عێراق هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدات لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان

ماوەی ٢٠ ساڵە شارەکانی عێراق بەدەست کێشەی پاشەڕۆکانەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا عێراق تا ئێستا کارگەی تایبەتی بە ڕیسایکلکردنی پاشماوەکان نییە بۆ ئەوەی سوود لەم سامانە ئابوورییە وەربگرێت و بڕی پاشماوەی ساڵانە گەیشتووەتە ١١ ملیۆن تۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق هەوڵدەدات پڕۆسەی ڕیسایکلکردنی پاشەڕۆ و پاشماوەی ڕەق خێرابکات، کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکە کۆبوونەتەوە، زیاتر لە ماوەی ٢٠ ساڵە شارەکانی عێراق بەدەست کێشەی پاشەڕۆکانەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا عێراق تا ئێستا کارگەی تایبەتی بە ڕیسایکلکردنی پاشماوەکان نییە بۆ ئەوەی سوود لەم سامانە ئابوورییە وەربگرێت.

 

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بڕی پاشماوەی کۆکردنەوەی ساڵانە گەیشتووەتە ١١ ملیۆن تۆن، ئەمەش بووەتە هۆی پاڵنەرێک بۆ بەرپرسانی وەزارەتی ژینگە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕیسایکلکردنی پاشماوەکان بە زوورین کات، بەغدا ئەوی پارێزگایەی عێراقە کە زۆرترین ڕێژەی پاشماوەی ڕەق بەرهەم دەهێنێت، باشتربوونی بارودۆخی ژیان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەشداربووە لە زیادبوونی بەکاربردن.

 

بەرپرسێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، حکومەت هەوڵەکانی داوە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەک بۆ ڕیسایکڵکردنی پاشماوەی ڕەق بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ عێراق، هەروەها پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گەلی عێراق هەیە بۆ ئەوەی بەهەدەردان بە سامانێکی نیشتمانی هەژمار بکرێت و ڕێژەی بەفیڕۆدان و بەکاربردن کەمبکرێتەوە لەلایەن خەڵکی عێراقەوە، بە هەمان شێوە عێراق پێویستی بە یاسا و سیاسەت هەیە کە هانی وەبەرهێنان بدات.

 

بەکارنەهێنانی شێوازە زانستییە دروستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی پاشماوەی ڕەق، کێشەکەی لە شارەکان و بەتایبەت بەغدای پایتەخت گەورەتر کردووە.