سێ دەستبەسەرکراو ژیانیان لە مەترسیدایە
مەترسییەکان لەسەر زیندانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زیادبووندان و چارەنووسی ژیانی سێ ژنی دەستبەسەرکراو لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە مەترسییدایە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ژنێکی کورد بەناوی حەدیس حەقیقی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ باوکی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.
هەروەها حەدیس حەقیقی لەگەڵ باوکی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی کردن بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە، هەوڵەکانی خێزانەکەشی بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر بارودۆخیان بێ ئەنجام بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، لاپەڕەی تایبەتیی حەدیس حەقیقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ئاستەنگ کراوە.
هاوکات، نزیکەی مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی هونەرمەندی شانۆ بەناوی سیما ئینبای فەریمانی، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی فەریمان تێدەپەڕێت، کە لە گرتووخانەی وەکیل ئاباد لە شاری مەشهەد بەبێ دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکان ڕاگیراوە. لەدوای دەستبەسەرکردنیەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە، هەروەها ڕێوشوێنی ئەمنیی توند لە شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەو زیندانییەدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش دۆخێکە نیگەرانییەکانی لەبارەی باری جەستەییی و دەروونیی زیندانییەکە دروست کردووە.
سیما ئینبای بە تۆمەتی "گردبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و سووکایەتیکردن بە سەرکردەی پێشوو و ئێستا" تۆمەتبار کراوە، بەڵام بە وتەی کەسانی نزیک لە خۆی، پرۆسەی دادوەریی دۆسیەکە پڕە لە ناڕوونیی جددیی و هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە بەڵگەکانی ئەم تۆمەتانە نەخراوەتە ڕوو.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرە چوونەتە ناو ماڵی سارا سپێهری، هاوڵاتیی بەهایی و دانیشتووی شاری شیراز و دەستبەسەریان کردووە، هەروەها هێزەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراودا گرتووە.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ژنان و هاوڵاتییان بەگشتیی لە کاتێکدایە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران باس لە خراپی بارودۆخی بەشێک لە دەستبەسەرکراوان و زیندانەکان دەکەن، چالاکوانانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لە سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی زیندانەکان، بەرکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەران و فشارە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردندا.