عێراق بۆ بەرزکردنەوەی دراوی ناوخۆیی مامەڵەی دۆلاری ئەمریکی قەدەغە دەکات

وەزارەتی ناوخۆی عێراق قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵەی کەسی و بازرگانی لە عێراقدا سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵەی کەسی و بازرگانی لە عێراقدا سەپاند.

 

بەگوێرەی زانیارییە ناوخۆییەکان، قەدەغەکردنەکە کە یەکشەممەی ڕابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی بەکارهێنانی دراوی ناوخۆیی کە دیناری عێراقییە و سنووردارکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکییە لە عێراق.

 

پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێوشوێنە جیاوازی نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دراو کە حکومەت پێشکەشی دەکات و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی ڕەشدا کەم بکاتەوە، ئەمەش جیاوازییەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دیناری عێراقی دراوی نیشتمانییە لە عێراق، پابەندبوون بە مامەڵەکردن لەگەڵ دراوی ناوخۆیی، سەروەری و ئابووری وڵات بەرز دەکاتەوە.

 

وەزارەتى ناوخۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، مامەڵەکردن بە دراوەکان جگە لە دینارى عێراقى بە یاسا سزا دەدرێن و پابەندە بە ڕاگرتنى ئەو کەسانەى هەوڵى دابەزینی بەهای دراوی عێراقى دەدەن.

 

بۆ سەپاندنی ئەم قەدەغەکردنە، بەڕێوەبەرایەتی دژە تاوانی ڕێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆ داوای لە بازرگانەکان کرد بەڵێننامە واژۆ بکەن، دووپاتیکردەوە کە ئەوان تەنها بە بەکارهێنانی دیناری عێراقی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن.

 

بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تاوانی ڕێکخراو، حسێن ئەلتەمیمی ڕایگەیاند، سەرپێچیکارانی بازرگانان بە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی غەرامە دەکرێن کە یەکسانە بە ٦٨٠ دۆلار.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو سەرپێچییە دووبارە بکرێتەوە، سزای توندتر، لەوانەش زیندانیکردن، جێبەجێ دەکرێت.