککردنەوەی ناوخۆیی" بووبێت، بەڵام بۆچوونی گشتی بەردەوامە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی هەموو مانگی کانوونی دووەم و ئاماژە بە تاوانبارانی ڕاستەقینە دەکات و داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەکات.

ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە: ئەو ژنانەی لە کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ کرانە ئامانج، کێن؟ سارا و ڕۆژبین و ڕۆناهی... ئەو هۆکارانە چین کە هەریەکەیان کردە ئامانج؟

 

"سارا دڵی خۆی بۆ ئەو خەباتە تەرخان کرد"

وتی: من عاشقی ئەم خەباتەم، خەباتەکەی خەباتی باوەڕ و شۆڕش و بەرخۆدان بوو کە کۆتایییەکی شکۆمەندی لێکەوتەوە، ساکینە جانسز، کە پێداگری لەسەر ئازادی دەکرد و ژیانی خۆی بەخشی بۆ ئەوەی ناوی لێنابوو "خەبات"، لە ۱۲ی شوباتی ١٩٥٨ لە گوندی تخته خليل لە نزیک دەرسیم لە باکووری کوردستان لە دایکبووە.

 

وەک کرێکارێک دەستی بە کارکردن کرد لە کارگەکاندا، بەڵام بە تەنها بەرگری لە مافەکانی خۆی نەدەکرد، بەشداری لە ڕێکخستنی کرێکاران کرد بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی هەمووان، بەڵام ئەو شتەی کە بەدوایدا دەگەڕا لەناو بزووتنەوە چەپەکانی تورکیەدا نەیدۆزیەوە.

 

لە دەرسیمەوە بۆ ئەنقەرە، ساکینە جانسز ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لەو دوو ژنە تەنها دوو ژنە کە بەشداری یەکەمین کۆنگرەی دامەزرێنەری پەکەکە یان کرد و بوونی لە ناو ئەو پارتەدا سەرەتای گەشتێکی نوێ بوو بۆ هەموو ژنانی کورد.

 

"زیندان کانییەکە کە خۆڕاگری لێیەوە سەرچاوە دەگرێت"

لە ساڵی ١٩٧٩ و کەمێک پێش کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، ساکینە جانسز لە خاربيت "إيلازيغ" دەستگیرکرا، لەوێ بەرگەی ئەشکەنجەیەکی ترسناکی گرت،

سەرەڕای دڕندەیی دەوروبەری، دەستی کرد بە ڕێکخستنی ئەو ژنانەی لە دوای کودەتای سەربازی زیندانی کراون، بووە دەنگ و بڕبڕەی پشتیان لەناو شانەکاندا، بە دانانی عیزەت ئۆکتای یڵدرم وەک بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆ لە زیندانی ئامەد و دەستپێکردنی ئەشکەنجەدانی سیستماتیک، بەرخۆدانی ساکینە گۆڕا بۆ چرایەکی هیوا کە زیندانییەکان هێزیان لێ وەرگرت.

 

لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ ساکینە جانسز لە زیندانی "جنق قلعة" ئازاد کرا، هەر کە گەیشتە ئەستەنبوڵ، بەشداری کرد لە دامەزراندنی یەکەم چوارچێوەی ژنان لەوێ، پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەی نیشتمانی ژنان “YKD”ی نووسیوە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی دیار، لەگەڵ گروپێکی نوخبەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد بەشداری لە دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا “MKM” کردووە، هەروەها بەشداری لە چالاکییەکانی گۆڤاری گەلی ئازاد و ڕۆژنامەی وڵاتی ئازاددا کردووە.

بەڵام سەختی سەرکوت لە تورکیادا، تەنیها پێنج مانگ چالاکی گشتیی ڕێگەی پێدا، لە ١ی ئایاری ١٩٩١ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکەوە بە فڕۆکەیەکی یۆنانی وڵاتەکەی بەجێهێشت، دوای مانەوەیەکی کورت لە ئەوروپا، ڕاستەوخۆ چووە دیمەشق بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کارەکەی بەبێ دوودڵی و دواکەوتن.

 

"گوێم لە لێدانی دڵم دەبێت"

ساکینە جانسز باسی گەشتەکەی بۆ دیمەشق دەکات و وتی: لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دەنیشین، گوێم لە لێدانی دڵم دەبێت، وەک ئەوە وایە لە هەر ساتێکدا خەریکە ڕێبەر ببینم، وروژاندنێکی سەیرە، دوایین جار کە بینیم لە کۆنی دامەزرێنەردا بوو، گەڕامەوە بۆ شوقەی "غونایدین" و دوای ڕۆژێک ڕۆشتم٫ ١٣ ساڵ تێپەڕیبوو٫ دوای ساڵانێک لە زیندان کفنەکانم دەدڕاند و پارچە پارچە کرد، خەریک بوو دەگەیشتم بە جوانترین بەش لە ژیانمدا، لەو ماوەیەدا زۆر شت گۆڕابوو و هەنگاو بە هەنگاو فێری ئەوە بووم، هەندێکجار کەوتمە کۆسپ، هەندێکجار لەگەڵ دژایەتییەکان دەجەنگام، بەڵام ڕێبەر زۆر نەگۆڕابوو، کاتێک پرسیاری لێکردم، ‘چۆن منت دۆزیەوە؟’ منیش وەڵامم دایەوە: ڕێبەرەکەم، تۆ هێشتا گەنجیت، بەهێز مایتەوە و ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەکات.

"تۆ شاخەکانت خۆشدەوێت... و لەگەڵیان دەبیت"

ساکینە جانسز شەش مانگ لە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز بەسەر برد و کاتی ئەوە هات کە بچێتە شاخ، ڕێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە وشەیەک کە تا ئێستاش لە یادەوەرییەکەیدا دەنگ دەداتەوە ماڵئاوایی لێکرد: "وەرە ساکینە... تۆ تۆ شاخەکانت خۆشدەوێت، لەگەڵیان دەبیت... چاوەڕێی هەواڵی سەرکەوتنەکانتم.

دوای ئەو ماڵئاواییە، بەردەوام بوو لەسەر ڕێگاکەی، تا ڕۆژی تیرۆرکردنی، چیرۆکێکی ئەفسانەیی بونیادناوە کە وەک ئاماژەیەک لە یادەوەری بزووتنەوەکەدا دەمێنێتەوە. ئەمڕۆش هەزاران ژنی کورد لە شوێنپێی ئەودا دەڕۆن و پەیامەکەی هەڵدەگرن و درێژە بە دۆزی ئەو دەدەن.

"گەشتی ڕۆناهی"

لەیلا شایلمز ناسراو بە "ڕۆناهی"، لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ لە ناوچەی یەنیشەهیر لە مێرسین لەدایک بووە، خێزاناەکەی ناوی لەیلایان بۆ ڕێزلێنان لە لەیلا قاسم، کەسایەتی دیاری خەباتی ژنانی کورد هەڵبژارد، ڕەگ و ڕیشەی ئەو خێزانە دەگەڕێتەوە بۆ لیجە لە ئامەد، بەڵام ستەم و گۆشەگیری ناچاری کردن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، مێرسین یەکەم شوێنی مەبەستیان بوو، هەر لەوێشدا گەورە بوو.

 

باوکی لەیلا شایلمز ناچار بوو کۆچ بکات بۆ ئەڵمانیا و لە ساڵی ١٩٩٤ لەیلا و پێنج خوشک و براکەی پەیوەندییان پێوە کرد، خێزانەکە لە شاری هالە لە ساکسنی-ئائەنهاڵت نیشتەجێ بوون و لەوێ لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا بەرگەی چەندین ساڵ لە سەختی و خەباتیان گرت.

 

لەیلا شایلمز لەم ژینگەیەدا گەورە بووە، دەورە دراوە بە کولتووری کوردی، کە لە ماڵەکەی و لە دڵیدا وەک ئامادەیی بەردەوام ماوەتەوە، بەشداری لە گروپە کولتووریە کوردییەکان کردووە، دوای تەواوکردنی نۆ ساڵ خوێندن و دەستپێکردنی خوێندنی زانکۆ، وردە وردە پەیوەندی بە بزووتنەوەی کوردییەوە کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە چالاکییەکانی لەنێو گەنجاندا کردووە و لە نێوان چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا گەشت دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠ پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە، بەڵام دوای دوو ساڵ بەهۆی هۆکاری تەندروستی، ناچار بووە بگەڕێتەوە ئەوروپا بۆ ئەوەی دەست بە کارە سیاسییەکانی بکاتەوە، لە ماوەی مانەوەی لە شاری هانۆڤفەر، شارێکە کە بوونی هەواڵگرییەکی زۆری تورکیای تێدابوو، بەردەوام لە ژێر چاودێری پۆلیسی ئەڵمانیادا بوو، ئەمەش وای لێکرد بۆ درێژەدان بە کارەکانی بچێتە پاریس.

 

گەورەترین ئاواتی لەیلا شایلمز بەشداریکردن بوو لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد، لەکاتێکدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە ڕێنماییکردن و ئیلهامبەخشین بە گەنجان دەگێڕا، لە پاریس کرایە ئامانج و لەوێ تیرۆرکرا و جێپەنجەیەکی نەسڕاوەی بەجێهێشت.

 

"ڕۆژبین... منداڵێک لە دڵی کۆمەڵکوژی مرش لەدایک بووە"

فیدان دۆغان ناسراو بە "ڕۆژبین"، لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٨٢ لە گوندی "مالی بۆتان" کە دەکەوێتە نێوان ئیلبستان و نورحق لە مەڕەش لەدایک بووە، ئەو دووەم منداڵ بوو لە چوار منداڵ.

 

دوابەدوای کۆمەڵکوژی مەڕەش و دواتر شەپۆلەکانی کۆچکردن، خێزانەکەی لە فەرەنسا نیشتەجێ بوون، دایک و باوکی سەرەتا وڵاتیان بەجێهێشتبوو، فیدان تا تەمەنی نۆ ساڵ لەگەڵ خاڵۆزا و باپیر و خزمەکانی دیکە لە گوندەکەدا مانەوە، پاشان لە گەشتی کۆچبەریدا پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کرد و هەر لە فەرەنسا بوو کە پەیوەندی بە پەکەکەوە کرد.

 

فیدان دۆغان وەک ژنێک ناسرابوو کە بە قووڵی هەستیار بوو بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن و خاوەنی هەستێکی بەهێزی دادپەروەری بوو، لە ڕێگەی چالاکییەکانی لە ئەوروپا، یارمەتی گەیاندنی دۆزی کورد و بە تایبەتی خەباتی ژنانی کورد، بۆ سەرنجی نێودەوڵەتی دا.

 

زمانی فەرەنسی بە باشی دەزانی و لە خزمەتگوزاری شارستانیدا کاری دەکرد، ساڵی ٢٠٠٢ بەرپرسیارێتی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە"ی لە پاریس لە ئەستۆ گرتووە و لە ساڵی ٢٠١١ بووەتە بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی کورد، دواتر لەوێ تیرۆر دەکرێت٫ نزیکەی دە ساڵ بە کاری دیپلۆماسی و بیرۆکراتی ناسرابوو، کەسایەتییەکی ئاشتیخواز بوو، لە ئەوروپا چالاک بوو، بەتایبەتی لە پاریس و ستراسبۆرگ کە شوێنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە و پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپیدا هەبوو.

 

فیدان دۆغان بە توانایەکی نایابی پەیوەندی کەسی و سەبر و ڕۆحی شەڕانگێزی و تێڕوانینی ئەرێنی ناسرابوو، کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر هەموو ئەو کەسانە بەجێدەهێشت کە دەیناسی، فاتمە دۆغان، دایکی پێناسەی کردووە و وتی: ڕۆژبین منداڵێکی ڕاستگۆیە، لە هەموو شتێکدا ڕاستگۆ بوو، ڕقی لە درۆکردن بوو، ئەگەر دەستی بە شتێک بکات، دەیوت 'من بە تەواونەکراوی نایهێڵمەوە'، من پێنج منداڵم هەیە: دوو کوڕ و سێ کچ، ڕۆژبینیش بچووکترینی منە، کاتێک باس لە دۆزی خۆی دەکرا، تەمەنی شانزە ساڵ بوو، کاتێک دەستی کرد بە چوون بۆ کۆمەڵە لەگەڵ هاوڕێکانیدا، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە، چۆن دەتوانم بەشداری سیاسەت بکەم؟ خەباتی بۆ بوونی گەلی کورد تا ڕۆژی تیرۆرکردنی، هەروەک دوو هەڤاڵەکەی دیکەی.

 

ساکینە جانسز بە بیستنی چیرۆکی ئەو دڕندەییانەی کە گەلەکەی لە کۆمەڵکوژی دەرسیم "١٩٣٧-١٩٣٨"دا بەرگەی گرتبوو، گەورە بوو و شەڕی دژی ڕەگەزپەرستی و لێبوردەیی ئایینی و سێکسیزمی دەستپێکرد٫ فیدان دۆغان لە کاتی کۆمەڵکوژی مەڕەش "١٩٧٨" تەمەنی تەنها چوار ساڵ بوو و ژیانی خۆی بۆ دیموکراتیک و ئازادی و دادپەروەری تەرخان کرد، لەیلا شایلمز بە هۆی پەرەسەندنی فشارەکانی سەر کوردەوە دوور لە زێدی خۆی لە ئامەد لەدایک بووە و ژیانی لەسەر ڕێگاکانی کۆچ بەسەر بردووە، بەڵام لە پێناو خاکەکەیدا خەباتی کردووە.

 

بەئامانجگرتنی ئەو سێ ژنە، تەواوی ژنانی کوردی کردە ئامانج، ئەمڕۆ ژنان داوای لێپرسینەوە لە تاوانبارانی ڕاستەقینە دەکەن، لە تورکیا و فەرەنسا بەتایبەتی ژنانی کورد ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەمساڵ جارێکی دیکە لە ٩ و ١٠ی کانوونی دووەمی ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای دادپەروەری بکەن.