نەسرین خۆشنەوازیان گواسترایەوە بۆ کامپی دیپۆرتکردنەوە لە تورکیا
نەسرین خۆشنەوازیان و بنەماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەر و بۆ کامپی دیپۆرتکردنەوەی موغلا گوازرانەوە.
ناوەندی هەواڵ
نەسرین خۆشنەوازیان و حوسێن حوسێنی هاوژینی، کە دوو چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هۆی چالاکییەکانیان لە بواری مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی ڤەژین و ئەنجومەنی سەوی چیا، چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دراون، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"یشدا، نەسرین خۆشنەوازیان چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، دواجار ناچار بوون ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبهێڵن و ڕوو لە تورکیا بکەن.
دەوڵەتی تورکیا هەمیشە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەنابەرانی پێشێل کردووە و چالاکوانانی سیاسی بەتایبەتی چالاکوانانی کوردی ڕادەستی ڕژێمی ئێران کردووە، بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، نەسرین خۆشنەوازیان و هاوژین و دوو منداڵەکەی، کە پەنابەری تورکیا ببوون، لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەستبەسەر کراون و بۆ کامپی دیپۆرتکردنەوەی موغلا گوازراونەتەوە، تا ئێستا زانیاری ورد لەسەر دۆخی ئەو خێزانە نییە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەست بە مافی مۆرڤیش هیچ هەڵوێستێکیان لە بارەی کارەکانی دەوڵەتی تورکیاوە نیشان نەداوە.